کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ژنان و پارتە سیاسیەکانی باشوری وڵات!

Wednesday, 06/03/2013, 12:00







بەبۆنەی ٨ی مارس،

ئافرەتانی کورد لە باشوری وڵات، دەوری گرنگیان گێراوە لە زۆر بواردا، بە تایبەتی لە بەشداریکردن لە خەبات و شۆرشەکانی کورد، بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدرێ بە شێوەیەکی گشتی بەشداری کردنکەیان لە خەباتی ژێر زەمینیدا یان بەشداری کردن لە خەباتی چەکداریدا بە شێوەیەکی گشتی راستەوخۆ نەبوە، بەڵکو زیاتر لە رێگای، باوک، برا، هاوسەر، دەستگیران یان خۆشەویستەکەی بوە.
 ئەم جۆرە ئەزمونانە ئەو راستیە دەردەخەن کە ئافرەتی کورد لە باشور پاشکۆی پیاو بوە بۆیەش لە هەڵوێستورگرتندا لە سەر بابەتی فکری و کێشە گشتیەکانی ناو کۆمەڵگا سەربەستی فکری نەبوە ،ئەمەش بوە بە هۆکارێک کە بە شێوەیەکی گشتی نەیتوانیوە هەنگاوی سەربەخۆ بهاوێت لە بریاردانی دیدو بۆچۆنی تایبەتی خۆی و خاون بڕیاری فکری خۆی بێت، ئەگەر سەرەنجێ بدەینە مێژوی خەباتی میللەتی کورد لە باشوری وڵات، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو ئافرەتانەی توانیویانە رۆڵی گرنگیان هەبێ لە بواری جیاجیادا بە تایبەتیش لە بەشداری کردن لە شۆرشەکانی کوردو خەباتی چەکداری بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
ڵیپرسراویەتی راستەوخۆی ئەو دیاردەیه بەبێ شک بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئافرەتان خۆیان دایە، بەڵام ئەوە ئەو راستیە ناسڕێتەوە کە پارتە سیاسیەکانیش یارمەتیدەری کێشەی ژنان نەبونە، بڕوایان بە تواناو قودرەتی فکری و بەدەنی ئافرەتان نەبوە وە بەشداری ئافرەتانیان ئەوەندە لا مەبەست نەبوە و زۆر خۆیان بۆئەو مەسەلەیە ماندو نەکردەو نە له قۆناغی شاخو نە له قۆناغی دوای شاخیش. بێگومان ئەو پارتە سیاسیانە نەیاندەویست و هەوڵیاننەدادا ئەو تەوقە بشکێننو ئەو بۆشایە پربکەنەوە و بتوانن سود لەو هێزە گەورە مرۆیە وەربگرن کە بە لای کەمی نیوەی کۆمەڵگای کوردی پێکدەهێنێت، بۆیەش هەمو بوارەکانی سیاسەت کردن لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ کرابونو کراوە، ئەمە بو بە هۆی ئەوەی ژنان فرسەتی ئەویان بۆ هەڵنەکەوێ سۆزو خۆشەویستی بۆ نیشتمان و وڵات بخەنە بواری کار پێکردنو ببن بە خاوەن مێژویەکی پڕلە ئەزمونی خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسی وە بە شێوەیەکی سروشتی لەو بوارەدا گەشە بکەن. بێگومان ئەم دیاردەیەش ئەندامانی حزبەکان لە ئاستی خوارەوە لێی بەرپرسیارنین بەڵکو ئایدۆلۆژیای حزبەکانو سەرکردەکان لێبەرپرسیارن، چونکە ئەوان بڕیار بەدەستبونە لە ئاراستەکردنی نەهج و ئایدۆلۆژیای حیزبی وفکری و دارشتنی و بە هەند هەڵگرتنی تواناو قودرەتی ژنان لە بە شداری کردن لە شۆرشو پێشمەرگایەتی و سیاسەت.
لە دەرئنجامی ئەوەدا، ئافرت بە دورە پەرێزی ماوە و فرسەتی بەشداری کردنی بۆ نەرەخسا، ئەمە بو بە هۆی ئەوەی کە ژنانی باشوری وڵات لە ناو بزوتنەوەی رزگاری وجودیان نەبێو نەتوانن بە شێوەیەکی سروشتی کەوادیری عەسکەری و سیاسیان تیادا هەڵبکەوێ ئەمەش بێگومان بۆشایەک و درزێکی گەورەی دروستکرد کە بو بە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانو گرنگەکان کە وای کرد دوای گەرێنەوە لە شاخ بە تایبەتیش بە فشاری زلهێزەکان دوای روخانی سەدام ئەو پارتە سیاسیە کوردانە رێگا بدەن بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشایە و هێنانە پێشەوەی هەندێ لە ئافرەتانو بروز پێکردنیان، ئەمە فرسەتی هەڵخست بۆیان پۆستی باڵا وەربگرن، بێگومان ئەو جۆرە دانانە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەساسی کەفائەت نەبوە بەڵکو لەسەر ئەساسی کێ کچی، خوشکی، هاوسەری، هاورێی کێیە.سەرەرای ئەوەش هەستان بە ناساندنو گەشەپێدانی کەڵچەری پارەو پۆست لەناویانداو خوڵقاندنی روحیەتی فەرمانبەری نەک روحیەتی نیشتمانی و نەتەوەی. ئەم هۆیانە وای کرد ئافرەت بە گشتی هەتا دوای دەستکەوتنی ئەو پۆستە باڵایانە نەتوانن لە هاڤركێ لە گەل پیاوەکانادا سەر بکەون و ببن بە ىڕیاردەر، بۆیەش ئەگەر باش دیقەت بگرێن دەبینین بە بەراورد کردن لەگەڵ پیاوەکان بە شێوەیەکی گشتی دەورو ڕۆڵیان هەربە لاوەکی مایەوە.
بێگومان ئەمە ناتوانێ ئەو راستیە بشارێتەوە و ئینکاری ئەوە بکرێ کە پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هەڵنەستاون بە دامەزراندنی رێکخراوی ژنانو ئافرەتان، بەڵام ئەو رێکخراوانە زیاتر بون بە ئامرازێکی حیزبی و بەکارهێنران بۆ بەرژوەندیە حزبیەکان کە لە ئەنجامدا وای لێهات ئەو رێکخراوانە لە ئەرزی واقیع رۆڵو مەهامی سەرەکی خۆیان لە دەستداو بون بە پاشکۆی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و نەیانتوانی ببن بە میمبەرێک بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر گەندەڵیەکانو ئەو ناهەقیانەی کە بەرامبەرمافی ژنان ئەنجام دەدرێ. لەدەر ئەنجامی ئەوەش سەر کەوتو نەبون لەوەی ببن بە رابەری ژنانو تەمسیل لە کێشەکانیانو ئازاراکانیان بکەن.
لە کۆمەڵگای کوردی باشور کە تا ئێستاش بە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری پێناسە دەکرێ، ژن وەکو تاکێک. پێشیل کردنی مافی خۆی لە بکرە راستەوخۆیەکە دەبینێ کە ئەویش پیاوە، نەک لە سەقەتی سیستەمی بەرێوە بردنی حوکم لە وڵاتو نەبونی یاسایەک کە بتوانێ پارێزگاری لێبکاو ژینگەیەکی ئارامی بۆ دابین بکا و لێپرسراوەتی ئەوەی لە سەر شان بێت رێوشوێنی راست بگرێتە بەر بۆ گۆرینی دیدو بۆچونی کۆمەڵگای دواکەوتوی پیاو سالاری بە کۆمەڵگایەکی مۆدرنی پێشکەوتو کە ئافرەت وەکو پیاو بتوانێ لە سەر گەورەو بچوکی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسوی و ئابوری و روشەنبیری خۆی بریاربدا. ئەمە یەکێ لەو هۆکارانەیە کە وای کردوە ئافرەت لە باشوری وڵات بە شێوەیەکی گشتی خۆی بە خاوەنی کێشە سەرەکیەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی نازانێو لێی دورە پەرێزە.
بە شێوەیەکی گشتی ژن لە باشوری وڵات نسبەیەکی زۆری نەخوێندەوارە، لە هەمانکاتدا خاوەن سەربەخۆی ئابوری خۆی نیە، بۆ هەمو پێویستیەکی ژیانی رولە پیاو دەکا، ئەمە وای کردوە کە ئافرەت نەتوانێ لێپرسراوەتی ژیانو گوزەرانی خۆی و منداڵەکانی لە ئەستۆی خۆی بگرێ. ئەمە لە چەند رویەکەوە کارێگەری خراپی هەیە، یەکەم وای کردوە ئافرەت دابڕێ لە ژیانی بەرهەم هێنان. دوەم، هەمو نەبونیەکو کەمو کورتیەکی ئابوری خێزانەکە و خۆی بگەرێنتەوە ئەستۆی پیاو کە نان پەیداکەری ماڵەکەیە وە ئەوە نەبێنێ کە پیاوەکەش وەک خۆی گیرۆدەی دەستی سیستەمێکی سەقەتە. سێهەم ، نامۆ بوە لە پێویستیەکانی ژیانی ئیشکردنو یاسایەکانی کە چۆن راستوخۆ کارێگەری هەیە لە سەر ژیانی هەر تاکێکی ئیشکەر لە شوێنی کارکردن و مافی و لێپرسراوەتی هەروها هیچ بیرۆکەیەکی نابێ لەسەر نزیمترین موچە لە وڵات کە دەىێ لە چ ئاستێکدابێ بە بەراورد کردن لەگەڵ بەرزترین موچە. چوارەم ، نامۆ دەبێ لەوەی شارەزای پەیدا بکا لە سەر ئابوری وڵاتو سەروەتو سامانی چی لێدەکرێ وە چۆن بە هەدەر دەروا وە چی بکرێ باشە بۆ گٶرینی سیستەمی ئابوری خراپ بە سیستەمەکی باش کە هەمو تاکێک سودمەند بێت. لە هەمانکاتدا هەست بە زەرورەتو گرنگی بونو چالاکی سەندیکای پیشەی ناکا بۆیەش کاتێ کە خۆپیشاندانێک دەبێ لە سەر یاسای کارکردنو زیاد کردنی موچەو گرانی و قورسی ژیانو بیکاریو داواکردن لە دەسەڵاتداران رونکردنەوە بدەن لە سەر ئەوەی کە سەروەتو سامانی وڵات چی بە سەر دێ، بە شێوەیەکی گشتی ئافرەتان بە لێپرسراوەتی سەر شانی خۆیانی نازانن بەشداری ئەو جۆرە چالاکیانە بکەن چونکە لەو بڕوایەدان کە راستەو خۆ هیچ شتیک لە ژیانی رۆژانەی ئەوان ناگٶرێ.
بیگومان ئەو دیاردانە، ڵێپرسراوەتی راستەوخۆی دەکەوێتە سەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، یەکەم سەرەرای ئەوەی کە کوردستان خاوەن سەروتو سامانیکی زۆرە بە تایبەتی سامانە سروشتیەکانو دەرامەتی نەوت، لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکان نەیان توانیوە بیمەی بێکاری دابین بکەن بۆ میللەت کە لە سایەیدا ئافرەتەکانیش بتوانن سودمەندبن وە تا رادەیەک ببن بە خاوەن سەربەخۆی ئابوری خۆیان هەروها حکومەتی هەرێم سەرەرای دەوڵەمەندی لە روی وزەوە تاوەکو ئێستا کێشەی قەیرانی بێکاری چارە نەکردوە،کە بەبێ شک ئەمە کارێگەری لەسەر بارودۆخی ئابوری ژنانیش کردەوە. حکومەتی هەرێم هەڵنەستاوە بە کەمپەینی دژ بە نەخوێندەواری و هۆشیارکردنەوە و ناساندنی یاسایەکان بە کۆمەڵگای کوردی و بە تایبەتی ئافرەتان، کە ئەمەش راستەوخۆ وای کردەوە کە ژنانی کورد لە هەرێـم نامۆ بن لە گرنگی یاساو نەبونی شارەزایی لە سەر برگەکانیو بەتایبەتێش ئەو یاسایانەی کە راستەوخۆ کارێگەری لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوریو کارکردنی خۆی هەیە، لە ئەنجامدا ئەوە بوە بە هۆی ئەوەی ئافرەتەکانمان تاوەکو ئێستاش لە تاریکی بژینو وە ئەو قەوارە مرۆیە کە بە لای کەمی نیوەی کۆمەڵگا پێکدەهێنێت هەر بە ئیفلیجێ بمێنێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە