کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەون یان مۆتەکە بە قەڵەمی "نەوشیروان مستەفا " "بەشی یەکەم "

Wednesday, 13/03/2013, 12:00


مێژووی نەتەوەوکەمان لەو بەشەدا کە بە باشور ناسراوە مێژوویەکی هێندە ئاڵۆز و قێزەونە، لەمێژووی هەموو گەلێک جیاوازتره‌، مه‌به‌ستم ته‌نها له‌ شه‌ڕی ناوخۆ و کوردکوژیی نییه‌، یان من ناڵێم شەڕی براکان لە هیچ ووڵاتی تردا نەبوە، مێژوو ی مرۆڤایەتی پڕه‌ لە ڕووداو و شەڕی ناوخۆ، بەڵام باوەڕ ناکەم کەسێک هەبێت لە باوەشی دوژمنەکەیدا وەک کورد ناوبژی بکات، چاکترە بڵێم ناشرینی ئەم شەڕانەی ئێمە لەوەدایە بۆ بەرژەوەندی داگیرکەرانە خزمەتکارو خۆخۆری لای ئێمە چۆتە ناو خوێنمانەوە بۆیە زۆربەی براکوژییه‌کانمان لەبەرژەوەندی داگیر کەرانەوە بووە. ئەم کتێبەی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ قەبارە کەمە، لێ زۆرشتمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە دەبێت هەموو تاکێکی کورد بیخوێنێتەوە تاکو حاکمان بناسین و هه‌ست و سۆز هەموو ڕووداوەکانمان لە یاد نەکات.
بەرلەماوەیەک لە سەر کتێبێکی تری "نەوشیروان مستەفا" م نووسی ، کە باسی لە مێژووی شەڕی ناوخۆ دەکات، بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=baf27377
وا ئیستاش دوای خوێندنەوەی ئەم یاداشتنامەیەی، که‌ لەسەر شەڕی براکان نووسیوێتی، هەندێک ڕاو بۆچوونم دەخەمە تویێ ئەم نووسینەوە، بۆ ئەوەی گەلەکەم بزانێت لەگەڵ کێدا مامەڵە ده‌کات و کێ حاکمێتی و چییان به‌م میلله‌ته‌ کردووه‌. " نەوشیروان مستەفا "کەسێکە جودا لە سەرانی تری حیزبەکان، ئەو بەئاگاییەوە ڕۆژانە ڕووداوەکان لای خۆی ئەرشیف دەکات و دوایش لە شێوەی کتێبدا بڵاویان دەکاتەوە، یان بۆی بڵاو دەکەنەوە. "خەون یان مۆتەکە" کتێبێکە کە لە پێشکییه‌کەیدا نووسراوە "یادداشتی ڕۆژانەی شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسانی و هەوڵەکانی کوژاندنەوە ئایاری ١٩٩٤/ئەیلولی ١٩٩٨ واتە خیانەتی ٣١ ئابیش دەبێت لە ناو ئەم یاداشەدا باس بکرێت، کە لە ساڵی ١٩٩٦دا لەشکری سوپای عێراقیان هێنایە ناو هەولێر، کەچی ئەم یادداشتە لە ١٩٩٤ باس لە پڕۆژەیەک دەکات، کە پارتی هیچ بایەخی پێنەداوە و لای گرنگ نەبووە، واتە لە ساڵی ١٩٩٤دا دەست هەڵگیراوە لە درێژەدانی باسەکە، کە شەڕی ناوخۆیە. گەرچی ئەم کتێبە دەبوو باسی ٣١ ئابییشی بکردایە و نەوشیروان قسەی لەسەر بکردایە، یان ئەو بابەتانەی وەک ئەوانی تر لەسەر ئەو خیانەتە مێژوویەیە هەڵدایەتەوە.
کاتێک یەکێتی و پارتی لە دوای هەڵبژاردنەوە کەوتنە ناو دووسەنگەرەوە، پەشیو ووتەنی "ئاگردانێکیان کرد بە دوو" فەرەنسییەکان یان چاکتر بڵێین سەرۆک میتران وەک ستایشێک و پاککردنەوەی مێژوویان بوونە ناوبژیوانی پارتی و یەکێتی، بۆیە ڕوویان لە سەرانی کورد کرد کە بچنە پاریس و لەوێ پێکەوە دانیشن و ئەم کێشەیە بە بەربەست بگەیەنن. تکاشی لێکردن کە ئەم هەوڵە بەنهێنی بهێڵنەوە و لە ڕۆژنامەکان و مێدیاکانیاندا باسی نەکەن. کەچی هه‌ر بۆ به‌یانییه‌که‌ی لە حەفتەنامەی گوڵان ئەم هەواڵە بڵاوکرایه‌وه‌، لام وایە تەنها لە بەر تورکان ئەم هەواڵەیان زوو بڵاو کردۆتەوە. واتە پارتی گاڵتەی بەشتێک دێت کە ناوی کورد و یەکێتی گەلەکەیەتی. تاڵەبانی لە بروسکەیەکدا دەنووسێت 'تکایە هەمووتان بەجدی پەیڕەوی ئەو بڕیارانە بکەن و جێبەجێیان بکەن و ماوە مەدەن بە لاساران و داخ لە دڵان بۆ شێواندنی ئەو ڕێکەوتنە گرنگە" کامەڕێکەوتن ؟.
پرسیارەکە لەوەدایە: کێ لاسار و داخ لە دڵە ؟ تۆیەک ماوەی ٣٠ساڵ خەڵکتان گۆشکرد کە بنەماڵەی بارزانی شیرپەنجەی کوردن و دەبێ تەفرو تونا بکرێن، کەچی کاتێک شەڕ بەردەکی ماڵتان پێدەگرێت ڕوو لە دەمی ئەندامان هاوڕێکانی خۆتان دەکەن دەڵێن داخ لە دڵ و لاسار. کاتێک لەگەرمەی کۆ بونەوەکاندان بۆ چارەسەر دۆزینەوە، لەبروسکەیەکی تردا تاڵەبانی داوا لە نەوشیروان دەکات کەب چێتە هەولێر بەڵام بۆی دەنووسێت "دیارە بەئیحتیات و ڕێگە تایبەتیەکەی خۆمان دا دێن"
کاتێک نەوشیروان مستەفا دەگاتە هەولێر بە ڕێگە ئیحتیاتەکەدا و لەگەڵ پارتییدا کۆدەبنەوە و ئەو پڕۆژەیەی کە ئامادەی دەکەن لەگەڵ خۆیاندا بۆ پاریسی بەرن بەزمانی "عەرەبی" دەنوسرێتەوە. داخۆ بۆچی بەزمانی عەرەبی دەبێ پڕۆژەی ڕێکەوتنی دوو پارتی کوردی بنووسرێتەوە؟ وەڵامەکەی ئاسانە، ئەوەتانێ دوای ٢٢ساڵ لە ئازادی لە زۆربەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی و پەرلەمانی کوردستانیشدا زۆر کاروبار بەزمانی عەرەبی بەڕێ دەکرێت، سەیری تابلۆی دوکاندارەکانی (دهۆک و هەولێرو سلێمانی) بکەن لە ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەی پاریسە باشتر نییە. کە بەعەرەبی ڕەنگاو ڕەنگ نوسراوە.

کە بەرەو پاریس بەڕێ دەکەون، یەکێتی بڕوای بەوە نییە وەفدەکەی لە ڕێگەی زەمینییه‌وە بنێرێتە تورکیا بۆیە، داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەن کە کۆپتەریان بۆ بنێرن، بەڵێ تورکان کە بەشێکی گەورەی ووڵاتەکەمانیان داگیر کردوە ئامانی بۆ سەرانی کورد زیاترە لە پارتی، بە کۆپتەری تورکی دەچنە دیار بەکر و لەوێشەوە بۆ ئەنقەرە. لە ئەنقەرەش کاتێک دەیانەوێت وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ببینن، ڕێگەیان پێنادەن و پێیان دەڵێن دوای گەڕانەوەتان لگەشتەکەی پاریس، بەڵام بە ئاسانیی وەفدەکەی پارتی دیموکرات دەبینن، بیرمان نەچێت مانگی تەموزی ساڵی ١٩٩٤ باس دەکەین.
دوای تورکان نایانەوێت کێشەی کورد پەلوپۆ بهاوێژێت بۆ دەرەوە ببێتە کێشەیەکی نێونەتەوەیی. سەیر لەوەدایە نەوشیروان ئاماژە بەوە دەکات کە "ئینگلیز و ئەمەریکاییەکان " ناوبژیکردنی فەڕەنساوییەکانیان بەدڵ نەبووە. دەکرێ بڵێین کورد لەسایەی ئەم سەرکردە حەکیمانەیەوە وەک بووکە شوشە یاریان پێکردوە و بەکاریان هێناون، تاکو ئێستاش ئەم بوکەششەیە هەر یاری پێدەکرێت. کاتێک" فرانک بەیکەر" یەکێک لە کار بەدەستانی باڵوێزی بەریتانی لە میانەی ئێوارە خوانێکدا، لە"نەوشیروان مستەفا" دەپرسێت لەبارەی گەشتەکەی و کۆبونەوەی پاریس ؟ ئەویش دەڵێ من زۆر ئومێدەوار نیم " موحسین دزەیی" یەکێک لە نوێنەرەکانی پارتی ڕووی تێدەکات و دەڵێ ئەگەر ئومێدەوارنیت ئەی بۆچی بڕۆین بۆپاریس ؟ خوێنەری زیرەک دەتوانێ زۆر شتی نهێنی لەناو ئەم گفتوگۆیەدا بچنێتەوە.
کاتێکیش دەیانەوێت گەشت بکەن بەرەو پاریس لەناو فڕۆکەخانەدا دوو دەمژمێر گلیان دەدەنەوە و یەکێک لەکاربەدەستانی ناوفڕکەخانە کە تورکێکە بەتوڕەیەوە دەقیڕێنێ بەسەریاندا و پێیان دەڵێ "نامانەوێت چارەی ئێوە لەم ووڵاتەدا ببینین، جارێکی تر مەیەنەوە بەم ناوەدا". کە دەگەنە پاریس لە "کۆشکی فڕانسوای یەکەم" ئەو کۆشکەی یەکەمین کۆبونەوەی سەرانی ٧ دەوڵەتە پیشه‌سازیە گەورەکەی دنیای تێدا کۆبوبوەوە لەوێ وەفتی پارتی یەکێتی هەواری کۆبونەوە هەڵدەخەن نەوشیروان باسی ڕێکو پێکی فەرەنساوییه‌کانمان بۆ دەکان کە چۆن پلانیان کردوە و هەریەکەیان ژوورێکیان بۆ داناون و ناویان لە سەر ژوورەکان تۆمار کردوون، ژووریان بۆ تاڵەبانی و بارزانیش ئامادەکردوە بەر لە چونیان. ئەی بۆچی ئەمانەیان لێرە کۆکردۆتەوە؟
-******+*******-
نیشتمانی ئێمە بەرەو دۆشینێک دەڕوات لە ماوەیەکی تردا دەبێتە بیابان و هیچی تێدا نامێنێت، چونکە ئێمە خاوەنی ئەم سەرانەین کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەموو شتێکیان خستۆتە هەراجەوە و داهاتوو لەو ووڵاتەی ئێمەدا لە سەراب دەچێت.
مادام میتران (دانیەل میتران)، نامەیەک بۆ ئەم وەفدە دەنێرێت، دوای خوێندنەوەی کە موچڕک بە لەشمدا هات، من لە نووسینێکی تردا نامەکەی هەڵدەسەنگێنم. نامەکەی لە جیاتی ئەوان من وەک تاکێکی کورد هەستم بەشەرمەزاریی کرد.
کۆبوونەوەکەی پاریس هیچی لێ سەوز نابێت، ڕاستە کۆمەڵێک خاڵ و بەندیان تۆمار کردووە، بەڵام شەر لە نیشتمان دەستی پێکرده‌وە و بنەماڵەکانی ئه‌مانیش پریشکیان بەر ناکەوێت، ئەوە هەژارانی کوردە بوونە سوتەمەنی ئەم شەڕە. لە گەڕانەوەشدا ڕێگەی زەمینی بەرەو هەولێر لە محاڵ محاڵ ترە بۆ وه‌فدەکەی یەکێتی. سەیر لەوەدایە دیسان داوا لە تورکان کرا، کە بەکۆپتەر وه‌فدەکە بگەڕێنەوە هەولێر، ئەم جارە تورکان دوو کۆپتەر دەنێرن یەکێکیان بۆ وه‌فدی یەکێتی ئەوی تریان بۆ وه‌فدەکەی پارتی، دەبێ خوێنەوەی تۆ چی بێت بۆ ئەم هەڵوێستەی تورکان ؟ لە جێگەیەکی ئەم کتێبەدا نەوشیروان ئاماژە بەقسەیەکی تاڵەبانی داوە و دەڵێت زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت" من بڕوام بە تۆرانییه‌کان نییە" کەچی کە بوە سەرۆک و فەخامەت لە سەر گۆڕی ئەتاتورک ووتی "دروستبونی دەوڵەتی کوردی، خەونی شاعیرانەیە". دنیا چەند سەیرە و میللەتی ئێمەش بیره‌کهردنه‌وه‌یان چەند لەماسی دەچێت.
نەوشیروان دەڵی ئەو پڕۆژانەی کە لە پاریس نووسیمان، شەڕ ڕێگەی نەدا براکان لەقەلادزێوە دەستیان کردە خوێنڕشتنی یەکتری، تورکانیش ڕاستەو خۆ پڕۆژەکەیان دا بە ئێران و سوریا و پێیان ووتن سەیرکەن هاوار سەیرکەن. بەڕەسمی ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر حکومەتی فەڕەنساو ووتی فەڕەنسا یارمەتی کورد دەدات دەوڵەت دروست بکات، دوای کۆبونەوەی هەرسێ وەزارەتی دەرەوەی ئەو ووڵاتانەی کرد بۆ یەکخستنی هەڵوێستیان دژی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی.
لێرەدا دەوەستین لە بەشی دووه‌هەمدا باسی دەوری ئێران و تورکیا دەکەین، چۆن سەرانی کورد ئاسانی لەگەڵ دوژمناندا دادەنیشن بۆ خاتری ڕێکەوتنی براکان، دەوری پارتی چەندە ناشرینە کە نایەوێت ڕاستەو خۆ لەگەڵ یەکێتی دانیشێت، پاشان کاتێک مەسعود هەست بەشکست دەکات لەنامەیەکدا بۆ تاڵەبانی چی دەنوسێت.

چاوەڕێ بەشی دووهەم بن.

تێبینی: ئه‌م کتێبه‌ی نه‌وشیروان به‌ زنجیره‌ له‌ کوردستانپۆستدا دانراوه‌. کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=2f3d

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە