کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا بەختیارلەسەر گۆڕی حەسەن کوێستانی باس لە دیموکراسی بونی بارزانی دەکات

Sunday, 19/05/2013, 12:00







مەلا بەختیار لەسەر کاندید نەکردنەوەی بارزانی بۆ جاری سێهەم تەنگەتاو بوە ، بۆیە دەستکەوتەکانی خەڵكی کوردستان بە ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن دەفرۆشێتەوەو وەک ڕابەرێکی بەناو سۆسیال - دیموکرات لە کوردستان دا کەسی پێ شیاو تر نیە بۆ سەرۆکایەتی جگە لە مەسعود بارزانی نەبێت ، مەلا بەختیار لەسەردانێکیدا بۆ ناوچەی باڵەکایەتی ، لە یادی شەهیدان حەسەن کوێستانی و هاوڕێکانیدا وتارێکی دورو درێژی خوێندەوە و باسی لە ئەزمونی دیموکراسی و وەسف کردنی پدک و ینک وەک دوو هێزی دیموکراسی خواز و داهێنەری دیموکراسی و بەوەی ئەم دوو حیزبە خاوەنی لەسەدا نەوەدی دەستکەوتەکانی کوردستانن ، بەڵام بۆ یەک ساتیش باسی بکوژەکانی حەسەن کوێستانی و هاوڕێکانی نەکرد چۆن بەدەستی پیاوەکانی مەسعود بارزانی شەهید کران ، باسی هۆی کوشتنی ئەو شێرە پیاوەی نەکرد لە کام شەڕدا شەهید بوو ، کەچی بکوژانی حەسەن کوێستانی کردە خاوەنی پاڵەوانی دیموکراسیەت ، بەڵام مەخابن کە ڕۆحیانەتی حەسەن کوێستانی بە جواب نەهات و بڵێ مەلا بەختیار تۆ خیانەی لە گۆڕی من دەکەیت ، چونکە ئەوە ی تۆ بە باشە باسی دەکەیت بکوژی منە ، بکوژی هاوڕێکانمە ،. لاچۆ لەسەر گۆڕەکەم ، کەچی دەڵێت ئۆپۆزیسیۆن ئەم دوو حیزبە شۆڕشگێڕە بە ڕەوا نابینن سەرۆکایەتی هەرێم بگرنەوە دەست ئەگەر ئەمە دیموکراسی نەبێت چۆن دەتوانن بەدیل بۆ سەرۆکی هەرێم بدۆزنەوە و وە ئەوان لە خۆیان ڕانابینن کە بەدیلەکەیان ئاشکرا بکەن ، وە من لای خۆمەوە دەڵێم ئەگەر ئازاد ییەک یان تروسکایی دیموکراسیەت لە کوردستان بونی هەبێت ئەوە هەرگیز دەستکەوتی مەلا و ئاغاکەی نیە ، بەڵکە دەستکەوتی خەڵکی کوردستانە ، چونکە هیچ هێزێکی دیموکرات خواز لە جیهان دا هێزی میلیشیاو و بانک و چەکدار و دەزگای تایبەت و زیندانی تایبەتی نیە ، بەڵام مەلا بەختیار هەرئەوەندە لە دیموکراسی تێگەیشتوە ، بەواتای مەلا دەبێت خەڵکی بچن ڕیز بگرن دەستی بارزانی و مەلا بەختیارەکان ماچ بکەن و دوایی بە ئیجازەی ئەوان ببنە ئۆپۆزیسیۆن و پاشان ئیختیاری سەرۆکی خۆیان بکەن ، یان ئەوەی مادام پدک و ینک داهێنەر و پارێزەری ئەم دەستکەوتەن ئیتر هەر دەبێت بۆ هەمیشە سەرۆکیش لە خۆیان بێت ، ئەمە پێوانەی مەلا بەختیار بۆ دیموکراسیەت بۆیە توشی حاڵەتی ‌ئێستریا بووە کە بارزانی کاندید ناکرێتەوە ، ئێ ئۆپۆزیسیۆن چی بکات ئەگەر خەڵک دەنگی پێ نەدەنەوە . ئێ ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێت یاسا سەروەر بێت نەک ئەوانەی زۆریان خزمەت کردوە . بەداخەوە دەبوایە لە هەموو جێگایەک باسی پدک بکردایە لە و جێگایە دا باسی نەکردایە چونکە جەنازەی ئەو شەهیدانە پدک وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ نەکردن ، بەڵکە جەنازەکانیشیان ئەتک کردن ، دەبوایە مەلا بەختیار باسی شەڕی ناوخۆی بکردایە کە شەڕێکی کۆنەپەرەستانەی ماڵ وێران کەر بوو ، دەبوایە داوای لێبوردنی لە کەس و کاری شەهیدان بکردایە بەوەی کە پدک و ینک هۆکاری شەهید بونی هەزارانی وەکو حەسەن کوێستانین ، کەچی باس لە پاڵەوانێتی خۆیان و بارزانی دەکات ، کە خێرو بەرەکەتیان بۆ ئەم وڵاتە بە دەست هێناوە . ئەنجا باس لە دیموکراسیەت دەکات ، وەکو خەڵکی نەزانن ئەو وشەیە چیە ، من بیرم دێت لە ساڵی ٩٨٣ لە ناوچەی شارباژێڕ کادیرێکی ینک بۆ خەڵکی گوندەکە تا تەواو بوو ١٥ جار وشەی پرۆلیتاریای بەکار هێنا خەڵکی داماو و نەخوێندەواریش بەس باوێشکیان دەدا . کاک مەلا ئێستا باوی ئەوە نەماوە خەڵکی لە بەڕێزتەوە فێری وانەکانی دیموکراسی بن ، بگرە زۆر ئاسان و سادە بچۆ ناو گۆگل و بنوسە دیموکراسی چیە ؟ ئەوکاتە وەڵامی بێلایەن وەردەگریت نەک وەک ئەوەی کە تۆ بۆ خەڵکی باس دەکەیت هەروەک قەشەو پاپاکانی چاخەکانی پێش ڕێنیسانس کە دەبوایە ئاینی مەسیحیەت بەس لەزاری ئەوانەوە ببیستن ، ئێستا ئەو سەردەمە بەسەر چوو . ، کە کۆمەڵێک وشەو زاراوەی فەلسەفی بۆ جوتیارەکانی لادێ باس بکەیت . واز لە خەڵکی بهێنن با چیان لا خۆشە بیکەنە پراکتیک نەک ئەوەی کە جەنابت پێت باشە ، ئەمەیە جەوهەری دیموکراسیەت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە