دابەشبوون لەدژی خۆت بۆخۆی دۆزەخێکە و شەڕکردن لەگەڵ خۆتدا بۆ خۆی عەزابێکی بەردەوامە ، تۆ خۆت لەگەڵ خۆتدا لەئاشتیدا نیت ،کاتێک مرۆڤێک لەگەڵ خۆیدا لەئاشتیدا نییە ، هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگادا لەئاشتیدابێت .
هیچ کەسێک خۆی نییە ، هەمووکەس هەوڵدەدات خۆی بشارێتەوە ، بەدەمامک و تەمسیل و درۆو دەلەسە ، خۆی بشارێتەوە،چونکە شەرم لەوەدەکات کەخۆی نییە ، ئێمە ئەم دنیایەمان کردووە بەبازاڕێکی دزێو ، نەک باخێکی جوان تا هەرکەسەو گوڵی خۆی تیابۆنبکات . لەڕاستیدا ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە ناشرینترین جۆری کۆمەڵگایە ، چونکە هەمووانی ئازار داوە .
ئێمە هیچ لەبارەی نائومێدی ، شپرزەیی ، پەرێشانی ، خەم و خەفەت ، دڵەراوکێ ، بێهودەی باسێکمان نییە ، دەڵێ بۆ ئەوە لەدایک بووین تا لەجێگەی هەموو مەینەتێکان سواڵ و دەروەزەکردن ببێتە تەواوکەری ڕێگەکەمان .
ئاخر نان دەگۆڕین بەحاڵەتی زکر وپێمان وایە لەبەر ئەوەی ڕێوڕەسمەکانمان و ئەرکەکانمان جێبەجێ کردووە کەواتە مرۆڤ گەلی هوشیارین ، بۆیە لەبەر خۆمانەوە دەڵێین :" مویەک لەبەراز بێتەوە هەرباشە."بۆنانی سەرۆک وەرنەگرم ؟
کەسانی دیندار هەمیشە لچیان داوە بەیەکدا ، کەسانێکی غەمگینن و ترس برسکی لێبڕیوون ، کەسە دیندارەکان هەر خۆیان غەمگین و تۆقیو نین ئەوان لەدڵی خەڵکیشدا خەم دەچێنن ، بۆیە ناتوانن تەحەمولی خۆشی و شادی خەڵک ببینن ، لەهەر جێگەیەک دەرک بەشادی خەڵک بکەن ، ئەوان بەپلان تێکی دەدەن ، چونکە دوژمنی هەمووخۆشیەکی خەڵکن .
ئێستا خەڵکی ئەو هەرێمە لاقەکراوەی ئێمە هێندە شکۆ شکێنراون هێندە بێتاقەت و بێحەوسەڵەن
بیردەکەنەوە بەمردنیشیان هیچ ڕوونادات .
نان بەخشینەوە واتە سواڵ ، هەمووسالێک لەکاتی ڕەمەزاندا نیشتمانی ئێمە پڕدەبێت لەلەشکرێک مرۆڤی بوردەڵە ، لەڕێگەی هەستکردن بەتاوان و دزی و بەدیانەوە ،دەست دەکەنە نمایشێکی ناشرین لە بەخشندەیەکی ناچیز تا کەم و کوڕی و تاوانەکانیان پەردە پۆش بکەن .
سەرۆک کە ئەم تیتڵەی لەخۆی ناوە دەبوو لەوە بگەشتایە کە ژیان یاریەکی گەردوونییە ، نەک بزنس و خۆ نواندن و خێر بەگەلێک کە نیشتمانەکەت هەراج کردبێت . جوانی ژیان لەوەدایە ،کەهیچ ئامانجێکی تێدانییە ، بەڵام ئەوانەی سیاسەت بۆتە پیشەیان هەناسەش بەئامانجەوە دەدەن ، ئێمە تەواوی دەبەنگی گەمەکە دەبینین ، بەڵام دەبێت باسی بکەین چونکە بیری خەڵکی بێنینەوە ، ئەو نانەی کە وەری دەگری بەبەلاش و ژەمێک تێرت دەکات ، هەڵکێشراوە لەزەهرو خوێن ، ئاخر سەرۆک بەدرێژای ٨٠ساڵ فلسە سورەیەکی بەرهەم نەهێناوە ، بڵێ ئەم خێرەی بەپارەی ئاشبەتاڵ قەرەبووبکاتەوە؟
ئێوە بە چ شەرمەزاریەکەوە لەسەر هەمان خاک کە هەراجتان کردوە ، خێر دەکەن ؟
چ خوایەک خێرێکی قبوڵە کە لەخوێن و دزی و فرۆشتنی شکۆ و مرۆڤ و خاک و ژینگە بەرهەم هاتبێت؟
ئەمانە کاتێک سەرنج و بایەخی خۆیان لای خەڵک لەدەست دەدەن ، کەسایەتیان بەرەو وونوون دەڕوان ، بۆیە دواتیریان دەهاون دەشزانن کە لەنیشانەکە نادات ، بەلام لەکەناڵەکانەوە کۆمەڵێ ماستاوچی تڕۆ ترسنۆک و لەرزۆک ستایشیان دەکەن .
ڕۆژگارێک دێت کە زۆر نزیکە و گومانم نییە ، لە هیچ جێگەیەکەوە دیار نامێنن . نانیش بەخۆتانەوە ناشرین مەکەن ، چونکە لەجیاتی نان با قوتابخانەیەک ، باخچەیەک ، هێڵێکی شەمەندەفەر ، کتێبخانەیەک بەمیرات جێبهێڵن . من ئامۆژگاریت ناکەم چونکە ئێوەی سیاسی لەدوای وونبوتان ، ئیتر سەرنجی کەس ڕاناکێشن ، ئیتر ناو وێنەو قسە کۆمێدیاکانتان لەڕۆژنامەکاندا نامێنێ . ئەگەر ڕۆژنامەو کەناڵەکان لەماوەی چەند مانگێکدا ناوی هەرکەسێک لەبیر بکەن ، خەڵک ئەو کابرایەشیان بیر دەچێتەوە کە خۆی کربوو بە " ڕۆبین هودو" و نانی دەبەخشێوە .
سیاسێکان کە من دەزانم هزریان خاڵیە لەسیاسەت دەزانن سەرنج ڕاکێشان و خۆبیرهێنانەوە خۆراکێکی بێسنورە بۆ نەفس دابین کردن . بەڕاستی سەرۆک تۆ دەرۆزە دەکەیت لەڕاکێشانی سەرنجی خەڵک ، من بیرت دەخەمەوە سۆراخکردنی سەرنج و بایەخ پێدان یەکێکە لەلاوازێکانی مرۆڤ . هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خۆت نەناسیوەو هەست بەلاوازی ڕۆحت دەکەیت ، هیوات وایە لەبۆچونی ئەوانی تردا کەسایەتی خۆت بدۆزیتەوە. خۆت و نانەکەت .
سەرۆک ئەمە بەسەر زۆرکەسدا هاتووە، دەبوو بزانیت ئەوەی ئەم ئامۆژگاریەی کردوویت کە نان ببەخشیتەوە پەنگی پێداوی ، ئێستا تۆ کەوتویتە ناو قەیرانی شواناسی خۆتەوە . چەنێک جێگەی بەزەیت ؟
ئێستا ڕوولەخەڵکەکەم دەکەم خەڵکینەژیانێکی سەرکورتکراو پڕلە دەرۆزەکراوی شەقامەکان مەژین ، ئەگینا بەهیچ شێوەیەک ناژیت، ژیانی دەربڕین و ئەفراندنی خۆشی بژین گوێ بۆ غەریزە بەرزەکانی ناختان بگرن ، ژیان نانی سواڵی ناوێت شکۆی دەوێت ، منداڵەکەت نانی ناوێت ئامێزی گەرم و باوکی شکۆداری دەوێت . پشت بەخۆت بببەستە ژیان بۆ کوێتان دەبات بۆ ئەوێ بڕۆن ، بەڵام لەبەردەمی نانەوخانەیەکی ئەتک کراودا دۆش دامەمێن، نانە کە تورکیەو ڕەنگە زەهری تێدابێت ، لەبیرت نەچێت ...!
رزگار رانگور پەیامی رۆژی نووسیوە