کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەهۆڵلێدانی قەڵەمەکان، دانیشتنی مەسعود و نەوشێروان

Sunday, 05/06/2016, 5:38


میدیایی کوردیی و هەندێک لە نووسەران دەستیان کردووە بە پرۆپاگەندەکردن و زەمینە سازکردن لە نێو خەڵکدا بۆ دانیشتنی سەرانی حزبی گۆڕان لەگەڵ پارتی. لێکۆڵینەوە و باسەکانیان بەو ئاقارەدا دەبەن کە گوایە دانیشتنی ئەو سەرکردانە و رێککەوتن لە نێوان خۆیاندا گرنگە دەبێتە هۆی شکاندنی بەستەڵەکی سیاسیی هەرێم و بەرژەوەندیی میللەت و نەتەوەکەمان.
ئەو نووسەر و بە ناو رۆشەنبیرانە دەیانەوێت لە خەڵک وا بگەیەنن کە ئامۆژگاری و رێنمایی ئەوان لە لایەن سەرکردە میلیاردێرەکانی پارتە بەشداربووەکانی هەرێم بە هەند وەردەگیرێت!  بەم جۆرە دەربڕینە دەیانەوێت هەندێک ڕاستی هەیە پەردەپۆشی بکەن وەکو دانیشتنی سەرکردەکانی حزبی گٶڕان، یەکێتی، پارتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ کە لە ئایینەدەیەکی نزیکدا بەڕێوەیە بە سەرپەرشتی ئێران، ئەو دانیشتن و رێککەوتنانەش بەو جۆرە ئەنجام دەدرێت کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی دەبێت.




دوای رێککەوتنی نەوشێروان مستەفا ئەمین لەگەڵ باڵی هێرۆی نێو یەکێتی نیشتمانیی کوردسستان و  واژوو کردنی ئەو رێککەوتنە لە ماڵی هێرۆ،  پارتی ناڕەحەتی خۆی بە ئاشکرا لە میدیاکاندا بە رای گشتی و سەرانی هەر دوولادا راگەیاند.  دوای هێوربوونەوەی دۆخی پر هەستیاری نێوان سەرانی پارتی، یەکێتی و گٶڕان، خاوبونەوەی دەمارگیری پارتی و بانگێشتکردنی سەڕۆکی هەرێم لەلایەن رژێمی ئێران هەنوکە دۆخێکی بێ دەنگی دروست کردوە لە نێوان سەرکردەکانی پارتی، یەکێتی و گۆڕان و چاوەروانی ئەوەن, کە هەنگاوی دووەم بهاوێژن ئەویش دانیشتنی سەرانی گۆڕان، یەکێتی و سەڕۆکی بەناوهەرێمە.  هەنگاوی دوای ئەوەش ئەوەیە کە سەرانی پارتە ئیسلامییەکانی نێو حکومەتی بنکە فرەوان بانگێشت دەکرێن بۆ کۆبونەوەی هەمە لایەنە.  کە گومانی تێدا نییە دانیشتن و نزیکبوونەوەی هەموویان بەرێوەیە بەهۆی ئەوەی هیچ لایەکیان ناتوانن قسە و ئەوامری رژێمی ئیسلامیی ئێران ڕەتبکەنەوە.
ئێران مەبەستیەتی، کە ئەو هێزانەی سەر بە ئەون کۆکبن لە نێو خۆیاندا رێکبکەون، ئەمیش لەبەر چەند هۆیەک کە پەیوەندیدارە بە چەند ئامانجێکی دوور و نزیکی سیاسەتیی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێرانەوە، مەبەست و هۆکارەکانیش هەڵبەت بریتییە لە سەربازیی و ئابووریی ئێران، کە لە ئێستاوە دەسەڵاتدارانی ئێران پلانیان بۆ دادەرێژن و خستویانەتە نێو بەرنامەی کاری خۆیان.

یەکەم: ئامانجی سەربازیی:
ئامانجی سەربازیی. ئێران بە نیازە بنکە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکانی سلێمانی زیاتر پان و بەرین بکات، بنکەی موشەک لەو ناوچەیەدا جێگر بکات، لەم بارەیەوە رۆژنامەی (شرق الاوسط دەنوسێت). " بەگوێرەی زانیاریی ئێمە رژێمی ئێران بنەکەی موشەک لەو ناوچەییەدا جێگیر دەکات، بە حوکمی گرنگی شوێنی جوغرافی ئەو بنکەیە کۆنترٶلی زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەر دەکات.  کۆپتەری ئێرانیی بە بەردەوامیی لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە و شانبەشانی ئەوەش هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی و ئامرازی دەستپێکردن بە کارەکە لە ناوچەکەدا بینراوە". هەروها زیادکردنی دەسەڵاتی هەوڵگری ئێرانی لە نێو هەرێمدا و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو کەسایەتییانەی کە ئێران مەبەستیەیتی بە تایبەتی ئەندامانی سەر بە پەکەکە و پژاک.

دووەم :هێنانەوەی مەسعود بۆ باوەشی ئێران:
هەوڵدان بۆ دەرهێنانی سەڕۆکەکانی حکومەتی بنکە فرەوان لە باوەشی تورکیا.

سێیەم ئامانجی ئابووری:
ئامانجی ئابووریی: ئێران تاکو ئێستا بە دزی و بە ئاشکرا سوودمەند بووە لە نەوتی هەرێم بە رێگەی سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام هەنوکە ئێران  بەتەمایی گرێبەستی ئابوورییە بەفەرمیی لەگەڵ هەرێم بە تایبەتی گرێبەستی نەوت و گاز، کردنی هەرێم بە بازرێکی کارا بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی.  تێهرانتایمز دەنوسێت " لەگەل مەسعود بارزانی دوو وەفدی ئابووریی و سیاسیی بۆ تاران دەچن". 

چوارەم ئامانجی ستراتیژی:
پلان و ستراتیژیەت بۆ گەیشتن بە ئامانجی دوور:  سەپاندنی راستەوخۆی دەسەڵاتی ئێران بەسەر هەرێمی کوردستاندا وەک چۆن لە عیراقدا کردویەتی، بۆ گرتنی سەرەداوەکان لە کاتی نزیک بوونەوەی ئەگەری دابەشکردنی ناوچەکە و کێشانی سنووری جوغرافیایی نوێ لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دانیشتنی ئەو جارەی نەوشێروان مستەفا ئەمین رێکخەری گشتی حزبی گۆڕان لەگەڵ مەسعود بارزانی مایەی ئیحراجییە بۆ نەوشێروان لە نێو خەڵکدا بۆ ئەو مەبەستە پێش ئەو دانیشتنە دەبێت لە نێو میللەتدا زەمینە سازی بۆ بکرێت و خەڵک رابهێنن کە هەنگاوی دوووەم دانیشتنە لەگەڵ سەرانی پارتی کە کاتی ئەوەی هاتوە ئەو هەنگاوە بخرێتە بواری جێبەجێکردن.  بۆ ئەو مەبەستە هەندێک لە نووسەران دەستیانپێکردوە لە میدیاکاندا قسەی خۆش دەکەن، هەوڵدەدەن زەمینەسازی بکەن و مەشروعیەت بدەن بە دانیشتنی سەرانی ئەو پارتانە لە نێو میللەتدا وەک ئەوەی کۆکبوونی ئەو سەرکردانە لە نێوان خۆیاندا مێژوو بە ئەزمون سەلماندبێتی کە بە قازانجی میللەت، دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو بێت لە رابردوودا!؟.

شێرکۆ کرمانج لە شارپرێس لە رێککەوتی ٤/٦/٢٠١٦دا دەنووسێت "بەتایبەتی کەسایەتی مام جەلال سەرەڕای نەساغییەکانی، دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکیی لەو کارە ببینێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزی مام جەلال هەم لەلای نەوشیروان مستەفا هەم لەلای مەسعود بارزانی. بۆیە وا چاکە ئەم ئەرکە مێژووییە بە مام جەلال‌ و یەکێتیی بسپێردرێت. دیارە هەنگاوێکی لەم جۆرە پێویستی بە لەخۆبردویی‌و سینگفراوانی‌و پراگماتیکبوونی هەم مەسعود بارزانی هەم نەوشیروان مستەفا یە. دانیشتنەکەی لوتکە لە ماڵی مام جەلال نەبێت لە سلێمانی یان مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە هەولێر ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەمە."

جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی پێشووی یەکێتی نیشتمانی تەمەنی ٨٥ساڵە، نەساغە و پەکەوتەیە لە ماڵەوە، هەموو لایەک دەرک بەوە دەکات کە توانای دوان، بیرکردنەوە و دەرکردنی بڕیاری سیاسیی نەماوە، توانای هەڵگرتنی لێپرسراوەی مێژووی نەماوە. مرۆڤی پەکەوتە پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و چاودێری مرۆڤانە هەیە نەک بە دانانی لەسەر کالیسەکەیەک وەک بت و  بەکارهێنانی بۆ مەرامی سیایی، ئابووریی و هەر مەرامێکی تر. ئەو جۆرە پەیڕەوکردنە لە لایەن خێزانی تاڵەبانی، سەڕانی یەکێتی و گۆڕان ئاوێنەیەکە کە ناخی بۆگەنییویان پێشاندەدات، کە بە داخەوە خەریکە دەپەڕێتەوە بۆ نێو نووسەرانیش کە دەبن بە هاندەری ئەو جۆرە پەیرەوکردنە، پەروەردەیە و زۆرینەی سادەی میللەتەکەمانی پێ هەڵدەخەڵەتێنن.

رۆشەنبیران و سیاسەتمەدارنی کورد، سەرکردە و پارتەکانی تری هەر چوار پارچەی کوردستان وەک رۆژی ڕووناک دەزانن چی دەگوزەرێت و چی روودەدا، هەموو لایەک دەزانن کە سەرکردەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم میزراحی دەستی رژێمی ئیسلامیی ئێرانن، هەموو لایەک  پێشبینی دانیشتنی سەرکردەکانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوان دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا بە سەرپەرشتی ئێران. لە دەرئەنجامدا ئەو جۆرە دانیشتن و پێکهاتنە لەسەر دەستی هەر کەسێکیان بێت، لە ماڵ، بنکە و بارەگایی هەر لایەک بێت، لە شاری سلێمانی یان لە شاری هەولێر بێت هەمان عەقڵیەت رێککەوتنەکان و سیاسەتەکان بەرێوە دەبەن کە ئەنجامەکەی دیارە  ئەوەیش زیاتر دەوڵەمەند کردنی سەرکردەکانی باشوورە، نەهامەتی و ماڵوێرانی بۆ نیشتمان و میللەتەکەمانە.

بەهێزبوونی دەسەڵاتی ئێران، تورکیا لە نێو هەرێم، زیاترکردنی دەزگایی ئیتیلاعات و میتی تورکیی، جێگریکردنی بنکەی سەربازیی و موشەکی ئەو وڵاتانە لە کوردستاندا لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت لە بەرژەوەندیی ئاسآیشی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد نییە، خزمەت بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان ناکات، پێشبینی ماڵوێرانی بوون و مانەوە بە ژێردەستەیی لێدەکرێت و دەبێت بە کۆسپ لە بەردەم سەربەخۆیی بوونی کوردستان.  

سەرچاوە:

http://www.tehrantimes.com/news/403042/Barzani-to-visit-Iran-in-near-future

http://ekurd.net/iran-military-base-iraqi-kurdistan-2016-05-29

https://arabic.rt.com/news


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە