کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).
Monday, 29/04/2013, 12:00
لە سەرەتای رزگارکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکا، دروستکردنی پەیکەری سیاسیی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، تەقینەوە خۆکوژیەکان، شەروپێکدادان و ناتەبایی نیوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگایی عیراقیی رۆژ بە رۆژ لەزیاد بووندا بووە. ئەم گرفتە هەندێ جار کەم و زیادی کردوە، بە ڵام هیچ کاتێ چارەی بۆ نەدۆزراوەتەوە، نەتوانراوە کۆنترۆل بکرێ کە بۆتە هۆکاری ئەوەی ئیمڕۆ ناتەبایی و ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی گەلانی عیراق گەیشتۆتە ئاستی روو بە روو بوونەوەی چەکداری دژ بە سوپای فەرمیی عیراقیی. دەبیندرێت کە کوردستان کراوە بە مەیدانی شەر و پێکدانی راستەوخۆ.
ئەگەر ئاورێ لە میدیایی کوردیی بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەریکەیان بە جۆرێک لێدوان دەدەن، روونکردنەوەی زۆر دوورلە یەکیان هەیە بۆ ئەو بارودۆخە هەنوکەیە، وەک ئەوەی هەر یەکە لە دونیای خۆی بێت و ئاگاداری ئەوی تر نەبێ.
ئهمینداری گشتی وهزارهتی پێشمهرگهی ههرێم لە ٢٧ ئەو مانگە دا دەربارەی دۆخەکە روونکردوە دەدا سایتی سبەی دەنوسێت "کە جوڵهی پێشمهرگه لهو ناوچانهی سوپای عێراقی لێكشاوهتهوه، تهنیا بۆئهوهیه ئهو شوێنه بۆشانه پڕبكاتهوه بهتایبهت چواردهوری شاری كهركوك به مهبهستی رێگهگرتن له دزهكردنی چهكدارهكانی گروپه تیروریستهكان بۆ ئهو ناوچانه "
سایتی هاووڵاتی دە نوسێت بەرپرسێکی پارتی لە ٢٨ ئەو مانگەدا گوتی" لهكاتی هاتنی شاندی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ كوردستان، بارزانی زۆر بەڕاشكاوی پێی وتن یان پابەندبوون بە هاوبەشی وسەیركردنی كورد وەكو نەتەوەیی دووەم هاوبەشی بڕیار بێت و عێراق بەرەو ئاراستەیەكی تەندروست ببردرێت، یان لێكجیابوونەوە بەخۆشی، و ئەگەر ئەو دوو هەڵبژاردەیە قبووڵ نەكرێت هەڵبژاردەی سێیەم كە هیچ لایەك پێی خۆش نییە دێتە ئاراوە كە شەڕە لەپێناو پاراستنی نەتەوەكەماندا".
بەگوێرەی لێدوانی یەکەم بێت کوردستان شامی شەریفە. بە گوێرەی لێدوانی دوەمیش بێت ئەوا شەڕ لەبەر دەرگا نزیک بۆتەوە کە بۆتە هۆکاری بڕیاردان لە جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە و لە ئامادەباشی بووندایە. بە هەر حاڵ گریمان لێدوانی دووەم نزیکە لە راستییەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چ ئامادەباشیێ کراوە بۆ ئەو مەبەستە بۆ پارێزگاری کردن لە ژیانی خەڵکی سیڤیلی سنووری پارێزگای ئەوشارە؟ ئایا مەترسی روودانی ئەو ئەگەرە بۆگەلانی ناوچە داگیرکراوەکان رونکراوتەوە؟ ئایا ئامادە کڕاون بۆروبەروبونەوەی ئەزمونێکی لەم جۆرە کە ئەگەری روودانی هەیە؟ ئایا کەمپی پەنابەران ئامادە کراوە لە شارەکانی تری کوردستان ئەگەر هاتو توشی ئاوارەی بوون بۆ ئەوەی نەکەونە سەر شەقامەکان؟ یان دیسان خەڵک چەواشەکراوە، بەهار هێنراوتە چۆکان! بە خەڵک دەڵین مەترسێن لە شوێنی خۆتان مەجوڵێن هیچ نییە، ئێمە توانای پاراستنی گیان و ماڵی ئێوەمان هەیە، مەحاڵە ئیتر سوپای عیراق بتوانێ کۆنترۆلی ئەو ناوچانە بکا!
میللەتی کورد لە باشوری وڵاتدا زۆرجار بەو جۆرە بارودۆخە ڕەتبووە، ئەزمون سەلماندویەتی کە سەرکردەکانی ئەو میللەتە زۆر ئازاو گورجوگٶڵن لە کاتی تەنگانە میللەت بەجێبهێلن، سنوورببەزێنن، روو لە وڵاتانی دراوسێ بکەن بە تایبەتی بەرەو ئێران، سوریا ئینجا ئەوروپا. پێشوەختیش ئامادەباشی بکەن بۆدەربازکردنی خێزانییان.
بۆ سەلماندنی ئەوراستییە گەلێ بەڵگەی مێژووی بەدەستەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش با بۆ مێژویەکی زۆر دور نەگەرێینەوە و لە ساڵی ١٩٦٦ وە دەست پێبکەین کە کاتێک ناکۆکییەکانی نێوان مەکتەبیی سیاسیی ئەو کاتەی پارتیی دیموکراتیی کوردستان گەیشتە لوتکە. تاڵەبانی خۆی تەسلیمی رژێمی عیراق کرد و بوو بە جاش. لە ساڵی ١٩٧٠تاڵەبانی، ماڵ و منداڵی لە بەغداوە بەرەو دەرەوەی عیراق کەوتنە رێ. بەم جۆرە فیتنەی دووبەرەکیی و ماڵوێرانیەکە بۆ ئەو کەسانە بەجێهێشت کە لە قاعیدەی ئەو لایەنە کاریان دەکرد، کە لە ئەنجامی ئەوش توشی کۆسپ و تەگەرەی زۆرهاتن لە ژیاندا.
لە ساڵی ١٩٧٤ دا ئەو کاتەی کە ئاشبەتاڵ کرا، هەموو ئەو خەڵکەی بەشدار بوون لە شۆرشی ئەیلولدا بە ناچاری گەڕانەوە ژێر ڕەحمەتی حزبی بەعس. لە ئەنجامدا زۆرێکیان دورخرانەوە بۆ باشوری عیراق و توشی نەهامەتی زۆر هاتن. بەشێکیان بە بیانوی جیاجیا زیندانی کران، هێندێک لە سێدارە دران، هێندێکی تریش ئیختیالکران، زۆربەشیان دەستبەسەر بون، بەڵام سەرکردایەتی و خێزانیان روویان لە ئێران کرد، دوا بە دوای ئەوش بەرەو ئەمریکا کەوتنە رێگا.
لە ساڵی ١٩٨٨دا دوای راوەستانی شەری عیراق و ئێران، سوپای عیراق دەستی بە کیمیاباران و ئۆپەراسیۆنی ئەنفالکرد، بە ماوەیەکی زۆر کەم توانی دەست بەسەر هەموو کوردستاندا بگرێ. بەو جۆرە ناوچەی ئازادی کراو لە ژێردەستی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نەما. ئا لەو کاتە ساڵێک بوو تاڵەبانی بە خۆی و خێزانی لە رێگەی ئێران سوریا روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردبوو، بەهۆی ئەوەی کە ئەوان پێشوەخت زانیارییان هەبوو کە وەزعەکە مەترسیدارە یە زۆر بە خشپەی بۆی دەرچوو بوون. باقی سەرکردایەتیەکەی مابوەوە لە گەڕەکی بلوار لە شاری سەقز نیشتەجێببوون. هەمویان بە لانکرۆزەری ئیتیلاعات فرکان فرکانیان بوو، هەر هەمویان ماڵومنداڵیان لە رێگای ئێران سوریا رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا کرد، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کە پێشمەرگەکانی یەکێتی توشی پەروازەیی ببوون، هەندێکیان دابڕابون توشی شەڕی دەستە و یەخە بوون دژ بە سوپای عیراقیی، لە ئەنجامدا زۆرێکیان لێ شەهید بوون. هەندێکی تریان لە نزیک شارەکان لە ئەشکەوتەکان مابونەوە لە کۆتیدا بە ناچاری روویان لە شارەکان کرد .لە نێویاندا هەبوو کە ناچار بوون خۆیان تەسلیم بە رژێمی سەدام کرد. هەندێکی تریان لە شارەکان بەدزیوە خۆیان حەشاردابوو ژیانی خۆیان و کەسوکاریشیان خستبووە مەترسیوە. ئەو پێشمەرگانەی کە روویان لە عیراق کردەوە هەندێکیان بە خۆیان وماڵو منداڵیان ئەنفالکران، هەندێکی تریان لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا ئاخنرابون چاوەرێی دادوەری سەر بە سەدام بوون بۆ دادگایکردنیان. کەچی ئەو کات زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەوروپا، ئێران و سوریا دەخولانەوە!
ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١هەرئەوەندە سەرکردایەتی پارتە سیاسییەکان روویان لە شارەکان کرد ،دەستییان کرد بە ووتار خوێندنەوە و خۆهەڵکێشان، دوای چەند رۆژێک سوپایی عیراقیی دەستی بەسەر شارەکاندا گرت، ئەوکاتەش ئەوەی شەڕی دەستەو یەخەی کرد کوڕانی ئەو میللەتە بوون. میللەتەکەش بە کۆڕەو روویان لە شاخ و کێوان کرد، هەێندێکیان ئاوارە بوون کەوتنە کەمپی پەنابەرانی وڵاتانی دراوسێ وەکو تورکیاو ئێرن، هاوکات سەرکردەکان لەسەر سنوورەکان چاوەرێ بوون لە دورەوە جاودێری وەزعەکەیان دەکرد، بۆ ئەوەی بزانن بارودۆخەکە بە کام لادا دەشکێ بۆ ئەوەی بڕیاری چارەنوسی خۆیان بدەن بە گەرانەوە بۆ ئیران، سوریا، ئەوروپا و ئەمریکا یان گرتنی لاقی کورسییەکانی دەستەڵات کەی میللەت بۆیانی رەخساند!
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ کە پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانی خۆیان و شەڕی براکوژیان لە شاخەوە گواستەوە ناوشارەکان و لە ساڵی ١٩٩٦ دا ناکۆکییەکانیان گەیشتە لوتکە، لە ٣١ئاب سوپای سەدام رووی لە هەولێر کرد، شەری ناوشار دەستی پێکرد، باغچەی گڵکەندی هەولێر بە سەدان تەرمی گەنجانی هەولێری تیا هەڵدرابوەوە. بە هەزاران هەزار کەس لایەنگری هەردولایان ئاوارە بوون، کەچی سەرکردایەتیەکەیان ڤیلاکانیان لە هەولێرەوە گواستەوە سلێمانی، لە مەسیفەوە بۆ ناو هەولێر، خێزانی تاڵەبانی و دکتۆر فوئاد مەعسوم زۆر بە رێزەوە پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە لانکرۆزەرەکی کەشخە لە هەولێرەوە رەوانەی شاری سلێمانیاین کردن.
ئەو ئەزمونە پێماندەڵێت کە بە دڵنیایەوە تاوەکو ئێستاش هیچ مشورێکیان نەخواردوە بۆ چارەنوسی میللەتانی ناوچە داگیرکراوەکان ئەگەر شەڕ داگیرسا لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقدا، یان ئەو شەڕە ئەگەر تەشەنەی کرد بۆشەڕی کۆڵان بەکۆڵان و شەڕی مەدەنی، ئەو سەرکردایەتییە هەمان سەرکردایەتیی جارانە. هەمان کەسایەتی وعەقڵیەتە، چاوەری دەکرێ ئەو ئەزمونەی کە میللەت لەگەڵێاندا هەیەتی بە درێژای مێژوو، دووبارە ببێتەوە و لە کاتی تەنگانەدا ئەو سەرکردانە خۆیان دەرباز بکەن و میللەت دیسان بەجێبهێڵن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست