کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


کێ خۆی کاندید دەکا بۆ سەڕۆکایەتی هەرێم؟

Friday, 26/04/2013, 12:00







بە نزیکبونەوەی کاتی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم لە ناو میللەت و میدیا کوردیەکان هەتا دەگا بە ناو جەماوەری ئۆپۆزسیۆن مقۆمقۆی ئەوە پەیدابوە کە ئۆپۆزسیۆن کاندیدی خۆی دەبێ بۆ پۆستی سەڕۆکی هەرێم. رەنگە ئەو کاندیدە لە دەرەوەی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بێت یان یەکێ لە لێپرسراوەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن بێت.

لە هەرێمدا هیچ دەزگایەکی زانیاری و پسپۆری بێلایەن نیە بتوانێ ستاتیستێکی زانیاریانە ببەخشێ کە جێگای متمانەو یارمەتیدەر بێت بۆدانی ژمارەی تەواوی دەنگەکانی گەلانی هەرێم و شێکردنەوەیان بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێک کە بتوانرێ رێژەی لایەنگرانی هەر حزبێک یان هەرتاکێکی کاندید کراو لەناو جەماوەربدا بە دەستەوە کە بکرێ بە بنەمایێ بۆ ئەوەی ئەنجامی پێشوەخت پێشبین بکرێ بۆ بردنەوەی کام کاندید یان کام حیزب لە هەڵبژاردندا.تەنیا رێگایەک یان ئالیەتێک بە دەستوە دەمێنێ چاودێری کردنو شێکردنەوەی روداوە سیاسیەکانی ناوەخۆ وناوچەکیە بۆ دانی چاورۆشنایەک بۆپێشبینی پێشوەخت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. وە ئەو جۆرە ئالیاتە تەنیا ئەگەرێکی لاوازدەدا بە دەستەوە نەوەکە شێکردنەوەیەکی زانستیانە لە سەر بنەمایەکی راست.
بونی هێزی سیاسی جیاجیا لە هەرێم و هاڤرکێیان لەسەرگەیشتن بە دەسەڵات و کارکردنیان بە ئاراستەی جیا لە ناوجەماوەربۆ ئەو مەبەستە بوە بە هۆی دابەشکردنی دەنگدەرانی هەرێمیش بە سەر ئەو لایەنو حیزبانە ،لەگەڵ ئەوەش بەشێکی بیلایەنیش بەدی دەکرێ لە ناو میللەتانی هەرێم. بێگومان رێژەی لایەنگری هەرحزبێک و لایەنێکی سیاسی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تردەگورێ وە هەروها رێژەی بێلایەنیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێ.
 بۆیەش هەر کاندیدێکی چ لە دەرەوەی هێزی ئۆپزسیۆن بێت وە چ لە ناوەوەی ئۆپزسیۆن بێت بۆ هاڤرکێ بۆ گەیشتن بە پۆستی سەڕۆکایەتی هەرێم ، دەبێ پێشوەخت هەوڵی دابێ و گەتیشتبێ بە تەوافقێکی زمنی لەگەڵ هێزی ئۆپۆزسێۆن و لە هەمانکاتدا توانیبیەتی قەوارەیەکی جەماوەری زامن بکا له ناو هێزی دەنگدەری بێلایەن، بۆ ئەو مەبەستەش وە بۆ کاندیدەکانیش ئەگەر لە دەرەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆن بێت یان لە ناوەخۆی هێزی ئۆپزسیۆن بیت تەنیا ئالیاتێک کە بتوانێ بەکاری بهێنی بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆن پشتیوانی لێدەکەن ئەوەیە کە بەڵێنی دەماودەم وەربگرێ لە هێزی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام پرسیار لێرە ئەوەیە کە ئایا ئەوبەڵێنە دەماودەمیانە جێگەی متمانەو دڵنەواینو تا سەرن؟
بە درێژای مێژوی تەمەنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بە هێزترین ئالیاتی کە بەکاردێ لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان "تەزویرە" ، وە ئەزمونی هەڵبژاردن لە هەرێم ئەو راستیەی ئیسپات کردوە کە پارتی و یەکێتی هەردوکیان بە دوقۆڵی کەمتەرخەمیان نەکردوە لە مومارەسە کردنی ئەو ئالیاتە بۆیەش لە هەر ناوچەیەکی کە لە ژێر دەسەڵاتی هەر یەکیان بوبێ وە دەسەڵاتیان بە سەر سندوقەکانی دەنگدان هەبوبێ ئەوا قسوریان نەکردوە نمونەش بۆ ئەوە شاری هەولێری پایەتەختو شاری کەرکوکی داگیرکراوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراقی ساڵی 2010.
ئۆپزسێۆن سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جاردیاردەی تەزویری لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم خستۆتە رو بەبێ ترس لە میدیاکان ، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵوێستی پراکتیکی نەنواندەوە بەرامبەر ئەو ئالیاتە، وەکو لەهەنگاوی یەکەم قبوڵنەکردنی ئەنجامەکەیو کشانەوە، بۆیەش ئۆپۆزسیۆن پێیخۆشبێت یان پێیناخۆش بێت شەرعیەتی بەو ئالیاتە و ئەو هەڵبژاردنو دەسەڵاتەی هەرێم داوە و وە ئەو ئالیاتە تا ئەمرۆش پەیرەو دەکرێ کە لە کاتی خۆی پێشگیری لێنەکراوە. تەزویر گرفتێکی گەورەو وە مەترسیترین ئالیاتە کە هەرکاندیدێ لە دەرەوەی ئۆپزسیۆن یان لە ناوەوەی ئۆپزسیۆن بێت روبەروی دەبێتەوە لە کاتی هەڵبژاردن.
لە پارێزگای دهۆک، بەرزترین دەسەڵات لە روی ئابوری و هێزی سەربازی و ئیداری هەتا جەماوەریش، ئاشکرایە پارتی دیموکراتی کوردستانە، سەرەرای ئەوەش لەو ناوچەیە ببێ شک 'تەزویر" دەوری سەرەکی دەبێ لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە سنوری ئەو پارێزگایە، بە شێوەیەکی سەرەکی هێزی دوەم لەوناوچەیە پارتە سیاسە ئیسلامیەکانن، ئەو هێزە لەلایەک هێشتا نەیتوانیوە هێزێکی کاریگەر بێت بۆ مەترسی خستنە سەر بەرژەوەندیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیەش ئەو هێزە ناتوانێ بە دەسەڵاتێکەوە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان چاودێر بێت، لەلایەکی تریش هەندێ لە لێپرسراوەکانی ئەو پارتە سیاسیە ئیسلامیانە تاوەکو ئێستاش پەیوەندیەکی باش دەیانبەستێتەوە بە سەرکردایەتی پارتی دیموکرات کە جێگای نیگەرانیە.
لە پارێزگای هەولێر، بەرزترین دەسەڵات لەروی ئابوری و هێزی سەربازی ئیداری پارتی دیموکراتی کوردستانە. بەڵام پارێزگای هەولێرتایبەتمەندیەکی خۆی هەیە کە هێزی تری سیاسی لە گٶرەپانەکە بونیان هەیە، یەکێتی نیشتمانی، گٶڕان، پارتە سیاسیە ئیسلامیەکان، لەگەڵ هەندێ پارتی سیاسی تر کە بە قەوارە زۆرنین. بەڵام لەهەمانکاتدا یەکێتی تاوەکو ئێستاش پەیوەندی ستراتیژی بە پارتی دەیان بەستێتەوە وە هەرچیەک له هەرێم ئەنجامدرابێ بە باشو خراپی بە دوقۆڵی بوە هەتا هەندێ لەسەرکردایەتی یەکێتی ئاگای تەواویان لە گرێبەستە ژێربەژێریە نەوتیەکان هەیە، سەرەرای ئەوش یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر هێزێکی لەتو پەتە وە ئەو دەسەڵاتەی نیە وە ئەوەی مادیەن سودمەند بوە لە پەیوەندیە ستراتیژیەکەی نێوانیان لە گەڵ پارتی چەند کەسانێکن لە سەرکردایەتی یەکێتین هەندێکیان لەسەرمیلاکی هەولێرهەژماردەکرێنو هەندێکی تریان لە سەرمیلاکی سلێمانی هەژماردەکرێن ئەوە وای کردوە زۆرێک لە لایەنگرانی ئەو هێزە زویر بن. لە ئەنجامی ئەوەش هێزی یەکێتی لاواز خۆی دەنوێنێ لە ناو جەماوەری هەولێر،وە سەرکردایەتی ئەو هێزە جێگای متمانە نیە کە دەستیان لە دەستی پارتی بکەنەوە بەڵام لە هەمانکاتدا دەیانەوێ سودمەند بن لەوناکۆکیەی کە لە نێوان پارتی و گٶڕان هەیە و لەسەر هەردو پەت یاری بکەن.هێزی پارتە ئیسلامیەکان لە پارێزگای هەولێر لە چاو ساڵانی رابردو لە زیاد بونە بەڵام ئەوانیش هەندێ لەسەرکردەکانیان پەیوەندیەکی باش بە سەرکردایەتی پارتی دەیانبەستێتەوە، لە هەمانکاتدا هێشتا نەیان توانیوە ئەو هێزە سەرەکیە بن کە بتوانن دەوریان هەبێ لەسەر سندوقەکانی دەنگدان. گٶڕان خاوەن هێزێکی جەماوەریە لە پارێزگای هەولێر بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەویش هێشتا ئەو دەسەڵاتەی نیە کۆنترۆلی سندوقەکانی دەنگدان بکا، بۆیە ئالیاتی تەزویر لە پارێگای هەولێر لە بەرژەوەندی پارتیە.
پارێزگای سلێمانی، بێگومان ئەو پارێزگایەش تایبەتمەندی خۆی هەیە، هێزی سەرەکی کە توانای ئابوری و سەربازی ئیداری هەبێ یەکێتیە، گٶڕان، پارتە سیاسیە ئیسلامیەکان ، پارتی دیموکاراتی کوردستانوهەندێ لایەنی سیاسی تریش بونیان هەیە. بە گوێرەی ئەزمونی هەڵبژاردنەکانی رابردوی هەرێم لە ساڵی2009 وە بزوتنەوەی گٶڕان توانیویەتی نیوەی جەماوری دەنگدەری پارێزگای سلێمانی بۆ خۆی رابکێشێ وە تا رادەیەک توانای چاودێری کردنی بە شێکی گەورەی سندوقەکانی هەڵبژاردن بێت بەڵام نەک هەموی بۆیە ئالیاتی تەزویر لەو شارە زیاتر لە بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانیە. بۆیە گٶڕان دەبێ لەگەڵ لایەنی تری سیاسی نزیک بێتەوە تا بتوانێ لە سنوری پارێزگای ئەو شارە پشتیوانی لە کاندیدی دیاری کراو بکا. بێگومان باشترین هاوپەیمانی بۆ ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی نیشتمانیە، بەڵام هەمو ئاماژەکان وا دەری دەخەن کە سەرکردەکانی یەکێتی مەیلی لای پارتیان زیاترە لە بزوتنەوەی گٶڕان.
سەرەڕای ئەوەی کە دیار نیە کێ خۆی کاندید دەکا بۆ پۆستی سەڕۆکی هەرێم بەڵام لەگەڵ ئەوەش گەڕان بەدوای یەکێک لەدەرەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ خۆکاندید کردن خۆی جێگای پرسیارو سەرسوڕمانە، لەبەر ئەوەی ئەوە ئاماژەی ئەوە دەکا کە لایەنی ئۆپۆزسیۆن هێشتا نەگەیشتۆتە دەسەڵات له یەکەم هەنگاوی هیچ لایەنەکیان ئەوی تری قەبوڵ نیە بۆ ئەو پۆستە. لە لایەکی کە ئەمە ئەوە پێشاندەدا کە ئۆپۆزسیۆن زۆر بڕوای بە بنکەی جەماوەری خۆی نیە وە ترسی هه یه بە تەنیا روبەروی ئەو هاڤرکێیە ببێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم وە لە ئەنجامەکەی دەترسێ کە توشی ئیحراجی بێت، هەروها بێ متمانەیی نێوان لایەنی ئۆپزسیۆن بە یەکتری زۆربەرونی پێشاندەدا.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە