پەڕلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆنیش مشەخۆر دەرچوون
Friday, 01/11/2013, 12:00
2069 بینراوە
زۆر پەڕلەمانی دەمهەراش و قسە لوسی بەر کامێرامان دی کە باسی دادی کۆمەڵایەتی و دژایەتی گەندەڵییان دەکردو کوردایەتی و دادپەروەرییان بەناوی دین و ویژدان و باوەڕەوە بە ئێمەومانان دەفرۆشتەوە ، زۆر جاریش ئومێدمان لەسەر ئەمانە هەڵچنیبوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵکاران و دەستپیسانی چاو برسی کوردستان! چونکە وامان دەزانی ئەمانە جارێکی کە ناکەونە داوی دراوو سامانەوەو ڕۆڵەی دڵسۆزی کوردستانن و داکۆکی لە بەرژەوەندی گشتی و مافی هەژاران دەکەن ، پێمان وابوو لە سای ئەمانەدا دەکرێت ئومێد هەڵچنین و لە دوو سێ خولی ئایندەدا ببین بە خاوەنی پەڕلەمانێکی کارای ڕاستەقینە ، بەڵام دیارە خەیاڵ پڵاو دەرچووین و ئەمانەش هەر هەمان ماددە ن و هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە بابەتی وەرگرتنی ئیمتیازو دراودا لە گەڵ ئەواندا نییە، هەندێك لەوانە خۆیان بە میراتگری عومەری عەبدولعەزیزو ئیمامی فاروق دەزانی و دروشمی دادگەرییان کردبووە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چواری پەڕلەمان هەندێکیشیان داوای چاکسازی و اێلاح و گۆڕانیان دەکرد ! ئەی ئافەرین بۆتان چاك گۆڕیتان و چاك دادپەروەر و دادگەرو چاکساز بوون ، نیشانتان دا هەموو هاشوو هوشێکتان بەس بۆ خۆ نواندن و خۆ دەرخستنە ، ئەگین ئێوەیەك کە مووچەیەکی باشتان هەیەو بەشەش ملیۆن خانەنشین دەکرێن ، ئیتر بۆ دەبێت بڕی ٤٩٣٠٠٠٠٠ دینار پارەی ئەم میللەتە ڕەش و ڕووتە وەربگرن و لەو لاشە وەك داکۆکیکارو پارێزگاری گەل بناسرێن ، بە وەرگرتنی ئەم گوژمەیە نیشانتاندا کە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆتان لەگەڵ ئەوانی تردا نییە کە سەردەمانێك تۆمەتبارمان دەکردن و تۆمەتبارتان دەکردن بە بەهەدەر دان ، زۆرم لە لا سەیرە لە زەرفێکی ئاوا ناسك و لە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان شتی لەمجۆرە قبوڵ بکات لە نوێنەرەکانی ، ئەمە ئیتحارە، بەڕاستی دەبێت وەك چۆن پێشتر لە سەروبەندی واژۆکردن لە سەر کۆنوسی وەرگرتنی ئیمتیازی شوقەو سەیارەکاندا هاتە دەنگ و هەندێکیشیانی دایە بەر غەزەبی پیرۆزی ، ئەمجارەش ڕوونکردنەوەیەك بداتە ڕای گشتی و ئەمانە بە دەرچوو لە ڕێبازی گۆڕان و پڕەنسیپی گۆڕان بناسێنێت ، سەیر لەوەدایە ئەمانە کراونەتە ڕاوێژکاری پەڕلەمانتارەکانی خولی چوارەم !!!!!!!!!!!!!!! { هەی سەوزەڵە خانم ، بچکۆلە ، باوانم } .
بەڕاستی سەرسام بووم ئەم دەنگوباسەم بیست ، توشی بێ ئومێدی بووم !
بۆیە داوا لە میدیای ئازادو شەقام و گۆڕانخوازانی نیازپاك دەکەم کە بە توندی پڕۆتستۆی ئەم دەسبردنە ئابڕوبەرانە یە بۆ سامانی گشتی وڵات بکەن و نەهێڵن ئەم هەڵە گەورەیە تێپەڕێت .
ئەگەر ئەم پارەیە ڕەت نەکرێتەوە و بەسەر گۆڕان و ئیسلامییەکاندا تێپەڕێت دەر دەکەوێت شینیان بۆ حوسەین نەبووە ، بەڵکو بۆ هەریسەکە بووە.