دەربەندیخان ئوتێلەكەى قائیمقام و سەرۆكى شارەوانى , ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى كوردى بەنموونە
Friday, 27/04/2012, 12:00
دەمێكە لەسەر بەدبەختیەكانى ئەم هەرێمى قسەدەكەین كە مخابن ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو وێران بوون دەچێ و دەسەڵاتى كوردیش گەلحۆل ئاسا گوێیى پێنادات , بۆنمونە شارى دەربەندیخان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوفراوانى دەروات و دانیشتوانەكەشى لە چل هەزار هاوڵاتى نزیك دەبێتەوە نەگبەتى ئەم دەسەڵاتە لەوەدایە ورگ برسیەكانى بەسەر شارێكى وەك دەربەندیخانەوە ورگیان تێر دەكا , بەهەرحاڵ باسكردن لە گەندەڵى و مەئەساتەكانى بەرپرسانى ئەم شارۆچكەیە ڕۆژگارێكى دەوێ بۆ بڵاو كردنەوە كە بەڕاى من زەحمەتە ئێمەمانان فرسەتى گێڕانەوەیمان هەبێ , بەڵام ئەوەى من لەم نوسینەدا ئەمەوێ قسەى لەسەر بكەم قائیمقامى نا قائیمقام و سەرۆك شارەوانیەكى نەخوێندەوارە كە ڕۆژانە وەك ئەوەى بۆ سیاحەت ڕوو لەم شارە بكەن بەیانیان دێن و نیوەڕوان وەك داخستنى دەگاى ئوتێلێك شارەكە بەجێ دێڵن ئیتر چى دەبێ باببێت و چى ڕوودەدات با ڕوو بدات ...
لەم ڕۆژانەدا بەهۆى هاوڕێیەكى ڕۆژنامەنوسمەوە بەڕێكەوت ڕۆشتم بۆ یادى ڕۆژنامەگەرى كوردى كە لە شارۆچكەكەدا ئەنجام درا بوو , بینینم كە ئەو گەنجانە چۆن ماندوو نەناسانە كاردەكەن , بەداخەوە لەو ڕۆژەدا كەوەك جەژنى ڕۆژنامەنوسان وابوو بینیم چۆن بۆ یەكتر گلەیى و گازندەیان لە دەست مەسئولە نامەسئولەكانى ئەم شارە هەڵدەڕشت و چون موعاناتى خۆیان بۆ یەكتر دەگێڕایە جێ سەر سورمان بوو كە لەوەها ڕۆژێكدا نە سەرۆكى شارەوانى و نە قائیمقامى شارەكە كە ڕۆژانە چەندین بەركەوتیان لەگەڵ ئەم گەنجانەدا بۆ دروست دەبێ بەڵام مخابن لە ڕۆژێكى وادا هیچیان ئامادە نەبوون , دوایش لەخۆممم پرسى بۆچى ئامادەبن خۆ ئەوان بەساڵێكیش ڕۆژنامەیە ناخوێننەوە ئیتر بۆ دەبێ لە ڕۆژێكى وادا ئامادەبن كە تەنها هەر جێگا دەگرن .
قسەى من لەسەر ئامادە نەبوون و ئامادە بوونى ئەو مەسئولانە نیە قسەى من لەسەر بێ باكیانە بەرامبەر بەشارێك كە حكومى تێدا دەكەن, بەراستى كارەساتە قائیمقامێك و سەرۆك شارەوانیە كە من چاوەڕێ بووم خەڵاتى تایبەتیان بۆ ئەو گەنجە ڕۆژنامەنوسانە هەبێت بەڵام نەك ئەوەیان نەكرد بەڵكو هێندە وجودیان بۆ ڕۆشنبیرانى ئەم شارۆچكەیە دانەناوە كە لە نزیكەوە گوێ لە موعانات و داواكاریەكانیان بگرن , بەداخەوە كە پرسیم بۆ لێرە نین وتیان ئەوان دەوامیان تەواو بووە..! من گومانم لەوەدا نیە كە ناكرێت كەسێك خۆى هەست بە بەرپرسیارێتى ناكات تۆ فێرى بەرپرسیارێتى بكەى , بەڵام كارەساتە كە ئەم شارە تا كاتژمێر دوانزە حكومەتى تێدایەو دواتر هەركەس بۆ ماڵى خۆى , ئەمە جگە لەوەى هەفتەى چەند ڕۆژێكیش دەوام ناكەن خۆ ئەگەر دەوامیش بكەن ئەوەنەبێ لە ماوەى چەند ساڵى كاركردنیان لە دەربەندیخان بەردێكیان خستبێتە سەر بەردێك بەڵكو تەنها بار بوون بەسەر دەربەندیخانەوە , ئاخر سەرۆكى شارەوانى تۆ بەر لە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر خەڵك ئیمزاى بۆ دەركردنت كۆدەكردەوە ئەبوو ئەمە دەرسێك بوایە بۆ تۆ ؟ كە چیتر پشت لە گەنجانى شارەكەت نەكەى یان جەنابى نا قائیمقام تۆ دوو قسەى ڕێك و پێكمان تا ئێستا لێ نەبیستوویت خۆ تا ئێستا كردارێكمان لەتۆ نەدیوە , تەنها لە پشتى مێزەكەتەوە دووكەڵى جگەرە بەسەر ئەو خەڵكەدا دەكەى وەك ئەوەى تۆ نەبێ كەسى تر نازانى لەسەر كورسى دابنیشێت , بەراى من جێى خۆیەتى كە چیتر گەنجانى ئەم شارۆچكەیە قبوڵى نەكەن كە ئەم گەلحۆیانە حكومى ئەم شارە بكەن . جێى خۆیەتى بیان نێرنەوە بۆ مەملەكەتەكانى خۆیان با لەوێ كەش و فشى خۆیان بكەن نەك بەسەر خەڵكى ئەم شارۆچكەیەوە خۆیان فش بكەنەوە , ئەوان لە تەمەنى خۆیان تەنها ڕۆژێكیان بۆ ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیرانى ئەم شارۆچكەیە پێ نابڕێى ئیتر چاوەڕى چیان لێ بكەین , جێى خۆیەتى كە گەنجانى ئەم شارۆچكەیە چیتر ڕێگە نەدەن ئەم سەرۆك شارەوانی و قائیمقامە وەك ئوتێل سەیرى دەربەندیخان بكەن , ئیتر كاتیەتى ئاخوڕەكانیان بۆ كایەنێكى تر بگوێزنەوە ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست