Wednesday, 24/07/2013, 12:00
لەمێژوودا شاری هەولێر بە شارێکی بەکەرامەت ناسراوە، بەشداری بەرچاوی هەبوە لە شۆرشەکانی کورد دا و خاوەن هەزاران هەزار شەهیدە. شاری هەولیر تەنیا شارێکی کوردییە لە باشووری وڵاتدا کە بەزەبری هێزی سوپای عیراق تەسلیم بە پارتی کرا. هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە سوپای عیراق لە ٣١ ئاب دا هێنرایە سەر ئەو شارە، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو شار هەولێر هەر لە ژێر کۆنترۆلی پارتی و بنەماڵەی بارزانی مایەوە.
٣١ی ئاب، بۆ سەرکردەکانی یەکێتیی رووداوێکی کتوپر نەبوو بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر رووداوێکی چاوەروان نەکراو بوو. سەرکردایەتی یەکێتیی دەرکیی بەوە کردبوو کە پارتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پەنا بۆ هەمو شتێ دەبا، هەروها زانیبویان ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتیی گەیشتۆتە ئاستێک کە چاوەروانی ئەگەرێکی لەو جۆرە دەکرا. بۆ سەلماندنی ئەو راستییە ئەگەر بگەرێینەوە بۆ نوسراوەکانی شەڕی میدیای ئەو زەمانە لە نێوان هەر دو پارتدا، ئیسپاتی ئەوە دەکەن کە پەیوەنییەکانی نێوانیان لە چ ئاستێکدا بوو، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی ئەو ئەگەرەیان لە خەڵکی هەولێر شاردبوەوە وهیچ ئامادە باشیەکیان بۆ روودانی ئەو ئەگەرە نەکرد بوو. ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە خەڵکی هەولێرلە کتوپرێکدا رووبەروو بەرەنگاری سوپای عیراق و چەکدرەکانی پارتی بوونەوە. میللەت دەزانێ لەو بەرەنگاری بونەوەیەدا شەری رووبەروو لە ناو شەقامەکانی شاری هەولێر روویدا، کە لە ئەنجامی ئەوەشدا هەولێرییەکان باجی زۆر گەورەی ئەو شەڕەیان دا، بە هەزاران گەنجی بێ تاوان بوون بە سوتەمەنی و شەهید بوون. تا ئێستاش زۆر لە خێزانی هەولێری هەنە کوڕەکانیان لەو کاتەوە بێسەرو شوێنە.
لە دوای هێنانی سوپای عیراق لە ٣١ئاب دا، بە هیچ شێوەیەک یەکێتیی نیشتمانیی و هیچ لایەن و حزبێکی تری سیاسیی هەوڵی ئەوەیان نەدا ئەو شارە لە ژێر دەستەڵاتی پارتی دەربهێنن. هەر دوو پارت (پارتی و یەکێتیی) رێککەوتن لەسەر دابەشکردن و بە دوو ئیدارەیی کردنی باشووری وڵات. دواتر شاری هەولێر کرا بە کارتێکی چەورو بەکارهێنرا بۆ سازش کردن لەسەر پۆستە سیاسییەکانی هەرێم و ناوەند بە تایبەتی پۆزشنی سەڕۆک کۆماری عیراق و رێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان بەشێک لە سەرکردایەتی هەردوو پارت (پارتی و یەکێتیی).
نوکڵی لەو راستییە ناکرێ، کە پارتی دیموکراتی کوردستان خاون بنکەی جەماوەرییە لە هەموو شارەکانی کوردستان بە هەولێریشەوە ، بەڵام سەرەڕای بوونی تەزویر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، ئەزمونی هەلبژاردنەکانی رابردوو سەلماندویەتی ئەو بونە جەماوەرییە لە ناوچەی سۆران گەلێک لاوازە، ئەو بنکە جەماوەرییەی کە لە شارەکانی ناوچەی سۆران دوای هەلبژاردنەکان ئەنجامەکەی دەرکەوت ئەو رێژەیە راستی بونەکەیەتیی وە ئەو رێژەیە بە حەقیقەت خۆیان بە پارتی دەزانن. بێ گومان ئەو بونەش لە هەولێر بەهەمان رێژەیە. کە ئەمە دەیسەلمێنێ دەنگی نارەزایی زۆر هەیە لە هەولێر هەر وەکو شارەکانی تری باشووری کوردستان، پارتی ئەو راستییە دەزانێ، ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە تەرکیزی کردۆتە سەر کۆنترۆل کردنی شاری هەولێر زیاتر لە شارەکانی تری کە لە ژێر کۆنترۆلی ئەو دایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست