کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناشتنەکەی شێرکۆ بێکەس کەمترین قسەی لەسەر کرا!

Tuesday, 03/09/2013, 12:00


ئەگەر تۆ ئامادە نەبیت بمریت، بایەخدانت بەتێڕامان لەناخدا ساختەیە ، چونکە تەنها ئەوانەی ئامادەی مردنن لەدایک دەبنەوە " بودا "
لەمردن ترسان واتا یی ژیانی کۆیلایەتی ، ئێمە سەیر ئێستا بکەین و بەمێژوودا ڕۆچین دەبینین وەک چۆن ژیان هەیە ، بەهەمان شێوە مردنیش هەیە ، بەواتایەکی تر دەتوانین بڵێین مەرگ حەتمیە و یەقینە ، بەڕاستی ئەمە تاکە شتێکی دڵنیایە لەژیاندا ، واتا مردن ، ئەوی تر وەک ئەنیشتاین ئاماژەی پێداوە هەمووی ڕێژەیە ، بەڵام مردن حەتمیەو کەس لەمرۆڤایەتی ناتوانێ خۆی لێ قوتارکات . بۆ یە زۆر باش دەبوو کەسێکی دەرکەوتوو لەکۆمەڵی کوردا بیتوانیایە ئەو سنورە بشکێنێ ، کە مردن درێژە دانە بەژیان ، یان بەواتایەکی تر مەرگ دەلالەتەکەی لەژیاندایە .
دەتوانین لەهەموو شتێک گومانمان هەبێت ، کەدەڵێم هەموو شتێک واتای هەموو شتێک دێت ، بەڵام کەسمان هەموو مرۆڤایەتی ناتوانێ گومانی لەمردن هەبێت ، بۆیە ئێمە پێویستمان بە کڤالتێتی مردنە ، داخۆ چۆن سەفەری مردن دەکەین ؟
بەدیوەکەی تردا لاشيیەکی مردوو ، یان بێگیان کەی گرنگە لەکوێدا دەشارێتەوە ؟ دەبێ هەموومان بگەینە ئەو یەقینەی ئەو کاتەی دێنە ژیانەوە ، مانای وایە هاتوینەتە ناو مردنەوە .
بەڵام دەشێ مرۆڤ بەنەری بمێنێتەوە ؟ چۆن ؟ مێژووی مرۆڤایەتی زۆر نمونەی زیندووی لەخۆیدا تۆمارکردوە سەیری ئەم وێنەیەی گیڤارا بکەن ، ئەو مرۆڤەی کە تاژیان لەسەر ئەم ئەستێرەیە بێت تامرۆڤایەتی مابێت نامرێت، کەچی جەستەی بێگیانە و دوای سی ساڵ لە گوللە بارانکردنی هەر بەپێوە ماوەتەوە.



شێرکۆ بێکەس هەڵەیەکی گەورەی کرد داوای ئەو سارمۆنیەی کرد کە بەلاشەکەی کرا ، فڕۆکەی تایبەت ،تابوتی تایبەت ، باخچەی تایبەت ، گۆڕی تایبەت ، ئیتر بۆ ئێمە لێرەوەیە گومانەکان سەر هەڵدەدەن ، داخۆ شێرکۆ چەندە ڕاستگۆ بوە لەگەڵ هۆنراوەکانی خۆیدا .
کە لەچیابووم کەشکۆڵەکەی شێرکۆم خوێندەوە باسی لەتەرمی پێشمەرگەیەک دەکرد ، کەدوودەستێ شۆڕ بەرەو زەوی بەسواری هێسترێکەوە بۆ گوندەکەی خۆی دەگەڕێنەوە ، خۆر وێنەی دەکێشێت ، شەهیدەکە تینویەتی و ئاوی دەوێ و دەڕواتەوە بۆ دێکەی خۆی لەوێ دەنوێت . من حاڵم لێ هات ، ئەی خێرە شێرکۆ لەکاتێکدا پێی دەڵێن تۆ ئیتر ناتوانی درێژە بەژیان بدەی ، دێتەوە دواچۆڕی ژیان لەخەستەخانەدا بەسەر دەبات و پاشان وەسێت دەکات پارکی ئازادی بۆ چۆڵکەن و بۆی بکەنە نزارگاو زێوانی تفەنگ بەدەستیشی بۆ دانێن .
من هەست دەکەم شێرکۆ هیچ لە مەفهومی مردن و سەفەری مردن نەگەیشتوە ، بۆیە ئەو غەدرێکی زۆری لەهۆنراوەکانی خۆی کرد و هەموویانی لە ناو قەتماغەی گومان جێهێشت .
مردن و ناشتنی شێرکۆ بێکەس دەروازەی باسێکی قوڵی بۆ کردینەوە کە بتوانین قسەی لەسەر بکەین، بەوەی کە سیاسەت کردن لە باشوری ووڵات پڕێتی لە سەیر و سەمەرەی ژیانی کەسە دیارەکان. با لە مەلامستەفای بارزانەوە تێی بڕوانین، دوای ئەوەی کە ئاشبەتاڵی کرد و گەلەکەی بێ ماڵئاوای جێهێشت، ئەو دەیزانی نەخۆشی ژێر پەنجە ڕۆژێک گیانی دەکێشێت، کەچێ خۆی گەیاندە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو لەوێ مرد، ئەی نەدەکرا لەگەڵ ئەو هەموو ئاوارەی کە لەئێراندا بڵاو ببونەوە لای ئەوان و بۆ خاتری ئەوان لە ئامێزی گەرمی ئەواندا گیانی بسپاردایە ؟ ئەی ئەو سارمۆنییە چییە کە بۆی کراو لاشەکەی هێنرایەوە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵات، دوای برایە ڕاژان و ئێستاش لە بلە و بارزان لەشکرێک ئەیپارێزێ و ساڵانەش خەڵکی بەزۆرو خوایشت دەبەنە لای؟ برایم ئەحمەد کە زیندووبوو بەخۆی و گۆچانەکەیەوە جارناجارێک دەهاتەوە نیشتمان ، کەچێ کە نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنی دوا چۆڕی ژیانی لەخەستەخانەیەکی لەندەندا بەسەر برد، دوایش لەسارمۆنیەکی کاڵ و کرچا لە ژێر ڕەحمەتی ئیتڵاعاتی ئێراندا هێنایانەوە سلێمانی و گردێکیان لێ تاپۆکرد ئەویش بۆ خۆی سەربازخانەیەکە و لەشەوە نوتەنەکانی شاردا ئەوێ چراخان بوو . ئەو نەیتوانی وەک پاڵەوانی "ژانی گەل" ناو ڕۆمانەکەی بێت؟
ئێستا هەموو لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی تاڵەبانیداین نازانین پلان چییە ئەو لەکوێ دەکەن بەژێرخاکەوە، ئەو تاڵەبانییەی کە لە هەموو عەرەبەکان عێراقی تر بوو ئەی چێ دەبوو بیوتایە لێمگەڕێن، من بۆ خاتری مێژوو دەمەوێت لێرە گیانم دەرچێ لەعێراقی خۆشەویستیی خۆمدا کە هەموو کوردم کردە قوربانی بۆی؟ تاڵەبانی تەنها نییە ، ئەوەتانێ کاتێک جەوهەر نامیق دەرمانخوارد دەکەن، یان هەر کاتێک نەخۆش دەکەوت، ڕاستەو خۆ دەچێتە ووڵاتی سوئید و لەوێ ڕۆحی دەکێشرێت و دوای لاشەکەی دێنەوە.
ئێمە دەتوانین سەدان نمونە بێنینەوە، هەموویان ئەو کەسانەن کە سەردەمانێک بەرپرس و رابەر و سەرکردە بوون لە ناو حیزبەکاندا ناوێکیان هەبووە، گوایە بۆ مافی کورد و پاراستنی خاکەکەی خەباتیان کردووە، کەچی کاتێک نەخۆش دەکەون ئەو میللەتە بەجێ دەهێڵن و لە دەرەوەی کوردستان دەمرن. ئەمانە کەسانێک بوون بە پێوەری خۆیان بۆ نیشتمان خەباتیان کردوە، کەچی ئەمادەنیین، لەنیشتماندا گیانیان دەرچێت. کە سەیری کەسانێکی وەک ماندێلاش دەکەین هەموو دنیا و خەستەخانەکانی دنیا دەروازەیان ئاواڵا کردووە، بەڵام ئەو دەچێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی دەیەوێت لە زێدی خۆیدا گیانی بسپێرێت. کەچی تاڵەبانی و ماندێلاکەی رەفیق سابیر، هەتا وەک مرۆڤێک ئەو مافەی نەماوە لاشەکەی خۆی وەک مێژووە پیس و گومانانوییەکی ئاشکرا بکرێت.
بەلای منەوە ترس لەمردن ، یان درێژکردنەوەی ژیان لەخەستەخانەکاندا لەسەر بوجدە و خەڵک ئەو پەڕی ترسنۆکیە ، کاتێک بڕیار دەدەی لەوێ لەدەرەوەی نیشتمان بمری ، ئەی بۆ لاشەکەت بگەڕێتەوە، داخۆ تۆ بەزیندوێتی چەندت سوود هەبووە تا بەمردوێتی خێر بێیتەوە بۆ نیشتمان ، ئەی کەی ترسەکانی ناوەی خۆتان لەچاڵ دەنێن بۆ ئەوەی بەو یەقینە بگەن کە مردن حەتمییەو دەبێ بەدوای شوێن و جێگەدا نەگەڕێین کە تێیدا بشارێینەوە، کاتێک مردن لەتێڕامانی ناخدا ڕوودەدات ، ئیتر ترس لەمردن بێمانایە .
منداڵێکی ڤێتنامی بێناو لەم وێنەیەدا پێمان دەڵێت مردن چەند جوانە لە نیشتماندا ، چەند جوانە لاشەي لەجێگەی خۆی کەتێیدا گیانی تێدا نامێنێت بشارێتەوە، بسوتێنرێت و بێتە خۆڵەمێش .


کاتێک ڕەسوڵی حەمزە تۆف ، وێنەکێشێکی یەکێک لەگوندەکانی داغستانەی دەبینێت لەووڵاتی ئیتالیا و باسی گەنجی خۆی دەکات و بەدوای خونێکەوە نیشتمان و گوندەکەی جێهێشتوە ، ڕەسوڵیش پێی دەلێ ئی برا لە ئیستا بۆ ناگەڕێتەوە ؟ لەوەڵامدا دەڵێ من ئێستا بەم پیریە بگەڕێمەوە چیم پێدەکرێت ؟ تەنها دەبمە بەڵاو مردیشم چەند مەترێک زەوی داگیر دەکەم ، نا من ناگەڕێمەوە چونکە من قەرزاری نیشتمانەکەمم و شەرم لە گەڕانەوە دەکەم .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە