کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حوسنی موبارەک و حوسنیە شێتی سلێمانی!

Sunday, 21/10/2012, 12:00


موبارەک ووتی به‌دوای ووتاره‌که‌مدا کە خەڵکی له‌ مەیدانی ئازادیی پێڵاویان بۆ بەرزکردمەوه‌ و فیکەیان بۆ لێدام، بڕیارم دا ئیتر سەرم لە بۆیاخ نەگرمه‌وه‌. ئاخر چۆن بۆیاخی بکەم کاتێک لەسەر کورسی حوکم بووم دەیان سەرتاش خەریکی قژو برۆ و برژانم بوون، کەچی ئێستا بۆیاخی پێڵاوی دەستی منداڵەکانی قاهیرەم بۆ دەهێنن و دەڵێن ها حوسنی دەتبەین بۆ دادگا ی گەل سەرت لە قوڕ ده‌نێین؟

سەمەرەی دەسەڵاتداران لەوەدایه‌ کە هیچ وەختێک نایانەوێت وانەیەک لەهەرەس و ڕیسوابوونی دیکتاتۆران و حاکمانی پێش خۆیان و درێژەدانی مێژوو وەربگرن ، ئاخر قەیسەرێکی چینی داوای لە حەکیمەکان کردبوو کە پەلە بکەن لە دۆزینەوەی دەرمانێکدا بۆ ئەوەی مردن ڕابگرێت درێژە بەژیان بدات.
کە سەیری مێژووی دەسەڵاتداران دەکەیت سەربە قوڕ دەهێنێتە پێکەنین . لە کۆتایەکانی حەفتاکانی ڕابردوودا، ژنێکی داماو هەبوو لە سلێمانی ، بە حوسنییە شێت ناوبانگی دەرکووبوو، ئەو لەو شه‌قام و بازاڕانەدا وەرببوو ، پاسەوانە قارەمانەکانی شه‌و خۆیانیان بەو ئافرەتە شێته‌ داماوە بەتاڵ دەکردوە ، تا سکیان پڕ کرد و ئەو جوێنی دەدا و منداڵە بێ باوکەی خۆی دەدا بەته‌نکەی شانیدا و لەکوێدا پێی خۆش بوایە بوخچەکەی دەکردەوە . لاتان وانەبێت کەسانێک هەبوون دەیان برد دەیان شۆرد و بەرگی نوێیان بۆ دەکرد، کەچی کە کەوتەوە سەر شه‌قامەکان بەرۆکی دڕاو دوو مەمکی درێژی بەسنگیدا شۆڕ ببۆوە ، قسەی بۆ ڕێبواران دەکرد . ئەو حوسنییە بووە مێژووی شار و نازانم دوای چی لێبه‌سه‌رهات، یادی بەخێر ئەوە کەرەستەی چیرۆکێکە دەبێ بنووسرێتەوە، بەڵام حوسنی موبارەک لە قەفەزێکدا دیمان دادگایی کرا بۆ هەتا هەتایە لە زینداندا دەبێت ، هەر ڕۆژە ناڕۆژێک ڕۆژنامەکان دەڵێن حوسنی مرد . حوسنی دڵی وەستا.... حوسنی نان ناخوات... یان دەشڵێن حوسنی نیشتمانی خۆی خۆش دەوێت نایەوێت لەمیسر دەرچێت.
ئایا حوسنی موبارەک دوا وانەی مێژووی دەبێت؟
بەدڵنیایەوە نا ، چونکە مرۆڤایەتی و سیستەم لە ووڵاتەکانی ئێمەدا لە حیکایەتی مێش دەچێت، هەموو ئاواتی ئەوەمان بوو بە خۆفرۆشەکانیشەوە، کە ڕژێمی سەدام نەمێنێت ، کەچی ئیشتا دەیان سەدام بگرە هەر ناوچە و گوندێک سەدامێکی بۆ قوت بۆتەوە .سەدامەکانی ئیستا زۆر ترسناکترن لە سەدامە ڕاستەقینەکە ، سەدامەکانی ئیستا دەشتکوژن و تۆمەتێکیشت بۆ دروست دەکەن و دەتکەنە تیرۆریست و سیخوڕی نێودەوڵەتی و کار لەسەر لەکەدارکردنی کەسایەتیشت دەکەن.

وێنە سەر سپی بونەکەی حوسنی چیرۆکی کەسێکی داماومان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەسەڵاتداران هیچ نین، جگە لە داماوییەک کە مرۆڤایەتی قێزی لێدێتەوە ، ئەی حوسنییه‌کانی دەسەڵات ناتوانن وەک ماندێلا خۆیان جوان بکەن ، گەرچی هەوڵی زۆریان دا نیلسۆن ماندێلا جارێکی تر لە دەورەیەکی تردا لەسەر حوکم بمێنێته‌وه‌ ، لەوەڵامدا ووتی من لەکاتی شۆڕشدا هێندە شتی باشم کردوە ،هەرهیچ نەبێ خۆ ڕاگربووم نامەوێت بۆ کورسی دەسەڵات ڕابردووشم بخەمە ژێر پرسیارەوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە