کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانخوازان لەحزورى بارزانیدا

Friday, 23/09/2011, 12:00






بەشێكى كەم لەغرورى كەسایەتیم پێى دەگوتم: خۆزگە منیش بەشێك ئەبوم لە مەجلیسەكەى بارزانى و گۆڕانخوازان، بەڵام بەشە زۆرەكەى پێكهاتەى كەسێتیم دەیگوت: خۆشبەخت خۆت كەیەكێك نەبویت لەپێشوازیكەرانى بارزانى(چونكە من پێشتر بارزانیم بینیوەوبینینى هیچ سەرۆك حزبێكى كوردى بۆمن خولیا نیە)
لێرەوە دەمەوێت خوێندنەوەیەك بۆ ئەو دیدارەى بارزانى و نەوشیروان مستەفا بكەم، كە ئایا كۆبونەوەیەكە ئومێدبەخش، یان كۆبونەوەیەكى دیكەیە لەژورە تاریكەكاندا، یان كۆبونەوەیەكە بۆ كۆبونەوە...
كۆبونەوەكە پڕبوو لەدوالیزمى سیاسەتى گۆڕان لەنێوان بەرنامەى تیۆرىو رەفتارى ئەو حزبەدا، بەم خاڵانەى خوارەوە دەیانسەلمێنم:
یەكەم: ئێوارەخوانێك لەلایەن گۆڕانەوە لەسەر شەرەفى بارزانى، ئەوبارزانییەى بۆ هاوڵاتى لەلایەن راگەیاندنەكانى گۆڕانەوە لەماوەى خۆپیشاندانەكاندا هیچ نەبوو جگە لەدیكتاتۆرێكى هاوشێوەى قەزافى وموبارەك ...هتد.
دووەم: كەڵەكەكردنى ئەو هەموو گۆڕانخوازەكۆن ونوێییە بۆ پێشوازیكردن لەبارزانى بەیاوەرى نەوشیروان مستەفا، بۆ خۆم ئەو دیمەنە تەواو بێ تاقەتى كردم، بێ ئومێدى باڵى كێشا بەسەر بیركردنەوەكانمداو لەخۆم پرسى ئۆى خوایە بۆ دەبێت گۆڕانخوازان هێندە عاشقى بینینى خاوەن شكۆ بارزانى بن، لەكاتێكدا ئیشى ئەوان گەڕانەوەى شكۆیە بۆ هەموو تاكیك هاوشێوەى خاوەنشكۆكان .(وێنەكانى كەى ئێن ئێن جوانى پیشان دا، كە قەنەفەى یەك نەفەرى، دوو گۆڕانخواز و قەنەفەى دوو نەفەرى سێ گۆڕانخواز و قەنەفەى 3 نەفەرى 4-5 گۆڕانخواز كەڵكەكەیان لەسەر كردبوو)
سێیەم: ئامادەگى نماو چیا نەوشیروان مستەفا لەحزورى بارزانیدا و كەڵەكەبونیان لەحەشاماتى گۆڕانخوازان لەئێوارخوانەكەى شەرەفى بارزانیدا، نیگەرانترى كردم و وتم: ئەها نەوشیروان مستەفاش كوڕەكانى خستە پێشچاوان و هەوڵ دەدات كوڕەكانیمان پێ بناسێنیت. چونكە نەمزانى وەزیفەى ئەوان چییە لەویدا، نەمزانى ئەوانیش عاشقى دیدارى خاوەنشكۆن، یان نەخێر وەكو سەرجەم گۆڕانخوازانى ئامادەبوو بۆ كەڵەشێرخواردن لەوێن.(كە ئەو رەخنەیەدەگرم تەنها لەبەر ئەوەیە كوڕەكانى نەوشیروان مستەفا، نەچنەوە سەر ئەو دەرزەن كوڕە مەسولەى نەبان و نەخوێندەوارو ناهۆشیارن، كە بەبێ باوكیان هیچ نین و بێ ئیرادەن و لەناو روداوەكاندا ون دەبن)
چوارەم: تەغتیەى راگەیاندنى گۆڕأن بۆ دیدارەكەى بارزانى و نەوشیروان مستەفا، چەشنى تەغتیەى حزبیانەى یەكێتى وپارتى بوو بۆ كۆبونەوەى حزبى سیاسیەكانیان، راگەیاندنەكانى گۆڕان لەبارەى دیدارى خاوەنشكۆ و نەوشیروان مستەفاوە تەنها ئەوەندەیان وت، دیدارەكە لەسەر داواى بارزانى بوە.(ئەوەش وەك دروستكردنى پەردەیەكى نهێنى و بۆ نەهێشتنى شەرم لەنێوان گۆڕان و جەماوەرەكەى، بەتایبەت كە ماوەیەكى كەم بەسەر خۆپیشاندانەكان و شەهیدو بریندارو سەركوتكردنى هاوڵاتیاندا تێپەڕیوە) بەڕاى من ئەوەش تا ئەو شوێنە بڕدەكات كەئاشكرابوو ئێوارەخوانى گۆڕانخوازان بوە لەسەر شەرەفى بارزانى .
پێنجەم: كۆبونەوەى دوو قۆڵى و داخراوى نێوان نەوشیروان مستەفا و بارزانى بۆ؟ بۆ چاكسازییە؟ ئەى خۆ پێویستە لانیكەمى زانیارى بەهاوڵاتى بوترێت، چۆن و هێڵەگشتیەكانى كۆبونەوەكە بۆ ئەوە چی بون .
گۆڕان چیترناتوانیت وانیشان بدات دژى كۆبونەوەى داخراوە،چونكە ئەوەتا بۆخۆى كۆبونەوەكانى كردۆتە دوو قۆڵى و دەرگاكانیشى داخستوە . (خێرى ئاوێنەو هاوڵاتى و لڤین بگات كەلەزارى سەرچاوەیەكەوە هەندێك زانیارییان بە ئێمە بەخشى).
هەرچەندە یەكێتیەكان بەو كۆبونەوەیە خۆشحاڵ نەبون و نین، بەڵام ئەوە ناكاتە سەركەوتنێك بۆ گۆڕان لەسنورى پاێزگاى سلێمانیدا، چونكە شەش مانگ نابێت لەژێرزەبرو دەسەڵاتی بارزانى و بەهێزى یەكێتى نیشتمانى 8 هاوڵاتى شەهیدو سەدانیش بریندارو زیندانى كران، جگە لەوەش سەرچاوەیەكى باڵاى پارتى بەهاوڵاتى راگەیاندوە دیدارەكەى نێوان بارزانى و نەوشیروان مستەفا بەئاگادارى تاڵەبانییە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە