مەسعود بارزانی داکۆکی لە ڕۆژنامەنوسان دەکات !!!!
Wednesday, 24/04/2013, 12:00
لە یادی 115 ساڵەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا مەسعود بارزانی دیدارێکی لەگەڵ نەقیبی ڕۆژنامەنوسان و جێگرەکەی و چەندین ڕۆژنامەنوس دا ئەنجام دا ،مەسعود بارزانی وتەی خۆی پێشکەش کرد ، وە گوتی کە (پێویستە ڕۆژنامەنوسانی کوردستان داکۆکی لە بیری نەتەوەیی و فەرهەنگی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان بکەنەوە و بڕواشیان بە مێژوو و بەهاو دەستکەوت و توانای میللەتەکەیان هەبێت و بە بچوکی نەزانن) .
یان لە جێگایەکی تردا دەڵێت (دەبێ باری گوزەرانیان باش بکرێت وئازادی و ئاسایشیان پارێزراو بێت) .
ئێمە پرسیار لە مەسعود بارزانی دەکەین ئایا کوردستان وڵاتێکی هێند ئازاد و سەربەخۆیە کە حیزب بەشێک نەبێت لە دەوڵەت ، یان دەوڵەت بەشێکە لە حیزب ، دامو و دەزگای ئاسایش و دەزگای پاراستن و زانیاری بەشێک نەبن لە حیزب و سەربەخۆ کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن ، ئەمە تەواو پێچەوانەی کوردستانە ، چونکە مەملەکەتە میرنشینەکەی بارزانی واتە خۆی و حیزبەکەی مەرجەعیەتی هەمو دەزگاگا ن و فەرمانگەکانە و حیزب سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانە وە خودی بارزانی و کوڕو برازاکەیشی خاوەن بەرزترین پلەی حیزبی دەسەڵاتن ، کە بە ئارەزوی خۆیان دەستیان بە سەر هەموو شتێکی کوردستان دا باڵایە ، هیچ کام لەم دەزگایانە لە دەرەوەی حیزاب نین ، ڕۆژنامە نوسان ئەگەر حیزبی نەبن حسابی ڕۆژنامەنوسیان بۆ ناکرێت ، مێژووی چەند ساڵەی دەسەڵاتی بارزانی و حیزبەکەی و باڵی ینک کە دەسەڵات بەدەست بوون ڕاستی قسەکانمان دەسەلمێنن کە ئەم دەسەڵاتە مێژوویەکی هەیە لە لێدان و ئیهانە کردن و کوشتن و ڕفاندنی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان دا . وە دەزگا ڕەشەکانی حیزب ئامرازی سەرکوت بون و دەزگا کارتۆنیەکانی ئاسایش و پۆلیس بەشێکیدانەبڕاولە حیزب بوون . .فیلم و دۆکۆمێنتەکان پێمان دەڵێن کە چۆن چەکدارە کانی حیزب بە دەمانچە و جلی مەدەنیەوە تەقە لە خەڵک و ڕۆژنامە نوسان دەکەن ، دەیان و سەدان جار کامێراو ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنوسان بە دەستی دەمامک بە سەرەکانی حیزب ، یان شکاون یان موسادەرەی شۆڕشگێڕانە کراون .
لە کوردستان دا هەمیشە مەلا و شێخ و عەمامە بەسەرەکان بڕیاری کوشتن و ڕاوەدونانی نوسەر و ڕۆژنامەنوسەکانیان داوە و ئێوەی دەسەڵاتداریش بونەتە پاڵپشتی پیاوانی کۆنەپەرەست و مەزهەبی وە سەرباری ئەوەش دەتانەوێت یاسای پاراستنی شتە پیرۆزەکان لە پەرلەمانەکەتان دا بچەسپێنن ، چونکە تەمەنی ئێوە پابەندە بە دواکاوتوویی خەڵک و نەبونی ئازادی بیروباوەڕە وە ، ئەوەش شتێکی حاشا هەڵنەگرە تا کۆمەڵگە ئازاد نەبێت کاری ڕۆژنامەنوسیش ئازاد نابێت ، تا مەزهەب لە دەسەڵات ئاو بخواتەوە نە ڕۆژنامەنوسانیش ناتوانن ئازاد بن ، وە ئێوەیش ئەو ڕاستیە چاک دەزانن .
ئەوە ئێوەن ئێوەی دەمامک بەسەر ناتوانن ژیانی ڕۆژنامەنوسان بپارێزن ، ئەوە ئێوەن ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە ، ئەوە ئێوەن لاشەی ڕۆژنامەنوسان دەشێوێنن و لە دەشت و چۆڵاییەکان دا لاشەکەی فڕێ دەدەن ، بۆ کەس دەتوانێت لە کوردستان دا باس لە خێڵ و عەشرەتی ئێوەی بارزانی و تاڵەبانی و هتد بکات چ بە چاک یان بە خراپ ، ئەوە هێڵی سورە و دوایی خاوەن بابەت ئەنفال دەکرێت ئەگەر هاتوو هێڵی تەیمانی پیرۆزی پساند .
ئێوەن کە ڕەخنە قبوڵ ناکەن ، ئێوەن کە جورئەتتان نیە ڕۆژنامەکان ئازاد بکەن ، چونکە سنگی خەڵک و ڕۆژنامەنوسان پڕە لە ئازار و سوێ ی چەند ساڵەی دەسەڵاتەکەتان
ئەگەر ئێوە جورئەت دەکەن بەس بۆ ماوەی ٢٤ کات ژمێر نەک ڕۆژنامەکان بەڵکە خەڵک ئازاد کەن ، جا بزانن چارەنوستان بە کوێ دەگات ، بزانن ئایا خەڵکی چیان هەیە تا بە ئێوەی بڵێن .
بزانن ئەو کاتە زمانی خەڵکی بەس پێنوسە یان کاری تری بەدوادا دێت ، لێرەدایە دەتوانیت خۆت و دەسەڵاتەکەت بخەیتە ژێر مایکرۆسکۆبی نزیک بوونت لە کەشی دیموکراسیەت ، ئەو کاتە دەزانیت کە حیزب و دەسەڵاتەکەت چەند لە خەڵکیەوە نزیکن . .
لە کوردستان دا هەرچی حورمەت هەیە بۆ ئینسانەکان نیە چ جای ڕۆژنامەنوسان ، ئەوە دەسەڵاتەکەی ئێوەیە ئەو بێ حورمەتیەی کردوە بە کلتوری باوی کاربەدەستان . کە بۆ هەموو سەرپێچی کردنێک لیژنەیەکی کاریکاتێری ئامادە دەکەن و دوایی تاوانبار هەر بۆ خۆتانن . .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست