لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە قسەیەک بۆ کوردە یەزیدییەکان
Wednesday, 06/08/2014, 12:00
دونیای ئیمرۆ، پێش ئەوەی دونیای مۆدرن، دیموکراتیەت، داد، یاسا و گفتوگۆ بێت، دونیای هێز و سوپاو چەکە. گەورەترین زلهێزی دونیا، کە خۆی بە مامۆستای پیادەکردنی سیستەمی دیموکراتی و بە پراکتیز کردنی دەزانێ، خاوەن ژێر خانێکی ئابووری بەهێزە، ووڵاتەکەی پڕە لە کانیاوی سامانە سروشتیەکان، ئینجاش ئەو خاڵەی فەرامۆش نەکردوە کە سوپایەکەی چەکدار بکا بە باشترین و پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا، تەرخان کردنی پشکی شێر لە بودجەی گشتی ووڵات بۆ ئەو دەزگایە و رێکخستنی لە دامەزراوەیەکی سەربازی و سوپایی فەرمی، وەرگرتنی شەرعیەتی یاسای نیو دەوڵەتی بۆ پرچەکردنی و جوڵاندنی لەکاتی پێویست.
دارشتنی ئەو پرۆسەیە، لە قۆناغ و هەنگاوی یەکەمدا، لەسەر بیناغەی بیرو باوەری توندو تۆڵ بووە بە سەربەخۆی سیاسی و سنوور جوگرافیای نەخشە کێشراوی ئازاد، موتربە کردنی بە گەشە پێدانی روحی نیشتمانی و نەتەوەی و ئازادی و بڕاو بەخۆ بوون لەناو میللەتەکەو گەشە پیدان و چاندنی رۆحی بەرەنگاری بوونەوە پێش هەموو هەنگاوێکی تر.
دەسەڵاتی سیاسی بنکە فرەوانی هەرێم، زۆر خراپ نەتەوەی کورد حاڵی دەکا لە جۆری بەرێوە بردنی ووڵات و قۆناغەکانی پرۆسەی سەربەخۆی بوون و پێداگرتن لە سەر ئازادی ووڵات. هەموو سەرکردەی ئەو پارتانەی کە بەشدارن لە حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، نەجاریک و نە سەد جار لە ووتارەکانیان دووبارەیان کردۆتەوە کە زەمانی چەک نەماوە، دونیا دونیای مۆدرن و گفت و گۆێ سیاسیە!! ئیمە بەو رێگایە دەگەین بە ئامانجی خۆمان!!!
بە درێژای بیست و سی ساڵ، هەوڵیان داوە بیسەلمێنن کە جاشایەتی، پاشکۆی، نۆکەری کردن، پشت بەستن بە دوژمنانی میللەتی کوردو زلهێزەکانی دونیا، میللەتی کورد بەهێز دەکا و لە ئەنجامدا نەخشەی سەربەخۆی کوردستانمان بۆ دیاری دەکەن. بۆیەش ئەو جۆرە مامەڵە کردنە دەبێ بکرێ بە بنەمای مامەلەکردنی سیاسی، لەسەر ئاستی، نێو دەوڵەتی، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، عیراق و ئینجاش لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەو فۆرمەشیان ناو لێناوە دیبلۆماسیەتی سیاسی!! لە کاتێکدا ئەو فۆرمە لە خۆ دۆڕاندن بەو لاوە هیج مانایەکی کە نابەخشێ.
مێژووی مرۆڤایەتی و ئەزمونی خەباتی گەلان، تاوەکو ئیمڕۆ سەلماندویەتی، کە هێزی چەکداری فەرمی و نا فەرمی، رۆڵی گرنگی هەبووە، لە یەکلای کردنەوەی کێشمە کێشمەکان و ناتەبایەکان، بە تایبەتی لە پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی، دیاری کردنی سنوورەکان ، بڕیاڕی کۆتای سەر مێزی گفت وگۆ بۆ رێکەوتنەکانی نێوان بەرە ناکۆکەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانەش هەر لە ژیر زەبری چەکەوە بووە.
حکومەتی کوردی، بیست و سێ ساڵ لە حوکمڕانی لە باشووری ووڵات، تاوەکو ئێستا نەیان توانیوە هێزێکی فەرمی سوپا، دابمەزرێنن وە هەوڵبدەن لە نێو نەتەوەکانی دونیا، شەرعیەتی بۆ مسۆگەر بکەن، پڕ چەکی بکەن، بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکەن و لەکارنامەی حکومەت لە پلەی پێشەوە بێت.
نەیان توانی، پارێزگاری لە ووشەی پێشمەرگە بکەن، بۆ ئەوەی وەکو سومبلێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، نەک وەکو چەکدارێک و برسیەک، کە ئینتمای چینی بۆ هەژارترین، نەخویندەوارترین و لێقوماوترین چینی ناو کۆمەڵگا کوردی باشوور بگەڕێتەوە.
پێشمەرگە، دەبوایە لەسەر ئاستیکی بەرز پەروردە بکرێ، بە ناساندنی بە زانستی سەربازی و سوپا، بە گیانی نیشتمانی و نەتەوەی و بەرەنگاری بوونەوە، گەشە پێدانی بەهرەی سەربازی و تاکتیک وستراتیژیەتی شەڕ، گەشە پێدانی گیانی لیپرسراوەتی بەرامبەر ئەرکەکانی، بۆ پارێزگاری کردن لە شەرەف و ماڵ و گیانی هاووڵاتیانی سیڤل، رێزلێنانی و بەرزنرخاندنی ئەو دەورە گرنگەی کە هەیەتی، لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، ئەوانەیان هەموو فەرامۆش کرد و پشت گوێیان خست، بۆیە پێشمەرگە نەیتوانی، بە ئەرک و لێپرسراوەتی خۆی هەستێ، لە پاریزگاری کردن لە هاووڵاتانی یەزیدی لە ناحیەیەکی بچوکی وەکو ژەنگار.
لێپرسراوی هەموو پارتە سیاسیەکانی بنکە فرەوانی هەرێم، لە یادیان چووە ئەو کورسیەی کە خۆیان لەسەری دانیشتوون، لەسایەو سێبەری چەک بووە، کە لە ئەنجام و بەرهەمی ڕژانی خوێنی هەزاران هەزار رٶڵەی بێ تاوان بووە. ئەو دەستکەوتە مادیەی کە بۆخۆیان ئیمرۆ بەدەستیان هێناوەو بوون بە خاوەنی بیرە نەوت و قەسرو قسور، چیایەک، شاخێک، گردێک یان گردۆڵەیەکی ئەو ووڵاتە نەماوە دەستی بەسەردا نەگڕن، بیرە نەوتێک نەماوە بۆ خۆیانی هەڵنەهێنجن و سامانی ووڵات بۆ خۆیان پاوان نەکەن، هەموو ئەوانەیان لەسایەو سێبەری چەک کەوتۆتە دەست.
ووڵات بەریوە بردن، لە خۆ بایی بوون نیە بە دەست گرتن بەسەر چەند بیرە نەوتێک!! گرتنی لوتکەی شاخی سەری ڕەش و بەرزایەکانی قەڵاچۆڵان. فرۆشتنی نەوت بە دزی و بە ئاشکرا، ریکلام کردن بۆی، لە میدیا حزبی و ئەهلیەکان، دابەش کردنی دەرامەتەکەی لە نێوان پارتە سیاسیەکانی بەشدار بووی ئەو دەسەلاتە سیاسیە بنکە فرەوانەی هەرێم.
ووڵاتی چین، خاوەن ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بەرهەم هێنانە، خەریکە کۆنترۆڵی تەواوی بازارەکانی دونیا دەکا، بووە بە سەنتەری سەرەنجی سەرمایەدارەکانی دونیاو بزنس. لەگەل ئەوەش گرنگی پێدانی دەوڵەت بە سوپای ئەو ووڵاتە، پلەی یەکەمی هەیە لە کارنامەی حکومەت، وە سوپای ئەو ووڵاتە بەگەورەترین سوپا هەژماردەکرێ لەرووی ژمارەوە لەسەر ئاستی دونیا. ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی مرۆی سوپای ئەو ووڵاتە، دوو میلیۆن و دوو سەدو هەشتاو پێنج هەزارە. دوو ملیۆن و سێ سەد هەزاریشی یەدەکە، کە بە هەمووی دەکا ٤.٦ میلیۆن. خەرجی ئەو سوپایە هەتا ساڵی ٢٠١٤ سە دو بیستو شەش بیلیۆن دۆلار بووە.
ئەمریکا، بە ووڵاتێکی دیموکراتی پێشکەوتوو لە هەموو بوارێکدا هەژمار دەکرێ، وە بێ گومان خاوەن ژێر خانیکی ئابووری بێ هاوتایا لە دونیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، گرنگی دان بە سوپا لە کارنامەی ئەو زلهێزە پلەی یەکەمی هەیە، ژمارەی مرۆی ئەوانەی لە رێزی سوپای ئەو ووڵاتەن دەگاتە ١.٤٣ میلیۆن، ١.١ میلیۆنی یەدەک و پاسەوانی نەتەوەین. خەرجی ئەو دەزگایە هەتا ساڵی ٢.١٤ شەش سەدو دوازدە بیلیۆن دۆڵاربووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست