کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یادکردنەوەی جەوهەر نامیق! لە نێوان سیاسەت کردن و وەفا...

Thursday, 27/03/2014, 12:00




سەرکردەکانی میللەتی کورد لە باشوور، زۆر شارەزان لەوەی کە چۆن یاری بە هەست و سۆزی میللەت بکەن بۆ ئەو ئامانجە دیاریکراوەی کە دەیانەوێ. بەڵام لە هەمان کاتدا سەرکەوتوو بوونە لە موجەرد کردنی خۆیان لە شتێک کە ناوی سۆزو هەست و وەفایە.
بۆیەش دەتوانن بێ ئەوەی سۆز تێکەڵاوی هەستەکانیان بکەن، لە دەرکردنی بڕیار و جۆری مامەڵەکردنیان بەرامبەر بە رووداوە هەنوکەیەکان، رابردووەکان، میژوو، کەسایەتیەکان چ لەسەر ئاستی شەقام وە چ لەسەرئاستی سەرکردایەتی و ئاستی نێوان شەقام و سەرکردایەتی لەناو میللەت.
ئەوەی کە ناتوانن بیکەن، ئەوەیە کە بێ ئەوەی لە سنوور و چوارچێوەی راكێشراوی بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان دەربچن ئینجا بڕیار بدەن، وە ئەمەیان ناو لێناوە شەرەزای لە بواری سیاسەت کردن و دیبلۆماسیەت، ئینجا ئەمە بووە بە کەلچەری سیاسەت کردنی سەرکردەکان لە ناو میللەتی کورد لە باشووری ووڵات.
لە ناو ئەو جۆرە کەلچەرە، هەست، سۆز، وەفا، خۆشەویستی، جوانی، مۆراڵ، راستی، ئەخلاق، مەبادیو و ویژدان، هەر هەموویان بزرو نامۆن، بێگومان ئەمانە هەمووی شتی زۆر جوانن کە لەگەڵ مرۆڤ لە دایک دەبن، بەشێوەیەکی نسبی زۆر یان کەم لە ناخی هەموو مرۆڤێکدا بوونیان هەیە، بۆیەش دەبینین هیچ مرۆڤێک نیە بە درێژای تەمەنی بە هیچ شێوەیەک هیچ شتێ کاری تێنەکردبێ و نەگریابێ.
لەگەڵ ئەوەش ئەمانە هیچ مانایەک نابەخشن و نامۆ دەبن لە دونیایەک کە ناوی دونیای" بەرژەوەندیە"، ئەوەی دادەبڕێ لەو شتانە و دەکەوێتە ناو ئەو دونیایە، بە بڕوا پێبوونێکی زۆرەوە تەنیا پەیرەوی ئەو مەبادیئانە دەکا کە دارێژراوە بۆ ئەو دونایایە، کە ئەویش مل شکاندنی هەموو کەسێک هەموو شتیک بۆ گەیشتن بە لووتکەی " بەرژەوەندی" ئینجا مەرج نیە ئەو بەرژەوەندیە چیە!

ئاودانی شەری براکوژی و چاندنی تۆی دووبەرەکی، رژاندنی خوێنی خەڵکی بێ تاوان کە لەدەر ئەنجامدا بوو بەهۆی پەیدا بوونی دوژمنایەتی نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی، هەموو ئەمانە بەدەست وپیلانی کەسانێک بووە کە بەپەنجەی دەست هەژماردەکرێن لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوور وە لە خانەی دونیای بەرژەوەندی ئەکتەری باش بوونە. مێژووی بازاڤێ کوردی باشوور بە شێوەیەکی گشتی سەلماندوویەتی، کە ئەو کەسانە، سەرکردایەتی هەموو لایەنە سیاسیەکان بوونە بە درێژای مێژووی بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان کە رۆژانێ بوو ململانێکان پێویستی بەو جۆرە شەرە هەبوو "شەری براکوژی" بۆ مانەوەی خۆیان.
بۆ ئەو مەبەستە بە سەدان پەرتووک و نووسراو دۆکیومێنت و بەڵگەیان لە میدیاکانی خۆیان بڵاودەکردەوە، بۆ ئیسپات کردنی ناراستگۆیی و خەیانەتی یەکتری، ئەگەر رووداوەکان کۆن بوبن لە یادی خەڵک نەمابن، بەڵام نووسراوەکان هەمووی وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە ئاسمانی ئەرشیفی مێژووی ئەو میللەتە، ترووسکە ترووسکیانە.
ئیمڕۆ ململانیەکە گۆڕاوە، ململانێیەکە پێویستی بە ئالیاتی ترە بۆ ئەوەی لە مەیدانەکە یاریکەرێکی باش بن و لە زۆرانبازیەکە بیبەنەوە. یەکێ لەو ئالیاتە گرنگانە " دەنگ کۆکردنەوەیە" بە هەرچ شیوەیەک بێت، بۆیەش ئۆپۆزسیۆنیش بۆ بردنەوە لەو ململانێیە یاری دەکا.
بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر باش سەرنج بدەین لەو کەسانەی کە بوون بە واجیهەی ئۆپۆزسیۆن لە دەزگای فەرمی حیزبی و حکومی لە ئاستی سەرکردایەتی، بە شیوەیەکی گشتی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، کە بێژینگەکەی ئۆپۆزسیۆن لە بێژینگەکەی پارتی و یەکێتی زۆر باشتر نیە ، لە نێویانداهەیە کە خاوەن رابردوویەکی سیاسی گوماناوین، خاوەن ئیمکاناتێکی فکری نین، یان خاوەن کێشەی کۆمەڵایتی ئابرووبەرن، یان لە خیزانێکی سەرۆک جاش بوون. گومان لەوەدا نیە کە ئۆپۆزسیۆن بێ ئاگا نیە لە بوونی ئەو جۆرە دیاردەیە، بەڵام ئیمرۆ ململانێکە ئەوە دەخوازێ! " کۆکردنەوەی دەنگ".
خوا لیخۆشبوو جەوهەر نامیق، ساڵانیکی زۆر بەشداری شۆرشی ئەیلولی کردووە، وە ساڵانێکی زۆر یەکێک بووە لە بڕیاڕ بەدەستەکانی ئەو پارتە لە ئاستی سەرکردایەتی وئەندامی مەکتەبی سیاسی. دوا بەدوای ئەوەش بوونی بە سەرۆکی پەرلەمان لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەم هۆکارانە وای کردوە، کە ئەو کابرایە ناسراو بێت ، بەلای کەمی خاون مەجموعەیەک دەنگ بێت وەکو، دەنگی خێزان و خزم و کەسی خۆی و ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ کردوەو کاردانەوەی هەبووە لەسەر جۆری بیرکردنەوەیان و بەرژەوەندیان. ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردن بێت ئەوەیە کە مێژوویەکی زۆر دوور رەت نەبووە هەتا خاوەنی ئەو دەنگانە بەرەو نەمان چووبن بە دڵنیایەوە زۆربەی ئەو دەنگانە لە ژیان ماون.
بۆیەش، یادکردنەوەی بەرێز جەوهەر نامیق، لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارو هەندێ پارت لە ناو ئۆپۆزسیۆن لەیەک کاتدا بۆ دوو هۆی سەرەکی دەگەرێتەوە:
١- هەر دوو پارت لە خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، کە بریارە لە ئەیپرلی ئەو ساڵ ئەنجام بدرێ، وە هەردوو لایەن لەگەڵ یەکتری لە ململانێی کۆکردنەوی دەنگن، بۆ ئەو مەبەستەش هەر دوو لا دەیانەوێ، یاری بە سۆزی ئەو کەسانە بکەن و دەنگەکانیان بۆ لای خۆیان رابکێشن.
٢- پارتی دیموکراتی کوردستان، نایەوێ ئەندامێکی بەرزی خۆیان لە ئاست سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، کە مێژوویەکی درێژی تەمەنی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتکردنی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی، ئیمرۆ، پارتێکی ڕکابەری لە ناو ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی "گۆڕان"، بێت و بەهۆی نووسینی چەند ووتارێک لەلایەن خوالیخۆشبوو لە سایتەکەیان، مۆری خۆی لێبدا، بە ناراستەوخۆ بە میللەتی رابگەیەنێ، کە ئەوە دوای بوونی مێژویەکی دوورو درێژ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە قۆناغەکانی نزیک تەواو بوونی ژیانی، پەشیمان بوەوە و خۆی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دۆزیەوە.
بۆیە یادکردنەوەی جەوهەر نامیق چ لەلایەن ئۆپۆزسیۆن، وە چ لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێم، بەیەک شێوەو ئسلوب خۆی دەنوێنێ، چونکە بێگومان بۆ یەک مەرامە، کە ئەویش سیاسەت کردنە بەو کەیسە، نەک وەفایەک بۆ خوالیخۆش بوو.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە