میدیای ئەهلیش وەکو دەسەڵات جاشایەتیی پیرۆز دەکات
Tuesday, 10/06/2014, 12:00
ماڵپەری لڤین پرێس وەک هەنگیان لەکونەداردا دۆزیبێتەوە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ جاشێکدا کردووە بەناوی لیوا فازیل جهمیل بهروارى، گوایە دەیەوێت هێزی تیرۆریستی داعش لە خواروی عێراقدا بنبڕ بکات و وەک پاڵەوانێکی ئەفسانەیی وێنەیان کردوە و هەر ئەوە ماوە بڵێن لەنەوەی سەلاحەدینی ئەیوبییە.
" لیوا فازیل جەمیل بەرواری " لەو ووڵاتی گەرمێسەرەدا بووە بە مقاشی دەستی داگیرکەران و خۆی ووتەنی بەرگری لەسەروەری خاکی عێراق دەکات.
سەمەرەی ئەم نیشتمانەی ئێمە لەوەدایە جاش وەک پاڵەوان سەیر دەکەین و بوار بەخۆفرۆشان دەدەین خۆیان لامان بکەنە قارەمان. بۆ نموونە یارۆی بەرواری پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە لە چیاکاندا پێشمەرگە بووە، بەبێ ئەوەی روونیکردبێتەوە کەی پێشمەرگە بووە و چۆن و چی کردووە ؟ کەسمان نازانین و نەمان بیستوە لەکاتی ڕژێمی بەعسدا کەسێک لەناوچەی بەروار مامە ڕیشە ئاسا هەڵکەوتبێت. وا دیارە گۆڤاری لڤین جاشایەتیی ئەم لیوا فازیل جهمیل بهروارىیەیان لێکردبین بە قارەمانێتیی و ئازایەتیی، کە لەو کاتەوەی چۆتە بەغدا ئێستا خۆی لە جاشەیانتی بسمیل کردبێت و لەخزمەتی سەروەری خاکی عێراقدا ئازایەتی خۆی بەکار دەهێنێت.
داعشەکان کێن ؟
داعش بەهەموو بۆچونەکان، هێزێکە دروستکراوی دوژمنانی کوردە، کە پەیامی باڵادەستی ناوخۆی عیراقە، گومانیش دەکرێت مالیکیش دەستی لە دروستکردن و پەرەسەندی دەسەڵاتیاندا هەبێت، ئاڕاستەی دەکات بۆ سێگۆشەی جوگرافیایی سوننە و هەرێمی کوردستان کە پارتی و یەکێتی بەڕێوەی دەبەن. لەهەمان کاتدا ئەمەریکا دەیەوێت هەم بۆ زیاتر قبوڵکردن و هەزمکردنی کەسایەتی مالیکی و راگرتنی هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشە و ململانێ سیاسیەکانی ناو عێراق. بەمەش مالیکی داعش بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکاردێنێت و هەڕەشەیەکی لە کوردیش پێدەکات.
لەچاو پێکەوتنەکەی لڤیندا "جەمیل بەرواری "نەیشاردۆتەوە کە هێزەکەی ڕاستەو خۆ لەژێر فەرمان ڕەوایەتی مالیکیدایە. بۆیە ئەمە خزمەتکردنە بە داگیرکەرێک کە لە مڕۆدا هێزێکی مەعنەوی گەورەی نییە بەڵام لەپاشەڕۆژدا سەدامێکی تر لەبەرگێکی تردا بەڕێوەیە. کاتێک لەدوای ڕاپەڕینەوە کورد نەیتوانی بەرەی خیانەت وجاشێتی و خزمەت کردن بەدەگیرکەران بشکێنێت. ئەوەتانێ سەدان جەمیل بەرواری لەژێر ناوی سەیر تردا دەچن لەبەرگی تردا خزمەت بەداگیرکەران دەکەن، ڕاستە یەکێتی و پارتی و گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکان و حیزبە بچوکەکانی فڕکان فڕکانیانە بۆ چونە ناو پەرلەمان و دەسەڵاتی عێراقەوە، بەڵام ئەوە ڕاستیەکە دەبێت دانی پێدا بنێین کە کورد هەمیشە لەخزمەت داگیرکەراندا بووە و ئەمڕۆ ڕژێمی عێراق گەر بیەوێت جاش وەربگرێت ئەوە بەلێشاو کورد دەچێت و خەونی زۆرکەسیشە کە دەروازەی جاشێتی بۆ ئاوەلابێت.
لەماوەی ئەو ساڵانەدا کە سوریا بۆتە جێگەیەک لەدۆزەخ و شەڕ لەو ووڵاتەدا لەهەموو جێگەکاندایە، بەدەیان کورد بۆ خاتری جیهاد و خزمەت کردن بە عەرەب ڕوویان لەو ناو دۆزەخەکردوەو خۆکوژیان کردوە و لەخزمەتی عەرەبی سەردەستان، بەڵام پێچەوانەکەیمان هەرگیز نەدی کە کورد و گەنجانی کورد بچن لە باشوری بچوکدا چەک هەبڵگرن و ببنە گەریلای پەیەدە و بەرگری لەنیشتمانی خۆیان بکەن. گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لەخزمەتی داگیرکەراندا قوربانی داوە، سەرئەنجامیش هیچی نەچنیوەتەوە و سودێکی بۆ نەتەەوەکەی نەبووە. هەر لەسەلاحەدینی ئەیوبێوە بیگرە تا شەرگەی چاڵدێران و خزمەت کردنی ئەو کوردانەی کە بۆ ئیمپراتۆرێتی عوسمانی خزمەتکار بوون و قوربانیان داوە، یان لە سەردەمی کۆنتریشدا لەخزمەتی سەفەوی بوون.
کەسەفەوێکان دەوڵەتێکی بەھێزی شیعەبوون کە لە ساڵانی ١٥٠١ ھەتا ١٧٣٦ دەسەڵتیان ھەبووە. دامەزرێنەری حکومەتەکە شا ئیسماعیلی یەکەم بووە کە تەورێزی لە ئازەربایجان کردووە بە پایتەختی خۆی. سەفەوییەکان مەزھەبی شیعەی دوازدە ئیمامییان کرد بە ئاییینی سەرەکیی حکوومەتەکایان. سەفەوییەکان لەگەڵ عوسمانی لە ڕۆژاواوە و لەگەڵ ئوزبەکەکان لە ڕۆژھەڵاتەوە شەڕ و کێشەی زۆریان ھەبووە. ڕەگەزی خانەدانی سەفەوی بە تەواوی ڕوون نییە بەڵام زمانی فەرمیی حکومەت فارسی بووە. ساڵی ١٥٩٨ شاریئەسفەهانیان کرد بە پایتەخت. کاتێک مێژووی ئەم دەوڵەتە دەخوێنیتەوە کورد هەر دەوری جاشی دیوەو لە شەڕەکاندا ئەوەی قوربانی داوە لەهەردوو بەرەکە هەر کورد بووە.
پرسیارەکە لێرەدایە داخۆ بۆچی ئێمە لە ساڵی ٢٠١٤ پاش ئەو هەموو چەند سەد ساڵە هەر ڕۆڵی جاش و خزمەتکار ببینین و، مێدیای ئەهلی و کەناڵە بەناو بێلایەنەکانیش بێن ڕووی ئێمە ی جاش سپی بکەن و بە خۆشێوە هەواڵی چالاکێکانمان بڵاو بکەنەوە ؟
لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی بەگوێماندا دەدەن کە حوکمەتی عێراق فڕۆکەی میکی F16 وەر گرتوە و ئەمە ترسە بۆ چارەنوسی کورد. کەچی سوپا سالاری سوپای تاوانی عێراق جاشێکی زێبارییەو لە بەرەی دایکی سەرۆکی هەرێمە و بەدەیان وەزیر و گزیری کورد لەبەغدادان بۆ خزمەتی دەسەڵاتی عێراق و ووڵاتی عێراق.
قسەیەکی جوانی مارتن لۆتەرکینگم بیرە هەتەوە کە ڕووی لەڕەشپێستەکانی ئەمەریکا کردو پێی ووتن: " هەتاخۆتان نەچەمێنەوە کەس ناتوانێت سواری پشتان بێت " ئێمەش نە وانە لەمێژووی ناشرین و خیانەتمان فێر دەبین، نە لەم دنیا مۆدێلەدا دەمانەوێت نیشتمانەکەمان بەرەو ئازادی بەرین.
دەیان گەنجی کورد لەپێناو جیهادا لەسوریا بونە قوربانی، کەچی کەسمان نەمان توانی ڕێز لە کوژراوەکان بگرین و ناشی گرین، بەڵام ئەمڕۆ سەدانی وەک لیوا بەرواری ئامادەن بۆ شەڕی دژە تیرۆر لەناو بچن، بەهەمان شێوە ئێمە لەفەرهەنگی خۆماندا ڕێزیان لێ دەگرین، بەلای منەوە جەمیل بەرواری و سەباح میرزای بۆدیگاردی سەددام بە ڕەگەز کورد هیچ جیاوازیەکیان نییە، وەک چۆن من جیاوازی نابینم لەنێوانی ئەو وەزیر و پەرلەمانتارانەی ئەمڕۆی کورد، کە لەبەغدادن لەگەڵ ئەو وەزیرو جاش و موستەشارانەی لەخزمەتی بەعسدا بوون.
من پێم وایە گەر کورد گەلێک بوایە لە چوارچێوەی نیشتمانێکی ئازادا ئەوە هەموو تاکێک ئازاد بوو، کە چۆن و لەکوێدا بڕوای پێیەتی چی بکردایە. بۆ نمونە لەکاتی شەڕی جیهانی دووهەمدا دەیان ئهنارشیست و کۆمەنیست دژ بەفاشیزم لەئیسپانیادا لەبەرەیەکدا شەڕیان دەکرد و کەسەکان مێژوویان دەنووسێوە.
ئێمە وەک کورد ئەرکێکمان لەسەرە کە ئەویش نیشتمانە داهاتویەکی هێندە ڕەشی هەیە نازانین ڕوو لەکوێ دەکات و ڕۆژ بەڕۆژ سنوری نیشتمانمان تەسک تر دەبێتەوە خەریکین دەخنکێین و پاشەڕۆژمان دیار نییە، کەچی تاکی کورد دەچێ لەسوریا و لەبەغداد و جێگەکانی تر خۆکوژی دەکات و لەبەرەکانی شەڕدا قوربانی دەدات.
ئەگەر ئێمە نەتوانین جاش و خزمەتکار لەناو تاکی کوردا بکوژین دوای هەزاران ساڵی تر کە باوەڕ ناکەم کورد بمێنێت هەمان ڕێسا و هەمان مەبەست دوبارە قسەی لەسەر دەکرێتەوە. زۆر خەممە دوای چەند ساڵێکی تر وەک خەڵکە ڕەسەنەکەی ئوسترالیا "ئەبلجینێکان "و خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمەریکا "هندەکانمان " لێبێت تەنها لە مۆزەخانەکاندا ئاسەوارمان بمێنێت. ئەوەتانێ لەشارێکی وەک کەرکوکدا دەوڵەتی تورکان هەرچی گۆڕستانی تورکەکانی زەمانی عوسمانلی هەیە نوێژەنی دەکەنەوە و هەولێر و دهۆک و سلێمانیش تژی بوە لەعەرەب و بەعسی دوای ١٠ بۆ ١٥ ساڵی تر سەدان عەرەبی ڕەسەنمان بۆ دروست دەکەن، ئەم شارانەش وەک چارەنوسی موسڵ و کەرکوکی لێدێت. بۆ یە دەبێت عەقڵی جاشێتی بوەستێنین.
لەیەکێک لەکتێبەکانی لەسەر موسادا خوێنمەوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن "گەر کەسێک بیری کردەوە ئیسرائیلیەک بکوژێت، دەبێ تۆ نەهێڵێت و ئەو عەقڵە بکوژیت و دژی بیت، پاشان دەڵێن هەر جولەکەیەک لەهەر جێگەیەک لەدنیادا لەدایک بوو دەبێ فێری بکەین کە دوژمنێکمان هەیە " گەر ئەوە نەکەین ئێمە ناتوانین خۆمان بۆ بەرگری ئامادەبکەین.
ئێمەی کورد ئەمڕۆ ئەوەی ئەنفالی کردووین و نیشتمانی سوکماک کردووین خزمەتیان دەکەین و ڕێگەی ژیانیان پێدەدەین لەباخەڵی خۆماندا. تا جاشێتی نەکوژین محاڵە ئازادیی نیشتمان.
ئێمە دەزانین جەمیل بەروارییەکان لەکۆشکێکدان و لەخزمەتیدان و ئاسودەن، بەڵام ئەرکێک کە بەرپرسیارێتییە فەرامۆشیان کردوە، هەر ئەو نا بەڵکو هەزاران بەرپرس لەو هەرێمە دا ئەویش نیشتمانە کە هەموومان وەک کەشتییەک سواری پشتی بووبین هاکا کونێکی تێبوو هەموومان لەناویدا نوغرۆبووین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست