کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌لا به‌ختیار ... جانتاکه‌ی شه‌هید ئارام که‌ که‌وته‌ لای تۆ چیتان لێکرد؟

Sunday, 12/08/2012, 12:00


مەلا بەختیار دوا کەس نییە، مێژوومان بەپێچەوانەوە بۆ دەگێڕێتەوە، لەچاوپێکەوتنێکی ئێن ئاڕ تیدا، مەلا بەختیار کۆمەڵێ قسە دەکات و شاهیدەکانی لە ژیاندا نەماون، هەمیشەش خۆی کردۆتە دۆست و قوتابی شه‌هید ئارام، بەر لە چه‌ند ساڵێک لە بەرنامەیەکی تەلەفیزۆندا یادی شه‌هید ئارام کرایەوە، بەختیار دەستی کردە گریان، لە زۆر جێگەشدا بەگۆڕی شه‌هید ئارام سوێندی خواردوە، لە بەشی یەکەمی ئەم چاو پێکەوتنەشدا دەڵێ کە لە دوای تەحقیقی شه‌هید ئارام گەڕامەوە بۆ سلێمانی هەردوو شەهید مامۆستا جەمال تاهیر و شەهید شازاد تەکلیفیان لێ کردم کە ببمە سکرتێری کۆمەڵە.
بەرلەوەی ئێمە قسەی خۆمان بکەین دەبێ بڵێین باشترین بەڵگە بۆ ئەم ڕاستییە کتێبەکەی کاک ئاوات قارەمانییە (ڕێگە باریکەکان) ئاوات ئاوا باسی دوای شه‌هید بوونی ئارام دەکات، کە مەلابەختیار دەچێتە قەرەداخ، جگە لەوەی خوێنەر دەتوانێ کەسایەتی ئەم هەرزەیە بزانێت و ئازایەتییه‌کەی ڕەچاو بکات لەناو بیرەوەرێکاندا لەلاپەڕەی ٢٢٠ دا ئاوا بۆمان دەگێڕێتەوە .
"دوای جەولە کردن لە ناوچەکەدا ڕوومان گردە گوندی (گورباز)هەموو شتەکانی کاک ئارام لەجانتایەکی گەورەدابوو، لای من داینابووهەموو ئیشەکانی هەر لەیەکەم ڕۆژی دەست پێکردنی وە
بەئیش و کارەکانی کۆمەڵە و شۆڕش، نامەی شيخسی و ئەوەی پەیوەندی بەڕێخستنەوە هەبێت، هەمووی لەو جانتایەدا بوو. هەموویم دایە دەستی مەلابەختیار . هەموو لای ئەو مایەوە، چونکە لەو سەردەمە دوای شەهید بوونی کاک ئارام، ئەو مەسئولی کۆمەڵەبوو لەدەرەوە، لەبەر ئەوەی سالار عەزیز لەئەوروپا بوو، لەوکاتەدا، هەروەها ئازاد هەورامیش لای جەلال تاله‌بانیی و نەوشیروان مسته‌فا بوولەسەرکردایەتی، ئەو سێ کەسە مەسئول بوون لە کۆمیتەی هەرێمەکان دوای شەهید ئارام "
بریا کاک ڕێبوار عه‌بدولڕه‌حمان پرسیاری ئەو جانتایەی لێ بکردایە داخۆ چارەنوسی چی لێ بەسەر هاتووە.
مەلا بەختیار کەسێکە واخۆی نیشان دەدەت، کە بەرپرسیارێتی و سکرتێرێتی لای هیچ نییە، بەڵام بۆ مێژوو کاتێک لەگەڵ دوو هاوڕێمدا له‌ گوندی مالومە بەر لە چەککردنیان لەگەڵ مەلا بەختیار قسەمان کرد، کە خەریکی دروست کردنی ئاش بوون لەو بارەگایەی کە کاک شێخ عەلی (خولە کەشکۆڵ) داینابوو، دوای زۆر بە ئاسانی و بێ تەقە گیران مەلا دەیووت لە کۆنفرانسدا فێڵیان لێکردین وانەبوایە من دەبووم بە سکرتێر و هەموو شتێک پێچەوانەی ئێستا دەبوو، لام وایە سکرتێری وەک سێبەری مەلابەختیار وایە قەت پێی ناگات .
لەهەمان چاوپێکەوتندا ڕیاییەکی زۆر بۆ نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانی دەکات، کە من بۆ خۆم دەیان جار لێم بیستوە کە تاڵەبانی بەڵایە و مۆرانەی شۆڕشە و دەیان شتی تری پێووتوە، کەچی ئیستا بەشێوەیەکی تر باس لەو کەسایەتییانە دەکات، لەکاتێکدا دەیەوێت مێژوومان بۆ بگێڕێتەوە .
من نامەوێت لەسەر هەموو قسەکانی مەلابەختیار قسە بکەم چونکە ئەو شانسی زۆر بوو تەمەن ڕێگەی پێنەداین لە سەرەتای شۆڕشيوە لەناو ڕووداوەکاندا بین، بەڵام کاتێک باس لە ئارام دەکات دەبێت، ڕاستگۆبێت، چونکە کاک ئاوات دەڵێ من هەموو نووسراو تەنانەت نامە شه‌خسییه‌کانی ئارامم داوەتە دەست مەلابەختیار، ئەی بۆ لەماوەی ئەم هەموو ساڵەدا نەمان دی نامەیەکی ئارام بڵاوکەنەوە؟ داخۆ چیتان لەو جانتایە کردووە؟ کە مێژوومان بۆ دەگێڕێتەوە، ئیستا سەردەمی بەدیکۆمێنتکردنی شتەکانە، هەر پێشمەرگەیەک کە حەرەست بوە دەیگێڕێتەوە کە تۆ کەسێکی ئەوە نیت کە قسە دەکەیت. جارێکیان بیرمە دوای گرتنه‌که‌تان کە برایم جەلال بۆمان دەگێڕێتەوە چ قارەمانێک بوویت، لەڕاکردنەکەشتدا کە هێزی بەرگری لە بەختۆخە لە شيدەڵە کە گرتیانیت پێمان دەڵی ڕووت لە کوێ دەکرد، کە شانست هەبوو مێژووت نەبوە تەسلیم بوونەوە، تاڵەبانیش جوانی پێووتی کە ووتی ئەودەستەت بخە ژێر سەرت (ناتکەمە شەهیدی پرۆلیتاریا) و وەستا عەبدولی فێر دەکرد چیت پێبڵێت .
لێرەدا دەبێ پێت بڵێم گەر تۆ دڵسۆزی شەهید ئارامی و دەرچوی ئەو قوتابخانەیەیت فەرموو هەموو شتەکانی بڵاو بکەرەوە، ئەو جانتایەی شه‌هید ئارام که‌ که‌وتۆته‌ لای تۆ تەنها موڵکی تۆ نییە ئەوە مێژووی ئەو گەلەیە و تۆش ناتوانی لەو بەرپرسیارێتییە دەرچیت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە