کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیسرائیل بۆ ئۆردوگان، بە ئێمە مەڵێ تیرۆریست، بڕۆ لە ئاوێنە سەیری خۆت بکە!

Friday, 31/07/2015, 0:33


ئەوان مرۆڤن، ئێمە چی؟
تورکیا یه‌کێکه ‌له‌و وڵاتانه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌موو کاتێک په‌یوه‌نییه‌کی دیبلۆماسیی پته‌وی هه‌بوه ‌له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا. یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌ له ‌مارسی ساڵی 1949دا، دانینا به‌بونی کیانی ئیسرائیلی و رێگه‌ی به‌سه‌فاره‌تی ئیسرائیلیش دا له ‌وڵاته‌که‌ی.
تورکیا، هه‌رهه‌وڵی داوه ‌سودمه‌ندبێت له‌و په‌یوه‌ندییه، بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای ناله‌باری، نائارامی و ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ردو وڵات هاوکاری سه‌ربازیی، دیبلۆماسیی، ئابوریی، داڕشتنی  پلان و په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژه‌کانیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌سه‌روی هه‌مو شتێکه‌وه ‌دیوە.
تورکیا، وا بۆ سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت خۆی خراپ نه‌کردوه ‌له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، له‌ ناکۆکییه‌کانی نێوان دونیای عه‌ره‌بی و ئیسرائیلدا، له ‌کاره‌ساته‌کانی لوبنانیش، هه‌رهاوڕێیه‌کی به‌وه‌فایی ئیسرائیل بوه. زۆرجاریش ده‌وری ناوبژیوانی بینیوه ‌له‌نێوان لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کان به‌تایبه‌تی له‌نێوان سوریا و ئیسرائیلدا.
ئیسرائیل، پشت و په‌نای تورکیا بووە، ‌سه‌رچاوه‌ییه‌کی سه‌ره‌کیی بووه‌ له‌ دابینکردنی پێویستیه ‌سه‌ربازیه‌کانی سوپای ئه‌و وڵاتەدا. کۆمپانیا ئیسرائیلییه‌کان لێپرسراوەتی به‌هێزکردنی هێزی ئاسمانی تورکیایان گرتبوه ‌ئه‌ستۆ، به‌تایبه‌تی چه‌کی تورکی، گه‌شه‌پێدانی هێزی زه‌مینی، تۆپ، ده‌بابه، موشه‌کی زه‌مین زه‌مینی و زه‌مین بۆ ئاسمان. هه‌روها کردنه‌وه‌ی خولی مه‌شقپێکردنیی سه‌ربازیی له‌ئیسرائیلدا بۆ که‌وادریی هه‌واڵگریی، سه‌ربازیی، فڕۆکه‌وانیی تورکیی به‌مه‌به‌ستی راهێنانیان، شاره‌زابونیان له‌ هونه‌ری سه‌ربازیی، گه‌شه‌کردنیان به ‌زانیاریی پێویست بۆ هه‌وڵدان بۆ به‌هێزکردنی دەزگایی هه‌واڵگریی تورکیی.
تورکیا، دیسان یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی موسڵمان بووە، له‌گه‌ڵ وڵاتی جودا رێکه‌وتنی بازرگانیی سه‌ربه‌خۆی ئیمزا کرد له‌ساڵی 2000دا. ئیسرائیل ساڵانه ‌1.5 ملیار دۆلاری سه‌رف ده‌کرد له ‌که‌لوپه‌ل و خزمه‌تگوزاریه‌کانی تورکیادا، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش رێکه‌وتنی راکێشانی بۆری نه‌وت و گاز له‌تورکیاوه ‌بۆ ئیسرائیل له‌نێوان هه‌ردو وڵات ئیمزا کرا که‌ به‌ملیاره‌ها دۆلاری تێچو.
جگه ‌له ‌په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسیی، ئابوریی و سه‌ربازیی، هه‌ردو وڵات هه‌وڵیان ده‌دا په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان میلله‌تی ئیسرائیل و تورکیش له‌یه‌کتر نزیک بکه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ بو له‌ساڵی 2003دا له‌ ئیسرائیل رێکخراویی ئه‌رخه‌داش دامه‌زرێنرا، که ‌ته‌نیا تورک و ئیسرائیلی ده‌یانتوانی ببن به‌ئه‌ندام لەو رێکخراوەدا. ناوه‌ندیی ئه‌رخه‌داش بۆ ئه‌وه ‌هه‌وڵی ده‌دا، که‌لتوریی تورکیی و ئیسرائیلی تێکه‌ڵ به‌یه‌ک بکرێت، له‌هه‌مان کاتدا پارێزگاری له‌شکۆمه‌ندیی و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ردو کلتوریش بکرێت.
به‌م جۆره ‌تورکیا له ‌ناوچه‌که‌ خۆی به‌هێز ده‌بینێت له‌ڕوی ئابوریی، سه‌ربازیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، بۆیه‌ پێیوایه‌ ته‌نیا وڵاتیکی موسڵمانه، که‌ سیسته‌میی دیموکراتیی تیادا په‌یڕه‌و ده‌کرێت، ‌له‌‌هه‌مانکاتدا وڵاتێکی پێشکه‌وتوی مۆدرێنه، شارستانیه‌ت له‌و وڵاتەدا ‌به‌شێوه‌یه‌ک پێشکه‌وتوه، ‌که هیچ یه‌ک له‌وڵاتانی ناوچه‌که ‌ناتوانن هاوشانی ببن. ئەمە هۆکارێکی گرنگە  کە هه‌ق به‌خۆی ده‌دا راو بۆ چونی خۆی ده‌رببڕێت، له‌سه‌ر روداوه ‌سیاسییه‌کانی ناوچه‌که، ده‌ستدرێژیی بکاته ‌سه‌ر که‌مه ‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی تری وه‌ک ده‌ستدرێژی کردنه‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یی کورد، به‌بێ گوێدانه‌ رای گشتی جیهانی و رێکخراوه‌ مرۆڤایه‌تیه‌کانی دونیا.
له‌ساڵی 2004دا، تورکیا کوشتنی شێخ ئه‌حمه‌د یاسین یه‌کێ له‌دامه‌زرێنه‌رانی رێکخراوی حه‌ماس ئیدانه ‌ده‌کات، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستای تورکیا، ئه‌و کاره ‌به‌کارێکی تیرۆرستی ناو ده‌بات! به‌ئیسرائیل ده‌ڵیت، ده‌وڵه‌تی تیرۆرست!
 له‌کۆبونه‌وه‌ی داڤۆس ساڵێ ٢٠٠٨دا، جه‌نه‌راڵ ئاڤێ ئه‌بره‌هام مزراحی، سه‌رۆکی قیاده‌یی مه‌رکه‌زیی ئیسرائیل، به‌ئه‌ردوگان ده‌ڵێت، بڕۆ له‌ئاوێنه ‌سه‌یری خۆت بکه، ‌ئینجا قسه ‌به ‌ئیسرائیل بڵێ، له‌کاتێکدا هه‌تا ئێستا خۆت به‌شێک له‌قوبرست ده‌ست به‌سه‌ردا گرتوه.
میزراحی له وتارێکیدا بۆ یه‌کێک له‌بنکه ‌سه‌ربازیه‌کان، له ‌ساڵی٢٠٠٩ دا گووتی" تورکیا هیچ هه‌قێکی نییه‌ ره‌خنه ‌له ‌ئیسرائیل بگرێت، چونکه‌ خۆی هێشتا له‌شکری سه‌ربازیی له ‌قوبرس هه‌ییه، تاوه‌کو ئێستا رێز له ‌که‌مه ‌نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان ناگرێت، نه‌‌ته‌وه‌ی کورد له ‌وڵاته‌که‌ی ده‌چه‌وسێنێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش تورکیا هێشتا وه‌ڵامی مێژوشی نه‌داوه‌ته‌وه ‌له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی که ‌دژ به ‌ئه‌رمینییه‌کان ئه‌نجامی داوه‌ له‌شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌مدا".
به‌م جۆره‌ ناته‌بایی و ناکۆکیی ئه‌و دوو وڵاته ‌ده‌گاته ‌راده‌ییه‌ک، له‌ساڵی 2010دا، 8 كه‌شتی له‌ده‌ریایی ناوه‌ڕاستدا، له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی بۆ که‌رتی غه‌ززه‌ له‌ توركیاوه، روبه‌ڕوبه‌ڕوی هێرشی ئیسرائیل ده‌بنه‌وه، ‌له‌ئه‌نجامدا ١٦ چالاكوانی‌ مرۆیی تورکیا ده‌کوژرێت و 50ی‌ دیكه‌ش بریندار ده‌بن.
بێگومان ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا به‌رامبه‌ر ئه‌و روداوه‌ هه‌ستیان به‌ئیهانه ‌کرد، ئیسرائیلیان به‌تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م دا! به‌ئاشکرا ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی له‌میدیا خۆماڵییه‌کان، جیهانییه‌کان، له‌تورکیا به‌سه‌دان خۆپیشاندان سازکرا دژ بە ئیسرائیل، داوایان کرد ئیسرائیل داوای لێبوردن بکات له‌میله‌تی تورک! ئیسرائیلیش له‌لای خۆیه‌وه‌ هیچ حیسابی بۆ ئه‌و داواییه‌ی ئه‌وان نه‌کرد.
تورکیا به‌بێ گوێدانه ‌ئه‌و هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوریی، سه‌ربازیانه‌یی که‌ له‌ساڵی 1949وه ‌له‌نێوان ئه‌و دو وڵاتەدا ‌هه‌بوه ‌و هه‌ییه، به‌بێ گوێدانه ‌ئه‌وه‌ی که ‌ئیسرائیل کیانێکی به‌هێزه ‌له‌ناوچه‌کەدا ‌له‌رووی سه‌ربازیی، ئابوریی، بوونی  پێگه‌ییه‌کی تایبه‌ت لە‌ لای ئه‌مه‌ریکا و ده‌ورێکی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ییه‌ له‌ئابووریی جیهانی. هه‌ڵوێستی خۆی نواند، باڵوێزیی ئیسرائیلی ده‌رکرد له‌ وڵاته‌که‌ی، بڕیاریدا هه‌مو په‌یوه‌ندییه ‌سه‌ربازییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا به ‌هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ییی بمێنێته‌وه‌.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ردوگان، دوو زامیی ئێجگار قوڵ له ‌هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی کورد دێنێته‌ ئازار، زامێکیان ئه‌وه‌یه ‌ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌کاتێکدایه‌ که ‌ده‌ست و په‌نجه‌یان هێشتا وشک نه‌بۆته‌وه ‌به‌خوێنی خه‌ڵکی سیڤیل له ‌هه‌رێمی کوردستاندا و خوێنی هه‌زاران لاوی بێتاوان که‌ته‌نیا داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن.
زامیی دووه‌میشیان لاوازی، هاوجوتی، هاوهه‌ڵوێستیی سه‌رۆکه‌کانی هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ تورکیادا بەرامبەر به‌و تاوانانه‌یی تورکیا ئه‌نجامی ده‌دات له‌سه‌ر سنوره‌کانی وڵات، وا دیاره ‌به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا،عێراق و هه‌رێم، میلله‌تی تورک به‌مرۆڤ داده‌نێن و میلله‌تی کوردیش بە مێش و مەگەز.
تێبینی: ئەم وتارە کاتی خۆی لە رێکەووتی ٧/٩/٢٠١١دا، لە ماڵپەری سبەی بڵاوکرایەوە، ‌هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتی تورکیا، هەلوێستی تورکیا بەرامبەر ئەو روداوە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر وڵات، پژاک و پەکەکە، هەنوکە هەموو روداوەکان وەک خۆیان ماون، هەڵویستەکانی منیش هەر وەک ئەوسان، ئەوەی گۆڕابایت تەنیا ئۆپزسیۆنی ئەوسا، ئیمرۆ بووە بە بەشێک لە دەستەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، خێزانی تاڵەبانی و عیراق. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە