کاتێک مرۆڤ بەچەکی دەستی خۆی دەکوژرێت! وەڵامێک بۆ کاک بەختیار شارەزووری
Monday, 08/04/2013, 12:00
لە نووسینێکدا کاک بهختیار شارهزوری لە سەر خیانەت و هەڵە، وەڵامی ووتارێکی داومەتەوە کە لەسەر دوا دیمانەی نەوشیروان مستەفا نووسیبوم. کاتێک نووسینی ئەو بەڕێزەم خوێندەوە هەستم کرد کاک بەختیار کەسێکی چالاکە و خۆی خستۆته هەڵەوە خەریکی خۆکوژییە، ئەو تەنها دوو خاڵی لە ووتارەکەی من بە ههند وهرگرتووه و دەیەوێت بڵێت بەڵێ ئاشبەتاڵ و ٣١ئاب مادام کاک نەوشیروان بەهەڵەی دەزانێ کەواتە هەڵەیە و خیانەت نییە . پاشان دێتە سەر ڕێکەوتنی دەباشان و دەڵێ بڕۆ بەرنامەی گۆڕان بخوێنەرەوە، خاڵ و بەندەکان دیاردەکەون، وەک ئەوەی مەتەڵ لە من دابێنێت.
ئازیزم کاک بەختیار ... گەر تهمهنی کاک نەوشیروان باقی بوو دوای ١٠ساڵی تر ههروهک چۆن له کتێبهکانی ئهم دواییانهیدا سهرچهم ئهزمونی خۆی له ناو شۆڕش و پهیوهرندییهکانی به تالهبانیی و بارزانی کهم تا زۆر باسکردووه، نیشانهی پهشیمانی پێوه دیارن، ئاواش ڕێکەوتنی دەباشان و سێ جار بینینەکەی مەسعود بارزانی و دیدارەکەی ئاشتی هەورامی و نێچیروان و سەفەرەکەی بۆ ئێران و دیدارەکانی میوانە ڕیشدارەکان و ئەوانی تریشمان بەکتێبێک یان بەنامیلکەیەک بۆ دەخاتە بازاڕەوە و لەوێدا کە سودی نابێت بۆمان دەگێڕێتەوە، ئێمەش تەنها خوێندنەوە و ئاهێکمان لە کیس دەچێت. ئەوە من لە ڕێکەوتنەکەی دەباشان نەگەیشتم، ئەی دەکرێ پێمان بڵێیت یان بەکاک نەوشیروان بڵێیت دوێنی فازیل میرانی و مەلابەختیار چ پهیام و قسهیهکی تازهیان پێبوو ئێمە نەمان بیستبێت، بۆیە ئەگەر لای گۆڕانەوە ئاسان کاری نەکرابێت، جەعفەر ناوێکی قسەکەری پارتی ناڵێت دەنگی زیاتر و نفوسی زیاتر لە سلێمانی دەهێنین، چونکە کۆدی تەزویرو ساختەیان دراوەتە دەست.
من ئاوا لە وەڵامەکەی کاک بەختیار گەیشتم، گەر ئەم بەڕێزە گۆڕان بێت مافی خۆیەتی بەرگری لە قسەی رابهرهکهی بکات، خۆئەگەر بیشیەوێت لە گۆڕان نزیک بێتەوە ئەوە توشی هەڵە دەبێت کاتێک خیانەت و هەڵە تێکەڵ به یەکتر بکات .
نەوشیروان مستەفا کاتێک بە مەسعود بارزانی ووت "تۆکەسێکی ئەمینی" ئیتر کوردستانپۆست ئەو هەواڵەی بەخەڵک ووت و پێی ووتن هیواکانتان لەسەر بزوتنەوەیەک هەڵمەچنن کە بەگومان دەوری دراوە، وهک من له کهسێکی نزیکی نەوشیروانم بیستهوه ووتبووی ئیتر تا من ماوم نامەوێ دیدار لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بکەم، ئهم قسهیه تا چهند راسته و چۆن پهیڕهوی له گفتی خۆی دهکات، ئهوه مێژوو وهڵامی دهداتهوه! ئێستاش کە ئاشبەتاڵ و ٣١ئابی لە خیانەت داشۆریی و بەرگی هەڵەی پێپۆشی و ئێمە لێی هاتینە دەنگ، ئیتر رهنگه جارێکی دیکه نهیهوێت لە مێدیاکانەوە قسەی لهو جۆره بکات، بۆیە ئەم بارودۆخە تەنها لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ئەم شکستەی سەرکردەی گۆڕان تێناپەڕێت، ئەم خۆ شاردنەوەیە تەنها وەهمێکەو هیچ دەرئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە.
دەبێ کاک بەختیارەکان تەنها دەروێشێکی حاڵ لێهاتوو نەبن، نەوشیروانێک ئاشبەتاڵ و ٣١ئابتان بۆ بکاتە هەڵە، داخۆ ١٧ی شوباتەکەتان بۆ چی لێبکات، گەرچی ووتی ئەوانە گێرەشێوێنن و" ڕێبین هەردی" نەیتوانی ئەو کۆڵەی لە پشت دابگرێت، بەڵام ئێمە میللەتێکین کە زۆر زوو بەختی ئەم سیاسیانە شتمان بیردەچێتەوە. بۆ هەموو شکستێک دەسەڵات و بەناو ئۆپۆسیسیۆن پاساوێکی ئامادەیان هەیە و لەجێگەی خۆیدا پێمان دەفرۆشنەوە، کەچی شرۆڤەکانی ئێوە ڕاستی شکستەکانتان ناشارێتەوە. من لام وایە چالاکی شۆڕشگێڕانە تێکڕای بوونی مرۆڤ بە بنەما دەگرێت و ئەو هێزانە کە ئاراستەی پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە کۆڵ دەگرن، نەک ئەوانەی کە لەخودی شۆڕشگێڕی ناگەن و ووشەکە سەقەت دەکەن.
کاک بەختیاری بەڕێز ... کەسێک لە فەیسبووک نازانم ووتارەکەی خوێندبوومەوە، یان هەر تهنها سەردێڕەکەی خوێندبوویهوە، نووسیبوی ئێوه که هێندە ئازان بۆ نایهنهوه و چەک هەڵگرن!؟ " من خەمم خوارد بۆگەلەکەم، چونکە شەهید ئارام ووتەنی پێشمەرگە کە ڕووت بویهوه لە بیروباوەڕ دەبێتە سەربازی شەترنج.
لای من ووتارێکی ڕەخنەگرانە نرخ و بەهای زانستی هەیە، کاتێک نایەڵێت فەرهەنگی درۆی سیاسی تێکەڵ بە فەرهەنگی ڕووکەش و ڕیاکارانە بێت و نایەڵێت خیانەت بە هەڵە پێناسەبکرێت.
کاتێک ئێوە دێن و دەڵێن خەڵکی خۆ ڕەشۆکی ئێمە قسەکانی کاک نەوشیراون بەهەند وەردەگرێت، خۆ ئەو دز نییە و گەندەڵ نییە و ناشیەوێت ئینقلاب بکات، دەیەوێت لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەسەلات بگۆڕێت، من پێت دەڵێم ئەگەر هەموو ئەو هەرێمە لەباشور دەنگ بەگۆڕان بدات، کاک نهوشیروان ئازایەتی ئەوەی تێدا نییە دەسەلات بگرێتە دەست . ئهو گەیشتۆتە ئاستێک و خاڵێک کە دێرو ئازایەتی وەهماوی دەرخواردی خەڵکە ماندۆکەی ئێمە بدات . ئەوەشی بۆ لواوه، ئەوەتانێ زانستە سیاسییهکان پێمان دەڵێت "کەسایەتی مرۆڤ پێکهاتەی ئایدۆلۆژیکی ئەو کۆمەڵگایە یه کە دروستی دەکات و شتێکی تر نییە " .
ئێستا ڕووی دەمان لە کاک بەختیار دەکەین و دەڵێین "لات وایە دادپەروەری بە پاڕانەوەو جادوکردن بێتە دەی؟" لەکاتێکدا گۆڕان سندوقی هەڵبژاردنێک دەکاتە پێوەر، که ئهو لە سەرەتاوە دۆڕاوی یەکەمە، چونکە پارتی نایەوێت هەر باسی ئاشبەتاڵ و ٣١ئاب بەهیچ شێوەیەک بکرێت، هەر بەرگێکی پێ بپۆشن بۆ بنەماڵەی بارزانی هێڵی سورە .
دیسان ئایا لاتوایە بتوانین بە مرۆڤێکی کۆن کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەین، یان ئێمه پێویستمان بەگۆڕینی مرۆڤیشە ؟ لێرهدا مهبهستم له تهمهن نییه! وەک ئەرنەستۆ گیڤارا ووتی " لە پێناو دروسکردنی کۆمەڵگای نوێدا پێویستمان بە بوکە شوشە نییە سەربلەقێنێت و بەهەموو شتێک قایل بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ".
لام زۆر مایەی خۆشحاڵی دەبوو، کە کاک بەختیار ووتارەکەی خۆشی بۆ ماڵپەڕی سبەیش بناردایە ئەودەم دەیزانی داخۆ بۆی بڵاودەکەنەوە یاخود نا؟ چونکە لینکی کوردستانپۆست وەک لەو ماڵپەڕەدا بڤەیە، با ووتارەکەش بەرگری لەوان بکات.
چونکە سیاسییهکانی کورد سیاسەتیان ناشرین کرد، ئەوەتانێ ئەمڕۆ جاش و جاسوس و خۆفرۆش و فایلدارەکان بیرەوەریی خۆیان دەنووسنەوە، کوژراوەکانیشیان موچەی شەهیدانە وەردەگرن، جاشەکانیش موچەی خانەنشینی وەردەگرن، ئۆپۆسیسیۆنیش خیانەتی شوبهاندووە بەهەڵە، ئیتر هەموو شت بەخێرو خۆشی گەڕاوەتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست