به‌مه‌به‌ستی ده‌رکردنی یه‌کێتی و تاله‌بانی له ریکخراوی سۆشیال ئه‌نته‌رناشنال، خۆپیشاندانێکی ناره‌زایه‌تی له‌به‌رده‌م باره‌گای
Saturday, 07/05/2011, 12:00
چه‌تری ئازادی له‌نده‌ن
به‌مه‌به‌ستی ده‌رکردنی یه‌کێتی نیشتیمانی و تاله‌بانی لە ئه‌ندامێتی ریکخراوی جیهانی سۆسیال ئه‌نته‌رناسیونال، دوێنێ 6 /4/2011 کاتژمێر 2 بۆ 4 دوانیوه‌رۆ، له‌لایه‌ن چه‌تری ئازادیەوە، خۆپیشاندانێکی ناره‌زایه‌تی له‌به‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌کی ئه‌و ریکخراوه له شاری له‌نده‌ن ئه‌نجام درا و ده‌یان که‌س لە رەوەندی کوردی تێیدا بەشداربوون.
دوای به‌خیرهاتنی ئاماده‌بوان ووته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌ئامانجی خۆپیشاندانه‌که به زمانی ئینگلیزی پێشکه‌ش کرا. به‌دوای ئه‌مه‌دا سه‌ره‌رای به‌رزکردنه‌وه‌ی چه‌ندین لافیته‌و تراکت و پۆستەری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەلایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه، چه‌ندین شیعار به‌زمانی ئینگلیزی و کوردی له چه‌شنی "سۆسیالیست ئینتەرناشنال پشتیوانی له یه‌کێتی و تاله‌بانی مەکەن، تاله‌بانی و یه‌کێتی له ئه‌ندامه‌تی ریکخراوی سۆسیال ئه‌نته‌رناشنال دەرکەن، ئازادی ئازادی ، ..." هه‌روه‌ها چه‌ندین که‌سایەتی سیاسیش وتەیان پێشکەش کرد‌و ئاماژەیان بە سه‌رکوتگه‌ری یه‌کێتی و پارتی دژ به خه‌لکی ئازادیخوازی کوردستان‌و میلیتاریزەکردنی شارەکان کرد.
پاشان نامه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی و چه‌ند به‌ڵگه‌و دیکۆمێنت سه‌باره‌ت به سه‌رکوت و کوشتار و پێشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌به‌رامبه‌ر خه‌لکی راپهریودا له لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی چه‌تری ئازادییه‌وه درایه به‌رپرسانی ریکخراوی ئه‌نته‌رناسیوناڵ. له نامه‌که‌دا سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی باس له پێشێلکاریه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی و تاله‌بانی دژ به خه‌لکی کوردستان کراوه له‌هه‌مان کاتدا به‌ناوی خۆپیشانده‌رانه‌وه داوا له‌و ریکخراوه کراوه که ئه‌ندامه‌تی یه‌کێتی و تاڵه‌بانی له ریکخراوهکهیاندا رابگرن و ده‌ریان بکه‌ن، چونکه ئه‌وان له‌دژی خۆپیشانده‌ران ده‌یان تاوان و پێشێلکاریان ئه‌نجامداوه.
شایانی باسه له‌برگه‌ی کۆتایی خۆپیشاندانه‌که‌دا بۆ یادکردنه‌وه‌و ریزگرتن له ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان و ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر تیرۆریستان‌دا هه‌روه‌ها ده‌ربرینی هاوخه‌می و هاوپشتی له‌گه‌ل که‌سوکاری سه‌رده‌شتدا، له لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه ئه‌و یاده ریز لێ‌گیراو سه‌ره‌تا بۆ ریزگرتن له گیانی سه‌رده‌شت یه‌ک خوله‌ک بێده‌نگی راگه‌یه‌نرا. دواتر قسه‌وباسێک به‌و بۆنه‌یه‌وه پێشکه‌شکرا و هه‌روه‌ها چه‌ندین وێنه‌ی سه‌رده‌شتیش به‌رزکرابوونه‌وه. به‌م شێوه‌یه خۆپیشاندانه دوای نزیکه‌ی دوو کاتژمێر کۆتایی پێهات.
چه‌تری ئازادی له‌نده‌ن
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست