Sunday, 10/05/2015, 19:58
بێژەرەکانی ئیستگەی یەکێتی نیشتمانی لە نێوان ساڵیی ١٩٨٢ هەتا کۆتایی قۆناغی شاخ:
یەکەم پەخشی ئیستگەی یەکێتی نیشتمانی لە ٢١/٣/١٩٧٩دا بوو لە گوندی نۆکان کە کەوتۆتە سەر سنوری عیراق و ئێران. لە زۆربەی دۆکیومێنتی یەکێتیدا وێنەی مەلابەختیار بڵاوکراوەتەوە بابەت دەخوێنێتەوە. لەوە زیاتر ئاماژە بە ناوی هیچ بێژەرێک نەدراوە. ئەوەی من زانیاریم هەییە لە ساڵی ١٩٨٢وە بەدرێژایی بوونی ئیستگە لە شاخدا دیومن، بریتیبوون لە کۆمەڵێک گەنجی لەخۆبوردو ئەرکی بێژەریی ئەو ئیستگەیان گرت بووە ئەستۆ. مەلا بەختیار تەنها یەکەم وتاری ئیستگەی پێشکەش کردوە لەوە زیاتر بەدرێژایی ژیانی وەکو پێشمەرگە هەتا ساڵی ١٩٨٦ بە هیچ شێوەییەک بوونی نەبووە لە ئیستگەو بەشی راگەیاندن. لەساڵی ١٩٨٦وە هەتا ڕاپەرین تەنیا زیندانییەک یان دەستبەسەرێک بووە لە لایەن سەرکرداییەتی یەکێتی نیشتمانی هەتا راکردنی بۆ ئێران لە ساڵی ١٩٨٨.
یەکەم بێژەر لە بەشی کوردیی ئیستگە لە نۆکان پێشمەرگەیەک بوو بە ناوی پشکۆ ناکام، خەڵکی شاری سلێمانی. لە ساڵی ١٩٨٠ش لە توژەڵە بێژەربوو. لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٢دا لە ئیستگە نەمابوو، بە گوتەی پێشمەرگەکان وتیان ساڵی پار بەرەو هەندەران رۆیشتووەو وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە.
لە ساڵی ١٩٨٠دا تەنیا دەنگی ئافرەت کە وەکو بێژەر بەشداری کردوە لە کاتی پێویست، خێزانی ژمارە یەکی سالار عەزیز بوو ناوی دڵگیر. لە ساڵی ١٩٨٢دا کەمن چووم بۆ ئیستگە ئەویش بەرەو هەندەران رۆیشتبوو.
لە ساڵی ١٩٨٢، دوو گروپی بێژەر لە ئیستگەدا هەبوون، گروپێکیان بێژەری زمانی عەربی، دووەمیان بێژەریی زمانی کوردیی زارەوەی سۆڕانیی و کرمانجیی.
لە نێو گروپی بێژەری کوردیی دوو کچی پێشمەرگە خەڵکی شاری سلێمانی هەبوون بە ناوی پەیمان و نەرمین. لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٢ دا کە جووین بۆ ئیستگە ئەو دوو کچە بەسەفەر لەگەڵ مەلا بەختیار و رووناکی خێزانی چوو بوون بۆ تاران. لە مانگی سێی ساڵی ١٩٨٢دا لەسەفەر گەرانەوە ئینجا بۆ یەکەم جار من ناسیمن. ئەو دوو کچە لە زۆربەی دۆکیومێنتی یەکێتی و ژنانی شاخدا ناویان نەهاتوە.
ئازاد رەفیق چالاک، ساڵی ١٩٨٦ بەرگەڵوو بێژەری زمانی عەرەبی ئیستگەی یەکێتی نیشتمانی بەدرێژایی بوونی ئیستگە لە شاخدا
لە سێبەری شاخدا و لە نێو کۆمەڵگایی بچوکی پێشمەرگەدا، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و هاورێییەتی، وەکو هەر کۆمەڵگاییەکی تر، پابەند بوو بە گونجانی سروشتیی مۆرڤەکان لەگەڵ یەکتری، خاڵە لەێکچووەکانی کەساییەتی تاکەکان، گونجان، جۆر و قورسایی بە پیرۆز راگرتنی پەیوەندیی هاورێییەتی. مەرج نەبوو هەرکەسێک پێشمەرگە بێت ئیتر بتوانرێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو بناغەیە دروست بکرێن. ژینگەی کەش و هەوایی سیاسیی دەوری دەدیت لە نزیک بوونەوەی تاکەکان لە یەکتر، بوونی کوتلەو جەمسەری جیاجیا لە نێو سەرکرداییەتی ئەو هێزە. کاردانەوەیی هەبوو لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو رێزی پێشمەرگەدا. من پەیوەندیی نزیک، دۆستاییەتی هاورێیەتیم لەگەڵ پەیمان و نەرمین بەهیچ شێوەیەک نەبووە، ئەویش دەگەڕاییەوە بۆ بوونی جیاوازی لە جۆری کەساییەتی، بیرو بۆچوون، هەڵسوکەوت و مامەڵە کردن لەگەڵ دەوروبەر. هیچ خاڵێکی هاوبەشم نەدەدیت بۆ بیناکردنی پەیوەندیی هاورێییەتی بۆ ئەوەی بیکەم بە بنەماییەک بۆ نزیک بوونەوە لێیان. پەیوەندییەکی ئاسایی دوورم لەگەڵیاندا هەبوو کە تەنیا دەچووە قاڵبی سەلامدان زۆربەی جارەکان زۆر لەوە دورتریش دەبوەوە.
پەیمان و نەرمین پەیوەندییان لەگەڵ رووناکی خێزانی ژمارە یەکی مەلا بەختیار، دلارەم یادی بەخێر خێزانی ژمارە یەکی ملازم عومەر، سوهەیلە خێزانی ژمارە یەکی دلاوەری ئەحمەد مەجید بەهێز بوو، من لەدرەوەی ئەو گروپە بووم، بەڵام من بۆ ویژدانی خۆم و مێژوو دەینووسمەوە کە ئەو دوو کچە پێشمەرگە بوونە، بەشدار بوونە لە خەباتی بزوتنەوەیی رزگاری میللەتەکەمان، رووبەروی ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی بوونەتەوە، رووبەرووی دابو نەریەتە کۆمەڵایەتییە دواکەوتوەکان بوونەتەوە، ئەو کات تەنیا دوو کچ بوون لە بارەگاکانی سەرکرداییەتی کاریان دەکرد لە ئیستگە. غەیری ئەو دوو کچە هیچ یەکێک لە خێزانی لێپرسراوەکان کاریان نەکردوە بەدرێژایی ژیانی شاخ.
لە دۆکیۆمێنتی شاخدا هاتوە کە هێرۆ خێزانی تاڵەبانی پێشمەرگەی راگەیاندن بووە، ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە. هێرۆ بە حوکمی ئەوەی خێزانی تاڵەبانی بوو ئیمکاناتی مادی ئەو شۆرشەی لەبەردەستدا بوو، ناوە ناوە بە رێگای ئێرانەوە سەفەری بریتانیایی دەکرد بۆ پشودان، لەوێوە کامێراییەکی ڤیدیۆی لەگەڵ خۆی هێنابوو چەند فلیمێکی ژیانی پێشمەرگەی تۆمارکردوە.
پەیمان و نەرمین چیرۆکی بوونیان بە پێشمەرگە چیرۆکێکی خەمناکە و جێگەی رێزلێنان بووە لام هەمیشە. پەیمان و نەرمین دەزگیرانیان پێشمەرگە دەبێت ، لە سالی ١٩٨٠دا هەر دوو پێشمەرگە دێنەوە بۆ نێو سلێمانی گەرەکی مەجید بەگ، لەلایان چەند سیخورێکی کوردەوە ئیخباری دەکرێن، هێزی تایبەتی بەعس دەچێتە سەریان و دەوری ئەو ماڵە دەگرێت کە ئەو دوو پێشمەرگەیەیی لێیە. لەو کاتەدا پەیمان و نەرمین لەو ماڵەدا دەبن بۆ سەردانی دەزگیرانەکانیان. هەردوو پێشمەرگە تا فیشەکیان پێ دەمێنێت بەرەنگاری دەکەن. لە ئەنجامدا هەردووکیان شەهید دەکرێن. ئەو دوو کچەش لەلایەن هێزی تایبەتی ئاسایشی بەعس دەگیرێن، دەبردرێن بۆ ئەمنی هەیئەی کەرکوک.
پەیمان و نەرمین لە زیندان دوچاری لێپرسینەوە، لێدان و ئەشکەنجە دەبن. دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد دەکرێن لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨١دا روو لە شاخ دەکەن بڕیار دەدەن ببن بە پێشمەرگە.
ئەم چیرۆکە تەنیا بەشە سیاسییەکەی لای من گرنگ نەبوو، بەڵکو زۆر جار بیرم لە بەشە مرۆڤایەتیەکەشی دەکردەوە ئازاری دەدام. بە راستگۆییەوە دەیڵێم سۆز و رێزم هەبوو بۆ ئەو بەشە هەر وەکو چۆن سۆزو رێزم هەبوو بۆ بەشە سیاسییەکەی. بوونی پەیوەندیی خۆشەویستیی لە نێوان دوو مرۆڤدا، پەیوەنیی گرێدراوەیی هەست و رۆحە، سەرهەڵدانیشی لە ناخی مرۆڤدا خۆرستەو ئیرادە بەسەریدا زاڵ نییە، زۆر جیاوازترە لە پەیوەندیی بەستراوە لەسەر ئەساسی خوێن/خزماییەتی و بەرژەوەندیی. خۆشەویستی نێوان دوو مرۆڤ پیرۆزییکەی کەمتر نییە لە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ نیشتمان و خاکەکەی. ئەو جۆرە خۆشەویستییە بێ سنور و بێ بەرابەرە لە دەروونی مرۆڤدا، دونیاییەکی تایبەتە، دەبێت بەسەرچاوەی وزە دان و کاردانەوەیی هەییە لەسەر ناخو دەروونیی مرۆڤەکاندا، تواناییەکی دەروونی دەبەخشێت کە دەبێتە یەکێک لە هۆکارە بەهێزەکان بۆ متمانە بەخود، گرنگی بوون و بەردەوام بوونی ژیان. خۆشەویستی نێوان دوو مرۆڤ ئەو وزەیەیە کە بە چاو نابینرێت بە مادەش ناکردرێت.، هەستێکە لە ناو مرۆڤدا بوونی هەییە. لەدەستددان یان مردنی خۆشەویستێک گومانی تێدا نییە کە ئێجگار کارەساتێکی گەورەیە، شۆرشێکە دونیایی دەروون سەراو ژوور دەکات، بەهەزاران پرسیار لە مێشکدا سەرییان قوت دەکەنەوە بەبێ بوونی وەڵامێک کە دڵنەوایی لای مرۆڤەکان دروست بکەن، هۆکار بن بۆ رێگری گرتن لە هەڵکەنددنی زامێکی دەروونیی ئێجگار قوڵ، هەستانەوە دوای کارەساتێکی لەو جۆرە بە تایبەتی بۆ ئەو مرۆڤانەی کە سۆز بەسەر دڵ و دەروونیانندا زاڵە ئاسان نییە.
زۆر جار پەنجە درێژ کراوە بۆ ئازاری دایک، خوشک، هاوسەرو منداڵە شهید بەڵام کەمتر هەییە پەنجە درێژ کرابێت بۆ خۆشەویست و دەزگیرانی شەهید. بە دڵنیایەوە سێبەری شاخ بۆی دەرخستم کە خۆشەویستی ودەزگیرانی شەهید ژمارەیان لە دایکە شەهید هەرگیز کەمتر نەبوو، ئازارەکانیشیان ئەگەر هاوشێوەیی ئازاریی دایکەکان نەبووبێت بەڵام هیج برێک لەو کەمتر نەبووەو جۆرێکی تر بووە لە زامو ئازار. ئەزمونی ژیانی پێشمەرگایەتیم ئەوەی بۆ سەلماندم و دیتم کە چەند کچی گەنج بەو دەردەوە دەتلانەوە بەبێ دەنگی، ئارەزوی دەستپێکرندوەی ژیانێکی تر پەیونەدییەکی تریان لا نەمابوو، بەڵام لەژێر فشاری کەس و کار ناچار دەکران بۆ ملکەچ کردن بۆ پەیوەندیی هاوسەرگەری گرتن لەگەڵ مرۆڤێکی نەناس کە تەنیا بە رێگای داخوازیکردن دەهاتە پێشێ، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا ئەو کچانە ئامادەبوونی هەست و جەستەییان لا دروست بۆتەوە یان نا بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییە لەگەڵ پیاوێکی تر، کە گومان لە وەدا نییە ئیدارەکردنی ئەو جۆرە پەیوەندیانەش بۆیان بە درێژایی ژیان لە ئازارێک بەو لاوە هیچی تری نەبەخشیوە بەڵام دابو نەرییەتی کوردەواری زۆر جار رێگرە لە خستنە رووی ئەو جۆرە راستییانە.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢دا ئەرسەلان بایز ئەو دوو کچەی لە ئیستگە نەقڵ کرد. لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٣دا لە نێوزەنگ بوون. لەکۆتایی هەمان ساڵدا هەر دووکیان لە گوندی سەرگەڵوو ژوورێکیان گر تبوو، دوای تێکچوونی مفاوەزات لە ساڵی ١٩٨٥ لەشاخ نەیانم بینیوە.
بێژەرە پێشمەرگە پیاوەکان، فەرهاد سەنگاوی، رزگار هەولێری، شەهاب خەڵکی سلێمانی بەشی زاراوەی سۆرانی. زێرەڤان خەڵکی دهۆک بێژەری زاراوەی کرمانجی بوو ناوی راستییشی بەشار بوو. لە ساڵی ١٩٨٣ خزمێکی زێرەڤان بوو بە پێشمەرگە بە ناوی خالید دۆسکی، ئیتر ئەویش بوو بە بێژەری زاراوەیی کرمانجی. لە ساڵی ١٩٨٣ فەرهاد مەلا رەسوڵ خەڵکی گوندی هەڵەدن، سەربەست قەڵادزەیی لە ناوچەی باوەزێ هاتن بۆ ئیستگە ئەوانیش بوون بە بێژەر، دوای ماوەییەک سەربەست قەڵادزەیی دەستی کرد بە وتار نووسینیش لە پاڵ کاری بێژەریی. سەربەست بەرنامەی خەباتی گەلانی پێشکەش دەکرد کە لە نووسینی
هەڤاڵ کوێستانی بوو، لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٣ و ١٩٨٤دا.
دوو بێژەری زمانی عەرەبی هەبوون یەکەم، ئازاد رەفیق چالاک، خەڵکی شاری سلیمانی. دووەم ئەبوشهاب عەرەب خەڵکی شاری موسڵ بوو.
ژیان و تێکەڵاو بوونم لەگەڵ پێشمەرگەیی ئیستگە، هەلی بۆ رەخساندم لە نزیکەوە شارەزایی لەسەر کەساییەتی پێشمەرگەکان پەییدا بکەم، خۆشبەخت بووم کە لەناو نوخبەی بەشدار بووی شۆرشی نوێدا لە نێو کۆمەڵگایی کوردیی باشور، هێشتا هەڵبژاردەی باشترم هەبێت بۆ هەڵهێنجانی ئەو کەسانەیی کە دەبوون بە هاورێ و بۆشای براو کەسو کاریان بۆم پڕ دەکردەوە، لە تەمەنیکدا بووم بێ ئەزمونی ژیان هێشتا لە زۆر شت پێویستیم بە ئامۆژگاری خەڵکی نزیکی دڵسۆز هەبوو لە نێو دونیایی پیاو، سیاسەت و سەرکردایەتی کە پڕ بوو لە بەرژەوەندیی و مل شکانددن. توانیم لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندیی هاورێیەتی زۆر نزیک دروست بکەم، ببن بە پشت و پەنا بۆ رۆژو کاتە سەختەکانم، جێگەی متمانەم بن بۆ راوێژکاریی پێکردنیان لە کاتی پێویست، سەرەڕای لێکترازان و دوورکەوتنەوە لەو کۆمەڵە پێشمەرگە هاورییەم، دوایش هەر وەکو براو هاورێی تەمن مانەوە، دوای قۆناغی شاخ لە ژیانم خەڵکی لەو جۆرەم نەدۆزیوە کە شوێنی ئەوانم بۆ پڕ بکەنەوە.
بێژەری زمانی عەرەبی پێشمەرگە، ئازاد رەفیق چالاک، ١٩٥٤ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. کورێک باڵایەکی مام ناوەندی، لوتێکی پان و خرکەلانەییەک بوو. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ ببوو بە پێشمەرگە، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوو. دوایی بوو بە یەکێک لە هاورێ نزیکەکانم کە هەردەم جێگەی شانازیمە. مرۆڤێکی لەسەر خۆ و دانا. حەزیی بە بەخێوکردنی باڵندەو پەلەوەر بوو، هەموو کاتێک کۆمەڵێک مریشک و کۆتری بەخێودەکرد. زۆر حەزی بە منداڵ بوو، هەموو جار دەیگوت ئەگەر سەرکەوتین، چووینەوە بۆ شار، ئەوە ژن دەهێنم و شەش منداڵ دروست دەکەم، لەدەرەوەی سلێمانی خانویەک دروست دەکەم لە نێو کێڵگەیەک پری دەکەم لە باڵندەو، پەلەوەرو ئاژەڵ.
کە سەرنجم دەدا هەموو جار لە دڵی خۆم دەمگوت هەر مرۆڤێک کە هەست و رێزی هەبوو بەرامبەر بە منداڵ و پەلەورو ئاژەڵ، ئەوە بێگومان هەست و رێزی بەرامبەر بە ئادەمیزاد دەبێت ئەندازەی ئێجگار مەزنتر بێت. ئەو جۆرە هیوایەتانە جۆری کەساییەتی و سۆزی تاک پێشان دەدات بەرامبەر بە دەورو بەر. ئازاد بەدرێژایی تەمەنی ئەو شۆرشە لە شاخدا پێشمەرگە بوو وە زۆر بەدڵسۆزیی و لەخۆبوردویی کاری دەکرد.
ئەبو شەهاب لە ساڵی ١٩٨٠ بوو بوو بە پێشمەرگە. کابرییەکی سپیکەلانەی باڵایەکی مام ناوەندی هەبوو، زۆر بێ دەنگ و هێمن بوو. لە نێو بارەگایی ئیستگە فێرە کوردییەکی ئێجگار باش ببوو، دوای وای لێهات بابەتی لە زمانی کوردی بۆ زمانی عەرەبی لە زمانی عەرەبی بۆ زمانی کوردی وەردەگێرا، زۆربەی کاتەکانی خەریکی خوێندنەوە بوو. لەدوای مفاوەزاتیی ساڵی ١٩٨٣ بەرەو سوریا رۆیشت. من لای خۆم ئەو هەڵوێستەی ئەبو شەهابم زۆر بەرز دەنرخاند کە وەکو عەرەبێک بڕیاری دابوو ببێت بە پێشمەرگە و بەشداری دەکرد لە بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەم.
لە سێبەری شاخدا لە نێو هێزی یەکێتی بەدەگمەن عەرەب هەبوو بووبێت بە پێشمەرگە. رۆژێکیان لە بەرگەڵوو لە ساڵی ١٩٨٤، پێشمەرگەییەکی تیپی بیستو یەک وەکو میوان رووی لە ماڵەکەم کرد. منیش زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنم کرد، بۆ یەکەم جارم بوو بیبینم ئیتر بۆ کردنەوەی گفت و گۆ لە گەڵیدا دەستم کرد بە پرسیار کردن، ناوت چییە؟ وتی چالاک. خەڵکی کوێی؟ گوندی کەڵور. کارت چی بوو پێش ئەوەی ببی بە پێشمەرگە؟ شوان. وتم بۆ بویت بە پێشمەرگە؟ وتی وەڵا بۆ ئەوەی عەرەب بکوژم. منیش زۆر بە وەڵامەکەی پێکەنیم وتم دەنا ئەوە عەرەبەک لە بارەگاییەکەی ئێمە پێشمەرگەییە، مەرج نییە ئەوەی عەرەب بێت خراپ بێت، هەر ئەوەندەم وت ئیتر ئەو پێشمەرگەیە بە حماسێکەوە دەنگی بەرزکردوەو وتی وەڵا هەمووی خراپن، تف لە عەگاڵ،تف لە حوشتر و خورما. ئێستا پێمی پیشان بدە، قورئان بە هەقت دەچم لە ناوەراستیی بارەگا قوربانی یەک فیشەکی دەکەم.
تێبینی یەکەم: نوسینەکانم بە تایبەتی بیرەوەریەکانم، بوونتە مایەیی سەغڵەتی بۆ هەندێک لە دەستەڵاتدارە پارەدارەکانی خاوەن کۆشک و تەلاری نێو حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم. لێرەوە ئەو مزگێنییەیان پێڕادەگەیەنم، کە من لە نوسینەکانم هەر بەردەوام دەبم و وازیش ناهێنم.
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست