كۆنگرەى حەوتەم وكۆنگرەى دەیەم ، دەروازەیەك بۆ ئیرانیزمى بزووتنەوە
Friday, 06/07/2012, 12:00
لایەقى حاجى فایەق هەڵەبجەى شەهید
بزووتنەوەى ئیسلامى كوردستان بڕیارە لە 10/7/2012 و لەشارى هەولێر كۆنگرەى دەیەمى خۆى ببەستێت ، هەرچەندە و پاش بە دوادا چوونم وەك چاودێڕێك بۆ هەموو كۆنگرەكانى بزووتنەوە بۆم دەركەوتوە كە كۆنگرەكانى ئەم حیزبە ، بە دوور بوە لە هەموو ئەو ئامانجانەى كە كۆنگرەى بۆ دەبەستڕێت لە دووبارە خۆ رێكخستنەوە و دانانى پلانى تۆكمە و .... هتد ، بەڵكو لە جیاتى ئەمانە كراوەتە مەیدانێك بۆ پیلانگێڕى و تۆخكردنەوەى باڵ باڵێن و خەنجەرى ژەهراویدان لە پشتى یەكتر، و بەزاندنى هەموو هێڵە سورەكانى شەرع لە بوختان و درۆهەڵواسین و دەرگا كردنەوە بەسەر كۆمەڵە كێشەیەك كە بێباكى و بێ ئیرادەى و خەم ساردى زۆرینەى لاكانى تەواو تۆخ كردوەتەوە ...
ئەوەى من دەمەوێت لێڕەدا باسى لەسەر بكەم كارەكتەرێكى ناو كۆنگرەى حەوتەم و كۆنگرەى دەەیەمى ئەم حیزبەیە كە ئەویش بەڕێز " عرفان شێخ عەلى عبدالعزیز" و هەنگاوەكانى ئەم كەسایەتیە لە بەهێزكردنى پێگەى ئێرانیزم لەناو بزووتنەوەدا ...
گومانى تیدا نیە كە ئیران بە هەموو شێوەیەك ویستویەتى و ئەیەوێت گۆرەپانى سیاسى كوردستان بە عیلمانى و بەناو ئیسلامیەكانەوە بۆ خۆى پاوان بكات و بە هیچ شێوەیەك دەستبەردارى ئەم سیاسەتى نابێت و بەهەموو توانایەكیەوە دەست دەخاتە ناو حیزبەكانەوە و هەمیشە ئەم ئامانجەى لە رێگەى كۆنگرەى حیزبەكانەوە هێناوەتە دى ....
ساڵ ساڵى 1997 ، بزووتنەوەى ئیسلامى لە ئەوجى قوەتى خۆیدایە ، بە هێزى خۆى و بە یارمەتى پەروەردگار توانى قەڵەمرەوى خۆى بپارێزێت و لەشەڕێكى بەرامبەر یەكێتى نیشتمانى سەركەوتو بێت و كۆمەڵێك دەستكەوتى گرنگ بەدەست بهێنێت ، رابەرە نورانیەكەى (مامۆستا مەلا عوسمان)ى رەحمەتى ، ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر ئاین و ئەخەلاق و مەبادئى خۆى بكات بەرامبەر كۆمارى بەناو ئیسلامى ، هەر بۆیە بە پیلانێكى گڵاوى تۆكمەى ئێرانى و لە رێگەى هەردوو بەڕێز (عیرفان شێخ عەلى و عەلى باپیرى ئەمیرى ئێستا كۆمەڵ) كە پراو پڕ پیلانەكەیان جێبەجێكرد ،كۆنگرەیەكى پڕ لە مەهزەلەیان بەست و ئەو شێخە نورانیە ، ئەو بەرەكەتەى ناو كارى ئیسلامیان لە رابەرێتى خست و بزووتنەوە پاش ئەوە بەرەو هەڵدێرانو بچوك بونەوەو بەرەكتى خوا بڕان ڕۆشت . هەر ئەوكاتە ڕابەرە نورانیەكە سوێندى خوارد كە هەرگیزاو هەرگیز لە (عیرفانى برازاى و عەلى باپیر) خۆش نابێت و بە داخ و حەسەرەتێك كە ئەم دوو زاتە ئێرانیزمە بردیانە دڵى بەرەو لاى پەروەردگار گەرایەوە .....
ساڵ هاتوساڵ رۆشت ، پیلانگێرى ئێرانى بۆ بێهێزكردنى بزووتنەوەیەكى چەكدارى سوننى و لەت لەت كردنى تا دواى نەمانى سەدام حسین هیچ پاڵپشتێك بۆ ئەهلى سوننەت و جەماعەتى عیراق دروست نەبێت دەستى پێكرد ، ئەوەبو لە كۆنگرە شومەكەى " یەكبوون " دووبارە بزووتنەوە ئینشقاقى تێكەوتەوە و كۆمەڵى ئێرانیزمى لێ جودابویەوە و پیلانە نەگریسەكەى ئێران سەرى گرت و بزووتنەوە بوو بە تەیرێكى بێ توك و بێى باڵ ... بە كۆچى هەردوو مامۆستاى بەڕێز (مامۆستا مەلا عەلى و مامۆستا ئەحمەدى كاكە محمود) بزووتنەوە بەتەواوى پەكى كەوت و لاواز بوو وە بویە خەبەرى كانە !. پاشتر و لە هەنگاوێكى زیرەكانەدا بزووتنەوە مامۆستا سدیق عبدالعزیزى هێنایە ناو بزووتنەوە و كرایە رابەرى بزووتنەوە ، ئەم پیاوە خاوەنى 50 ساڵ خەباتى سیاسى و حیزبى و تێكۆشانى كاروانى ئیسلامەتى یە ، بزووتنەوەى تا سنورێكى باش زیندوو كردەوەو گروو تینێكى باش هاتەوە ناو بازووى بزووتنەوە ... هەرچەند ئێستا تەمەنى لە 75 ساڵى تێپەرى كردوە بەڵام كاریزماى و پاكێتى و هیمەتى گەنجانەى هەر وزەن بۆ بزووتنەوە ، بەڵام نەچونە ژێر ركێفى پیلانەكانى ئێران و لەسەر رێگە رۆشتنى برا گەورەكەى (مامۆستا مەلا عوسمان) واى لە ئیران كردوە دیسان خەریكى هەمان یارى كۆنگرەى حەوتەمە لە رێگەى كاكە عیرفانەوە ئەمجارەش ئەیەوێت لەم كۆنگرەدا (كۆنگرەى دەیەم) چى كرد لە مامە نورانیە گەورەكەى ، ئەم تاقە مامەشى كە ئیستا بۆى ماوەتەوە بە هەمان رێگادا بەڕێت ....
ئەندامانى بزووتنەوەى ئیسلامى ، بەندە وەك چاودێڕێك پێتان دەڵێم گەر دەتانەوێت ئێرانیزمى دووهەم دروست ببێت و بزووتنەوە بكەوێتە دەستى كەسانێك بە فاك و فیتى ئەم لاو لا كار دەكەن و سیاسەتێكى مەكیاڤیلیانە پێڕەو دەكەن بۆ گەشتن بە ئامانجەكانیان ! ئەوا دەنگ بدەن بە كاكە عیرفان و خەتە ئێرانیزمیەكەى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست