کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بارزانی دەچێت بۆ بەرەکانی شەڕ !

Sunday, 02/12/2012, 12:00



خەسڵەتی سەرکردە ئازایەتییە، سەرکردەیەک قسەی زۆری کرد و کرداری لەگەڵدا نەبوو ئەوە دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕیی. مەسعود بارزانی کەسێکە لە حزوری ڕۆژنامەنووسێکی تورکییدا ووتی: (منیش سەرم لێ شێواوە) کەسێکی سەرلێشێواو چۆن ده‌توانێت سەرکردایەتی شەڕێک بکات و چۆن بەسەرکردە هه‌ژمار ده‌کرێت؟ مەسعود لە ڕووی دەرونییه‌وە زۆر ماندووە، چونکە باوەڕی نەدەکرد ئەم هەویرەی ئه‌و شێلاوێتی ئاوا ئاوکێش بێت. کاتێک ئەو مانشێتەم لە چاودێردا خوێندەوە، زۆر پێکەنیم پێی هات، دراوسێیەکی کۆنی خۆمم بیرکه‌وته‌وه‌،  زۆر ترسنۆک بوو ئاخری لەترسا گیانی له‌ ده‌ستدا، ئەو زوو زوو بە دایک و باوکی دەوت دەچم بۆ شاخ و دەبمە پێشمەرگە، دایکیشی گاڵته‌ی پێ ده‌هات، هەموو جارێک لە وەڵامدا پێی دەوت نەکەی کوڕم" شتێک دەشکێنی" بریا مەسعودیش کاتی خۆی له‌ پوره‌ مەعسومی دراوسێمانەوە نزیک بوایە و ئەو قسەیەی بکردایە، ئەو دەم پوره‌ مەعسوم پێی دەوت: دانیشە مه‌سعوده‌ سەر مازو شتێک دەشکێنی. پوره‌ مەعسوم یادی بەخێر، بەهەموو کوڕانی گەڕەکی ده‌ووت (سەر مازو). ئێستا ئێمە چی بکەین لە کوێ پوره‌ مه‌عسومێک بۆ مه‌سعود پەیدا بکەین؟
کوا مه‌سعود ئه‌م خه‌سله‌ته‌ی تێدایه‌ کە وورەی بەرز و نەرم بۆ گەل، ڕەقیش بەرامبەر به‌ داگیرکەران. مه‌سعود ئه‌مانه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه.
کەسێک کە ئەو دوولایەنەی تێدا کۆ بێتەوە کەسێکی جەنگاوەری چاکی لێدەر دەچێت، ئەو دوولایەنەش پێکەوە لە کەسایەتی مەسعود و کەسەکانی دەوروبەری مەسعود کارێکی محاڵە، بۆیە بە دوای ڕێگە چارەیەکداین بۆ دیاریکردنی ئەم چون و نەچوونەی مەسعود بۆ بەرەکانی شەڕ. لەو ڕۆژەوەی دەنگۆی ئەوە هەیە بە" ئێف ١٦ " سەری ڕەش بۆردمان دەکەن، مەسعود لە بلە و بارزان لە بن توتڕکەکاندا شەو دەکاتەوە. ئاخر کەسێکی ترتان دیوە، یان بیستوە سەرۆکی هەرێمێک بێت و لە ماڵەکەیدا ڕۆژانە فەرمانەکانی جێ بەجێ بکات؟ ئەی فەرماندەی سەرۆکی هەرێم نابێ لەو جێگەیە بێت کە ناوی نراوە پایتەختی هەرێم.

ئاخری بۆ دواجار بابەکر زێباری خۆفرۆش ڕایگەیاند کە پێکەدان نابێت، بەڵام هەر لەسەرەتاوە هەموومان زانیمان ئەمە سیناریۆیەکە بۆ ئەوەی ڕەوا بدات بەو هەموو دزیی و تاوان و نابەرابەرییە کە لەماوەی ئەم ٢١ساڵەدا بەرهەم هێنراوە.

مەسعود دەڵێ: من خۆم سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە دەکەم. مەسعود تاکو ئێستا نازانێ کامە ڕێگە بەسەرکەوتنی دەگەیەنێت؟ چونکە بەدرێژایی ئەو شەست ساڵەی لەباوانەوە میراتی بەناو شۆڕشیان گرتۆتە دەست، تاکو ئێستا ڕاستەو خۆ بەشداری کارێکی سەربازیان نەکردووە. ئەوەی وێنە کراوە و خۆیان کردۆتە قارەمانی ئەیلول و شەڕی خواکورک، ئەوە داماوی ئەو پێشمەرگە شیوعیانەن کە شەرم دەکەن ڕاستی ئەو مێژووەمان بۆ بگێڕنەوە، کاتێکیش بابە ڕەسوڵ کە گەنجێکی کرێکار بوو پێشتر لە ناو یەکێتیدا بوو دوای چووە لای پارتیی و بوو بەهەوێنی ئەو شەڕە، کەس ئێستا باسی ناکات، ئەو کرێکارێکی خەڵکی سلێمانی بوو پیاوێکی ئازابوو، ئەو شەهید بوو مەسعودیش لەپشتەوە وێنەی دەگیرا نزیکی شاری شنۆ. ئەوە ڕاستی داستانی خواکورک بوو.
کاتێک لە ئازادیی کوردستاندا هەموو ڕۆژێک تۆپەکانی ڕژێمی ئێران و فڕۆکەکانی تورکە فاشیستەکان نیشتمانی کوردان بۆردمان دەکەن، مەسعودی سەرکردە هیچ ناڵێت، کە توڕەش دەبێ دەڵێ جیادەبینەوە تورکان دەبێ بەسەر لاشه‌ی مندا بڕۆن. کەچی ڕاستییه‌کەی ئەوەیە لە ڕێکەوتنێکدا سوپایەک و چەند سەربازخانەی بۆ تورکان کردۆتەوە.

ئەمەی مەسعود دەستی داوەتێ و دەیڵێ و کردویه‌ بە بنێشتەخۆشەی سەرزاری، شەڕێکی خۆ تڕێنە و سەر و ماڵێ میللەت تێیدا دەچێت، چونکە مەسعود تاکو ئێستا نەخۆی ناسیوە نە دوژمنەکەی. هونەریی شەڕکردنیش وایە تۆ خۆت و دوژمنەکەت بناسی ئەوجا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێ.

کێشه‌کە بەگشی وەهایە، ئەوەی بەر لە دوژمنەکەی بگاتە مەیدانی جەنگ گۆڕەپانی جەنگی بەبێ شەڕ داگیر کردووە، مەسعود لەسەری ڕەش نایەتە خوارێ، ئەو کە بۆ جێگەیەک دەچێت هێندە ئۆتۆمۆبێلی دەرعی لەگەڵ دایە پیاو بەزەی پێدا دێتەوە و دەپرسێ ئەرێ بەڕاست ٧٠% ی خەڵک تۆیان هەڵبژاردووە؟

پەندێکی جوانی چینی هەیە دەڵێت: (کە هەور گرمەی هات، گوێ ئاخنین بێسودە) ئەوەتانێ مالیکی لە ووتارێکدا هەموو ژێربەڕەی هێناوەتە سەر بەڕە و ئێستا ئێوە ناتوانن حاشا لەو ڕاستییە بکەن، خۆشبەختانە کاک کاوە جەمال بەشێک لەووتارەکەی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی و لە کوردستانپۆستدا بڵاوی کردۆتەوە دەستخۆشی لێدەکەم.

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=46c5a3b2

پیشەی شەڕی سەربازی وەک "سۆن تزو" دەڵێ لە هونەری جەنگدا (پیشيی شيڕی سەربازی پیشيیەکی وەحشیانە نییە، لە کوشت و بڕین بەولاوە جیی تر نەزانیت. بەڵکو قوربانییەکی تاکو کۆیە و بەمەبەستی پاراستنی ڕێساکان و دابین کردنی ئاسایش و یاسا).

مەسعود خوای چەسپاندنی یاسایە، ئەوەتانێ لە ڕێگەی یاساوە هەر بەعسیەک لێی دەقەومێ لە سەری ڕەش داڵدە دەدرێت، موستەشارەکانی سەردەمی ئەنفال ٣٥٠٠٠ جاشی سەردەمی بەعس پاشان قارەمانەکانی شەڕی ناوخۆ، لەسەرو هەمووشیانەوە پاڵەوانە تەقەکەرەکانی ١٧ی شوبات، ئیستا مەسعود دەیەوێت بەکامە لەشکر بەرگری بکات؟ لەکاتێکدا وەک مالیکی دەڵێ ئێوە خۆتان دەنگتان بەم دەستورە داوە ئیتر کڵاوی چی دەکەنە سەر خەڵک.

لە کۆتایدا دەچمەوە لای "سۆن تزو" کە لە کتێبەکەیدا ئاوا باس لەسەرکردە دەکات (توڕەبوون ڕیسواییە، دەبێ سەرکردە خۆی لێبپارێزێ، چونکە دەبێتە مایەی شیرازە تێکدان و فکری سەرکردە) ئەو باس لە سەرکردە دەکات نەک مەسعودێک، کە نە هزری هەیە نە دەزانێت گوللەیەکی کڵاشیکۆف چەندی بارووت تێدایە؟ مەودای چەند دەڕوات؟ کێ دروستی کردووە؟ چۆن گەیشتۆتە لای ئێمە؟ تەمەنی ئەو چيکانە چەندە و لەکوێدا بەکار هاتوون ؟

ئێوە هێندە خاڵی لاوازتان هەیە، دوژمنەکانمان هەمووی دەبینێت، ئێوە کە لێتان دەقەومێت بەناوی کوردەوە بەناوی هەموو گەلەوە قسە دەکەن، چونکە وا لە خەڵک دەگەیەنن جەنگ تەنها خوێنڕشتنە، دەتانەوێت خەڵکی بقەپێنن، چونکە ناتانەوێت، ئیتر چۆن وەک چەقەڵ دەمتان چەقانۆتە سەر خان و ژێرخانی ئەو نیشتمانە داگیرکراوەمان و هەراجتان کردووه‌.


لەکۆتایدا: ئێمە دڵنیاین شەڕ نابێت، بەڵام تو گۆڕی مه‌لا مسته‌فای باوکت و برا جوانەمەرگەکەت کە شەڕ بوو، رامه‌که‌ و بڵێ دانم داوێته‌ ژان، خۆتمان لێمەشارەوە بزانین ده‌مانه‌وێت بزانین مه‌سعودی کوڕی مه‌لا مسته‌فا چۆن شەڕکەرێکی ئازایه‌!؟ منیش ده‌ڵێم پەیمان بێت ئه‌گه‌ر تۆ بێیت بۆ بەرەکانی شەڕ، ئه‌وا منیش قیروسیا دێم بۆ ئەو شەڕەی کە لە ئەزەلەوە بڕوام پێی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە