با مەفرەزەیەک بۆ تەنگ پێهەڵچنین بە بارەگا و هاتنی بەرپرسەکان لە ئەوروپا دروست بکرێت
Sunday, 14/12/2014, 12:00
بیست و سێ ساڵە زۆربەی ئەو ریگایانە تاقیکراونەتەوە تا ئەو دەسەڵاتە کوردییەی باشوور واز تاوان و ناپاکی بهێنێت، یان کەمێک بیربکاتەوە و تاوان و ناپاکی کەم بکاتەوە ، لەدوا دەرەنجامیدا دەرکەوت ئەو رێگایانە مەبەستی خۆی نەپێکا، هەرچەندە کاریگەری لە سەر هزر و بیرکردنەوە و هەڵوێستی زۆربەی هاوڵاتیان کرد، بەڵام لە ئاستی پێداویستیی خۆیدا نەبوو، کە دەتوانم بڵێم سەرکەوتو نەبوو، ئەو رێگایانەش وەک یاداشت ، رەخنە بەزمانی گوڵ ، چونە دەنگدان ..... بۆیە ئیتر بۆ لەمەوداوا ئێمە لە شێوازی کارکردنمان پێویستیمان بە گۆڕانکاری و میتۆدی نوێ هەیە، ئەمیش لە فشارهێنانی سیاسیی و جەماوەریی، بۆیە من وای دەبینم چیدی لەبری باسکردنی ٢٣سالی بەردەوامی تاوان وناپاکییەکان و نوسین و زۆرینەی دانیشتنەکاندا. تالەکوردستان نەژیم ناتوانم سەرنج و رەخنە لەسەر کارو چالاکی ناو نیشتمان بدەم و بگرم ، بەلام کە لەهەندەران دەژیم ، دەکرێ ئەوەی سەرنج ورەخنە دەگرم ئەگەر یەکەم کەس هەنگاوم بۆنەنا با رەخنەباران بکرێم.
کوردی هەندەران یەک ملیۆن زیاترە ، بەسەدان هەزاریان کوردی باشورن ، ئەمە هێزێک و پاڵپشتێکی گەورە و مەعنەوی دەنگە جوانەکانی نیشتمانە ، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە بڵێین تاکەی میتۆدی خەبات بەرامبەر پارتی و یەکیتی نەگۆرێت؟ بۆچی بۆ تاوانە نیشتمانیەکان و دژ بەداگیرکەران بەهەزاران کورد لە چەند کاتژمیرەکدا کۆدەبێتەوە، کەچی دژ بە تاوانەکانی دەسەڵات لە نێوان ١٠٠ بۆ ٣٠٠ کەسە ؟ تاکەی بەس شکست و تاوانەکان لەناو هاوڕێ، یان لە نووسیندا باس بکرێت، پێویستە ئیتر هەنگاوی پراکتیکی بۆ بهاوێژین! بۆچی بڕواتان بەخۆتان نییە، کە دەتوانن گۆرانکاری بکەن و ببنە هیزی فشار؟ زۆر کەس رەخنە لەهەموو لایەنێک دەگرن، بەڵام لە نووسین یان بۆڵەبۆڵ زیاتر ئیترهیچی تر ناکەن؟ ئایا هەست بەترسناکی بارودۆخەکە ناکەن ؟ هەست ناکەن کۆمەلگا ی کوردی بەگشتی ، لە فەسادیی، تاوان ، کەسێتیەکی تیکشکاو و لاواز و هەلپەرستی ، دووڕوویی ، لاوازی هەستی نەتەوەیی بەرەو تێداچوون دەچێت؟ هەست ناکەن تا دەگاتە هاوشیوەی پرۆسەی جاشبوونی ساڵانی ٨٠کانی سەدەی رابردوو، ئەمەی ئیستا خراپتر هەنگاودەنێ ؟ ئەلتەرناتیفتان چییە ؟ ئەوا گۆران چووە دەسەڵاتەوە، بووە بەشێک لەو سیستەمە ، دەیان پارت و رێکخراو بەهەزاران قسەی زل و چاودیری سیاسی و رێنیشاندەری خەڵکی تر ماوە، کە ئەمانە هەموویان خۆیان پێ رەخنەگری دەسەڵاتە ، بۆچ هەنگاو فشارێکی جدی نانوێنن ؟
لەم روانگەوە دەتوانین بلێن، ئایا ناکرێت بچووکترین کار لەهەندەران تەنگ بەبارەگاکانی دەسەڵات و بەرپرسەکانیان هەڵبچنرێ، ئەمە خەباتی مەدەنییە، لە یاسای ئەوروپادا رێگا پێدراوە ؟ یاخوود بۆچی ناتوانن سکاڵا ، خۆپیشاندان دژ بەهاتنی بەرپرسان و بەردەم نوێنەرایەتیەکانیان بکەن؟ ریسواکردنی ئەمانە لە بەردەم پەرلەمانە ئەوروپیەکان ئەرکێکی جوان و پیرۆزە، لە چی دەترسن؟! ئەگەر ئەمە شەرم و لەرۆزکی نییە ئەی چییە؟ چەندین وڵاتی ئەورپی و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا جگە لە لەندەن ، سوید و بروکسل چەندین ساڵە هیچ کارو چالاکیەکی کاریگەر بەرامبەر دەسەڵات جگە لەئیدانەی شەقام ئەنجام نەدراوە؟ هەموو ئەوانەی دەست بۆ بڤەکانی دەسەڵاتیان بردوە. گەر بەراشکاوانە بڵێین هۆکاری سەرەکی نەچونە مەیدانی جدی لەم دەسەڵاتە لە ئەوروپا ، لەرزۆکی وهەلپەرستیە پارت و نووسەر و چالاکوانەکانە .قەت لەخۆتان پرسیوە چەندە شەرمە چەندین گەنجی بوێر لەناو نیشتمانەوە شەهید بوون وەک کاوە و سەردەشت و سوران، کە لە کارو خەباتیان دژ بە جوتە بنەمالەی مافیا و دەزگای سیخور و تیرۆریستی بەردەوام بوون، کەچی ئیوە هەریەکەی خاوەن رەگەزنامە و ناو دەنگێکن کە ئازاردانی ئیوە ئازاردانی ئەو ولاتەیە تیایدا دەژین، بەڵام کوا بەروبووم و کار و چالاکی و فشارەکانتان جگە لەنوسین و رەخنەی بەبۆلە بۆل؟
یان ئیوەش لەسەر ئەو هاوکێشەیە دەژین پارتی و یەکیتی باش دەبن وچاکسازی ریشەیی دەکەن !؟ ئەرێ ٦٠سال لەئەزمونی ئەو دوو بالە جەلالی و مەلاییە هیچ فیری نەبوون، کە هەموو دروشمەکانیان درۆ بوو، تەنها بۆ بەدیهێنانی دەستکەوت بوو بۆدەسەڵاتی خۆیان و بنەماڵەکانیان!؟
کاتی ئەوە داهاتوە میتۆدی خەبات بگۆڕین ، لە گوتەوە بەرەو کردا هەنگاو بنێین، ئاخر ٢٣ ساڵە هیچ ماوە باسی بکەین ؟ چۆن دەسەڵات تەنگ بەدەنگە جوانەکان هەلدەچنێت، با ئیمەش لەهەندەران بەهەمان شێوە دژی ئەو دەسەڵاتە کاری جیدیی تر بکەین! بەلام بەریگای خەباتی یاسایی و مەدەنی لەهەموو شوێنێک درۆکانیان بەچاودا بدەینەوە ، بۆیە لەبری ئەو هەموو لێکدانەوە و نووسینانەی ٢٣ ساڵە، ئەوەی هەبوو گوترا و بینرا، ئیستا کاتی کاری پراکتیکی و فشاری ترە لەسەر ئەو دەسەڵاتە ، ئەویش بەپێک هینانی مەفرەزە ی مەدەنی بۆ تەنگ پێهەلجنینی بەرپرسان لە ئەوروپا کە تێبگەن ئەوان فیرعەون نین، وا کەوتونەتە گیانی ئەو خەڵکە و هەرچی روش بدات یاسا لەنیوان هەردولا وەک یەک دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست